نوخبەی سیاسی کوردی و گرێی هەست بە کەمیکردن: هۆکاری لێکترازاندنی کۆمەڵایەتی

عەتا قەرەداغی
16.06.2019

ئایا بۆچی نوخبه‌ى سیاسی كوردى هۆكارى لێكترازاندنی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌؟ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تیدا حیزبایه‌تی ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی نوخبه‌ى سه‌ره‌وه‌ كه‌ خواست و ویستی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردنیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌شێ ئه‌و گرێیه‌ زۆر هۆكارى خێزانی ، په‌روه‌رده‌یی، ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، یان زۆرینه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ منداڵیدا رووبه‌ڕووى تووندوتیژى جۆراو جۆرو ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر بوونه‌ته‌وه‌، یان له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كانی ژیانی منداڵی و لاوێتیدا دووچارى شكست هاتوون.. شكست له‌ خوێندندا، شكست له‌ په‌یوه‌ندى سۆزداریدا، شكست له‌ ژیانی خێزانیدا.. په‌نابردن بۆ سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی وه‌كو رێگایه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردنه‌یه‌.. مرۆڤی خاوه‌ن گرێ مرۆڤێكی نائاساییه‌، زۆربه‌ى كات هه‌ڵگرى رق و كینه‌و گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ى نوخبه‌ى حیزبی و سیاسی مرۆڤی تووندو تیژن و خۆپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رستن و له‌ مامه‌ڵه‌یاندا نائاساین و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى گرێی هه‌ست به‌كه‌میكردن و كه‌موكورتیه‌كانیان و سه‌لماندنی بوونی خۆیان زۆر رێگاى نادرووست له‌به‌رده‌گرن.. هه‌روه‌ك ئه‌م جۆره‌ كه‌سه‌ خاوه‌ن گرێیانه‌ به‌رده‌وام له‌ یه‌كێتی و یه‌كبوون و دۆستایه‌تی و هاریكارى ئه‌وانی تر ده‌ترسن و هه‌موو لێكتر نزیكبوونێكی نێوان ئه‌وانی تر به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر بوونی خۆیان ده‌زانن.

زۆرێك له‌ كێشه‌كانی نێوه‌ندى سیاسی و حیزبی كوردى ده‌رهاوێشته‌ى ئه‌م گرێی هه‌ست به‌ كه‌یكردنه‌یه‌.. ده‌شێ تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردن ته‌سامی ( بڵندبوون ) به‌و بارى هه‌ست به‌ كه‌یكردنه‌ بكات و بنیادى كه‌سێتی خۆى به‌ شێوه‌یه‌كی به‌هێز بنێت و ئه‌و گرێیه‌ ببێته‌ پاڵنه‌رى هه‌ڵكشان و سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت ئه‌م باره‌یان له‌ ناوه‌ندى نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی كوردیدا رووینه‌داوه‌. به‌ڵكو ئاراسته‌ى باڵاده‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردن لاى نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی كوردى ئه‌وه‌نده‌ى ترى ئه‌و نوخبه‌یه‌ى به‌ شكستخواردوویی و به‌ لاوازیی پێشكه‌شكردووه‌. به‌ تایبه‌تی هۆكارى لاوازبوونی ئه‌م نوخبه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی غه‌یرى كوردا و تووندوتیژ له‌به‌رامبه‌ر ناوخۆدا ئه‌و گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردنه‌یه‌.. كه‌ ئه‌م ره‌فتارو هه‌ڵس و كه‌وته‌ش بووه‌ته‌ هۆى پشێوى و ئاژاوه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی و لێكترازانی كۆمه‌ڵگه‌ چونكه‌ ئه‌م نوخبه‌یه‌ له‌ رووى ده‌روونیه‌وه‌ هه‌میشه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ زیاترین رووبه‌رى كۆمه‌ڵگه‌ بكات به‌ هاوبه‌شی خه‌مه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆى.

ئه‌وه‌ى لاى نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی كوردى به‌ جیاوازى حیزبه‌كانیان و به‌ جیاوازى ئایدیۆلجیایانه‌وه‌، چه‌پ، راست، ئیسلامی، به‌ناو سیكیولار، میانڕه‌و، تووندڕه‌و.. به‌گشتی له‌م خاسێتانه‌دا هاوبه‌شن. واته‌ نوخبه‌یه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ئاشكرا نه‌خۆشن

 
هه‌ر لێره‌وه‌یه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ى حیزبی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا له‌برى ئه‌وه‌ى په‌روه‌رده‌ى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بێت به‌ گیانی باوه‌ڕبوون به‌ یه‌كێتی و یه‌كبوون و داننان به‌ جیاوازى و یه‌كتر قبوڵكردندا، بریتیه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ى حیزبی به‌ گیانی رق و كینه‌و دژایه‌تیكردنی ئه‌ویترو په‌روه‌رده‌كردن له‌سه‌ر بنه‌ماى ستراتیژى بۆ ئه‌وه‌ى من هه‌بم، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ هه‌بین ده‌بێ تۆو ئێوه‌و هه‌موو ئه‌وانی تر بسڕینه‌وه‌.. بێگومان ئه‌م تێڕوانینه‌ش تێڕوانینێكی نه‌ك هه‌ر نا نه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانیه،‌ به‌ڵكو تێڕوانینێكی دژه‌ مرۆڤایه‌تیشه‌.. هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێن: ئه‌و مرۆڤانه‌ى كه‌ گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردنیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌سامی به‌و گرێیه‌ نه‌كه‌ن، وه‌كو تاكه‌كه‌س مرۆڤى ئه‌گرێسیڤ – عدوانی- ده‌رده‌چن.

ئه‌وه‌ى لاى نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی كوردى به‌ جیاوازى حیزبه‌كانیان و به‌ جیاوازى ئایدیۆلجیایانه‌وه‌، چه‌پ، راست، ئیسلامی، به‌ناو سیكیولار، میانڕه‌و، تووندڕه‌و.. به‌گشتی له‌م خاسێتانه‌دا هاوبه‌شن. واته‌ نوخبه‌یه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ئاشكرا نه‌خۆشن. هه‌ربۆیه‌ ناتوانن ته‌جاوزى هیچ گرفت و كێشه‌یه‌ك بكه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كتر وه‌كو مرۆڤى ته‌واو دابنیشن و گفتوگۆبكه‌ن چونكه‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌یه‌ك پێویستی به‌ لێبووردن و چاوپۆشیكردن له‌ هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی به‌رامبه‌ر هه‌یه‌. دیاره‌ ئاشكرایه‌ مرۆڤى خاوه‌ن گرێی هه‌ست به‌كه‌میكردن ناتوانێت له‌ هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی ئه‌وانی تر ببوورێت چونكه‌ هه‌ست ده‌كات هه‌ر لێبووردنێك قه‌باره‌ى گریێ هه‌ست به‌كه‌میكردنه‌كه‌ى خۆى زیاترو گه‌وره‌تر ده‌كات. ئه‌م نوخبه‌ سیاسی و حیزبیه‌ى كوردستان ئه‌وا نزیكه‌ى شه‌ست ساڵه‌ له‌ كێشه‌دان و كۆمه‌ڵگه‌شیان له‌ كێشه‌كانی خۆیانه‌وه‌ ئاڵاندووه‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆى تێكچوونی شیرازه‌و لێكترازاندنی كۆمه‌ڵگه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ململانێ و ناكۆكیه‌كان له‌ كوردستان نه‌ له‌سه‌ر جیاوازى به‌رنامه‌یه‌، نه‌ له‌سه‌ر جیاوازى تێڕوانین و ستراتیژه‌ بۆ ئاینده‌ى كوردستان، نه‌ جیاوازى گوتارى سیاسیه‌، به‌ڵكو به‌ پله‌ى یه‌كه‌م ناكۆكیه‌كان ده‌رئه‌نجامی بوونی نوخبه‌یه‌كی سیاسی و حیزبیه‌ كه‌ پاڵنه‌رى بوونیان به‌ حیزبی و بوون به‌ سیاسیان زیاتر له‌ هه‌ر مۆتیڤێكی تر گرێی هه‌ست به‌كه‌میكردن و هه‌وڵدانیانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردنه‌.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations