مەرگی مورسی؟!

سەردار عەزیز
19.06.2019

چەند هاوڕێیەک داوای ئەوەیان لێکردم کە لە سەر مەرگی مورسی قسەم هەبێت. کاتێک مەرگی مورسی شایستەی ئەوەیە کە قسەی لە سەر بکرێت کەواتە مەرگی مورسی، مەرگێکی ئاسایی نیە، لە هەمانکاتدا مورسی خۆشی کەسێکی ئاسایی نیە.

لێرەدا دوو جەمسەر لە ئارادان: یەکەم، فرە شوناسی من، لە هەمانکاتدا فرەشوناسی مورسی. وەک مرۆڤێک، مەرگی هەموو مرۆڤێک، لە بەر هەڵوێستی سیاسی جێگەی دڵتەنگیە. بەڵام ڕۆژانە خەڵکی لە بەر هەڵوێستی سیاسییان لە جێگای جیاوازی دونیادا دەمرن، بەڵام نابنە مایەی قسە لە سەر کردن لە دونیای ئێمەدا. کەواتە پرسەکە پرسی مرۆڤ و سزای سیاسی و هەڵوێستی مرۆڤانە نیە.

زۆر بوار و ڕوداو هەن لە دونیادا بەلای منەوە جێگای بایەخە، بەڵام هەست ناکەم جێگەی بایەخی مرۆڤی کورد بێت، بۆیە قسەی لە سەر ناکەم

لە هەمانکاتدا ڕۆژانە لە دونیادا ڕوداوی دژ بە مرۆڤایەتی ڕودەدات، نابێتە مایەی ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە بە شایستەی ئەوەی بزانێت کە قسەی لە سەر بکات، یان هەڵوێستی هەبێت.

لە لایەکی ترەوە زۆر بوار و ڕوداو هەن لە دونیادا بەلای منەوە جێگای بایەخە، بەڵام هەست ناکەم جێگەی بایەخی مرۆڤی کورد بێت، بۆیە قسەی لە سەر ناکەم. بۆ نمونە هاتنی بۆلسەناڕۆ لە بەرازیل بۆ من جێگەی بێزارییە، بەڵام هەست ناکەم ئەمە پرسێکی جێگەی بایەخ بێت بۆ مرۆڤی کورد، بۆیە لە گەڵ هاوڕێ بەرازیلی و پورتگالی و ئەوانیتردا باسی ئەم پرسە دەکەم.

ئەگەر مورسی وەک مرۆڤێک جێگەی بایەخ نیە، چونکە ڕۆژانە مرۆڤ دەمرن لە بەندیخانە و بەردەمی قەنارە و سزادان و برسیکردن زۆر دیاردەی تردا، کەواتە مورسی لەبەر هۆکاری تر جێگەی بایەخە. ئەم هۆکارەش ئەندامبونەیەتی لە پارتێکی سیاسی و ڕەوتێکی فیکری ئیسلامی، کە چەند دەیەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیای کوریدا بونی هەیە، کە ئیخوانە. کاتێک مورسی دەبێتە سیمبولی ئیخوان، ئەوا دەبێتە لە دونیا بینی ئیخوانەوە لیی تێبگەین بەرامبەر کورد.

مەرج نیە ئەوەی دژ بە خراپێک دەوەستێت باش بێت. دەکرێت دوو خراپ لە ململانێدا بن، ئەمەش دۆخی میسرە.

چەند ساڵێک لەمەوپێش پرۆژەیەکی بەرفراوان هەبوو کە چۆن ئیخوان ببنە هێزی سەرەکی بە دەوری دەریای ناوەڕاستدا، لە تونسەوە هەتا میسر و غەزە و سوریا و تورکیا. ئەم پرۆسەیە ئەگەر سەرکەتوبوایە تورکیای سەرکردایەتی دەکرد و دەچوە خزمەتی تورکیاوە. بە دڵنیایەوە بە هەمو شێوەیەک دژ بە کورد دەبو لە تورکیا و سوریا و عێراقیش. 

کەواتە وەک مرۆڤێک مەرگێکی ناشایستە مرد، وەک سیاسیەک نەدەبوو بەو شێوەیە ژیانی کۆتایی بێت، بەڵام وەک سیاسەیەک ئەگەر لە سەر دەسەڵاتدا بمایە، ئەوا بەشێک دەبوو لە پرۆژەیەک کە مەرگی هەزارەها کورد لای ئاسایی بو. 

بۆ ئیسلامیەکان زۆر مرۆڤانەترە کە بیر لە عومەر بەشیر بکەنەوە کە چی بە سەر هات و چۆن هەزارەها مرۆڤی بەدبەختی سودانی جینۆساید کرد.

مەرج نیە ئەوەی دژ بە خراپێک دەوەستێت باش بێت. دەکرێت دوو خراپ لە ململانێدا بن، ئەمەش دۆخی میسرە.



copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations