ئەمریکا سیاسەتی سوریا لە ئیران دووبارە دەکاتەوە؟

ئارام هادی
16.06.2019

گه‌ر هات و ئەمریکیەکان سیاسەتی سوریایان لە ئیران دووبارە بکەنەوە، ئەوا تەمەنی کۆمارە ئیسلامیە 40 ساڵیەکە لە کۆتاییدایە، پێش دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لەساڵی 2011دژی بەشار اسد، ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی لە سیاسەتی ئەو وڵاتە نەبو، بەڵام ئێستا بەهۆی کوردەوە ئەمریکیەکان بەهاوبەشی لەگەڵ ڕوسیا قسەکەری یەکەمن لە دەستنیشانکردنی چارەنوسی ئایندەی سوریا، دیوی شاراوەی شۆڕشەکەی سوریا ئەوەبو، سوریای پێش جەنگ یەکێک بو لەو وڵاتانەی، هاوبەشی بە ئەمریکا نەكرد لە بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانیدا و گوێ لەمستی یەکەمی ڕوسیابو.

ئیرانی ئێستا هاوشێوەی سوریای پێش جەنگ بچوکترین ڕۆڵ بە ئەمریکا نادات لەبەڕێوەبردنی وڵاتەکەیدا، تەنانەت لە دەستوەردانی دەرەكیشدا پرس بە ئەمریكا ناکات، هاوکات لەدژی ئەمریکا هاوپەیمانی (ڕوسیا و چین)یشە لە زۆر بواردا.

ئه‌مریكا به‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی سه‌ربازی یا به‌هاری ئیرانی پشێوی له‌و وڵاته‌ دروست بكات، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ هه‌رجۆرێك بێت، ڕێگه‌ له‌ په‌لهاویشتنی ئیران بگرێت و سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بخاته‌وه‌ ناو تاران

گەر ڕوسیا لەسەردەمی حوکمڕانی گۆڕباچیۆڤدا خۆری ئاوابوبێت، ئەوا لەسەردەمی پۆتیندا لەپاڵ سیاسەتی نەرمی چین دژی ئەمریکا خۆری لە هەڵهاتنە، ئەمریکیەکان باشتر له‌هه‌ركه‌س درک بەم ڕاستیەدەکەن، له‌پاڵ مه‌یلی پاوانخوازی ئه‌مریكا و فشاره‌كانی ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو له‌سه‌ری بۆ لێدان له‌ ئیران، به‌شێكیتری به‌ له‌ناو بردنی په‌ل و پۆی ڕوسیایه‌ له‌ناوچه‌كه‌، ئیرانیش ده‌وڵه‌تێكه‌ (به‌قه‌د نزیكیه‌كه‌ی له‌ ڕوسیا دووره‌ له‌ ئه‌مریكا)، ئه‌مانه‌ش واده‌كه‌ن ئه‌مریكا به‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی سه‌ربازی یا به‌هاری ئیرانی پشێوی له‌و وڵاته‌ دروست بكات، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ هه‌رجۆرێك بێت، ڕێگه‌ له‌ په‌لهاویشتنی ئیران بگرێت و سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بخاته‌وه‌ ناو تاران و فه‌رمانه‌كانیشی له‌ناو خۆی ئیران جێبه‌جێبكرێت.

ته‌سلیمبونی ئیران به‌سیاسه‌ته‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مریكیه‌كان ده‌یانه‌وێت، له‌گه‌ڵ واقعدا نایه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات گۆڕانكاری له‌ ئیران ڕووبدات، به‌ جه‌نگی ڕاسته‌وخۆبێت یا به‌ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری، ئه‌مریكا ئیرانێكی به‌م جۆره‌ی ئێستا ناوێت، یاهه‌موو ئیرانی ده‌وێت، یا دوای ئاڵۆزی دروستكردن به‌ هاوشێوه‌ی سوریای ئێستا به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ڕوسیا به‌ڕێوه‌ی به‌رن و له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا بڕیار له‌چاره‌نوسی بده‌ن.

له‌م ئالو گۆڕه‌شدا سود مه‌ندی سه‌ره‌كی كورد ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌نده‌ به‌وه‌ی تاچه‌ند حزبه‌ كوردیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌بری شه‌ڕی ناوخۆیی پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش كۆیان كاته‌وه‌، وه‌ دووركه‌ونه‌وه‌ له‌وه‌ی كێ ڕۆڵی ئه‌نه‌كه‌سه‌ ده‌گێرێت، پێكه‌وه‌ ڕێگربن له‌ هه‌ر جۆره‌ هێرشێكی ئه‌و گروپانه‌ی كه‌ دوای ئاڵۆزی و به‌پشتیوانی ده‌ره‌كی له‌ ئیراندا دروست ده‌بن، ئه‌مریكیه‌كانیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌پله‌ی یه‌ك پشت به‌ هێزه‌ كوردیه‌كان ده‌به‌ستێت، به‌ڵام به‌م پێكهاته‌ و سیاسه‌ته‌ی ئێستای حزبه‌ كوردیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات نا.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations