ته‌تویجی نێچیرڤان بارزانی و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار له‌ناو خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌یدا

ئاراس فەتاح
11.06.2019

ڕێكخراوی „كۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ“ IGFM، له‌ ساڵی 1972وه‌ له‌ فرانكفۆرت ده‌مه‌زراوه‌ و ئامانجی به‌رگرییكردنه‌ له‌ مافه‌كانی مرۆڤ. كاتێك له‌ ساڵی 2011دا (كیم یۆنگ ئیل) سه‌رۆكه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی كۆریای باكوور مرد، ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌دوای دیكتاتۆرێكی تردا ده‌گه‌ڕا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رێكخراوه‌كه‌ ریكلامێكی ته‌نزئامێزی به‌ناوی „هه‌لی كار بۆ دیكتاتۆرێك“ بڵاوكرده‌وه‌. ده‌قی ریكلامه‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ داڕێژرابوو:

هه‌لی كار بۆ دیكتاتۆرێك
ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكی بچووكین له‌ باكووری نیمچه‌دورگه‌ی كۆریا كه‌ له‌لایه‌ن خێزانێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت. مێژووی درێژی كه‌له‌پووری‌ سیاسیی ئه‌م خێزانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1953.
حكومه‌ته‌ دیموكراسیی و گه‌لدۆسته‌كه‌مان له‌ شاری (پیۆنگیانگ)، له‌ به‌رواری 29.12.2011وه‌ به‌دوای دیكتاتۆرێكی به‌توانادا ده‌گه‌ڕێت.

ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌زموونێكی دوورودرێژی 
• چه‌پاندنی ئازادیی ڕاگه‌یاندن،
• برینداركردنی مافی مرۆڤ،
• ئه‌شكه‌نجه‌دان‌ و كوشتن و ڕاونانی ئه‌و كه‌سانه‌ت هه‌یه‌ كه‌ بیركردنه‌وه‌ی جیاوازی سیاسیی و ئایینییان هه‌یه‌،

بزانه‌ تۆ ئه‌و كه‌سه‌یت كه‌ ئێمه‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێین.

گه‌ر ده‌تانه‌وێت له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كه‌شی دۆستانه‌ی كاره‌كانمان بن، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌ین له‌ژێر ئه‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه‌دا زانیاری زیاترتان بخه‌ینه‌به‌رده‌ست

هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ بچوكانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ ساڵانێكه‌ خێزانێكی سوڵتانیی به‌ڕێوه‌یده‌بات. مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌م خێزانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1946. رێسای هه‌لی كاری سه‌رۆكایه‌تیی له‌ كه‌له‌پووری ئه‌م خێزانه‌دا واڕێكخراوه‌ كه‌ ته‌نها به‌مردنی سه‌رۆكه‌كه‌ی كه‌سێكی تری خێزانه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت. به‌ڵام پاشئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌ی پێشویان به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ شكستی سیاسیی هێنا و به‌ فشاری ده‌ره‌كیی ناچار بوو ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بێت، له‌ 10.06.2019وه‌ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی و برازای سه‌رۆكی پێشوو، به‌سه‌رۆكی نوێی هه‌رێم ته‌تویجده‌كرێت.

ئه‌م سه‌رۆكه‌ نوێیه‌ش له‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵییه‌وه‌ ژیانی سیاسیی له‌ پۆستی جێگر و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تدا به‌سه‌ربردووه‌. نێچیرڤان بارزانی ته‌نها سێ ساڵ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بووه‌، باقی ته‌مه‌نی پۆسته‌ سیاسییه‌كانی كه‌ ده‌كاته‌ 17 ساڵ یان سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌ته‌كه‌ی پارتی بووه‌ له‌ كاتی دوو ئیداره‌یی، یانیش سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌ له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه‌. ته‌نها پشویه‌كی سیاسیی له‌م پۆسته‌یدا وه‌ریگرتبێت، دوو ساڵ بووه‌.

نێچیرڤان بارزانی به‌ یه‌كێك له‌ دڵسۆزترین و لیبراڵترین كه‌سایه‌تی ناو خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌ی پارتی ده‌ژمێردرێت. لێهاتوویی و دڵسۆزییه‌كانی ئه‌م سه‌رۆكه‌ نوێیه‌ش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سوڵتانیی‌ خێزانه‌كه‌ی زۆرن، تازه‌ترین و ناودارترینیان له‌سه‌رده‌می پۆسته‌ كۆنه‌كه‌ی بوو، كاتێك سه‌رۆكوه‌زیران بوو. نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌كانی 2018دا، له‌وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسێكدا له‌سه‌ر پرسی ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ هێزه‌كانی ئاساییش و پۆلیس، هه‌ندێ كه‌س به‌ جلی مه‌ده‌نییه‌وه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختدا به‌ بۆكسخه‌نجه‌ر و ئه‌بوئه‌ڵقه‌ هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر مامۆستایانی مه‌ده‌نیی خۆپیشانده‌ر و چه‌ندینیان برینداركردوون، ئێوه‌ چیتان كردووه‌ بۆ ڕێگرییكردن له‌م كاره‌؟ ئه‌ویش به‌م ده‌قه‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌: „ئێمه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئاژاوه‌دروستكردن له‌ وڵاتی خۆمان و له‌ شاره‌كانی خۆمان، هه‌موو ڕێگاكان ده‌گرینه‌به‌ر“.

ئه‌م مۆدێله‌ له‌ ته‌تویجی سیاسیی ئه‌ندامانی ناو خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات درێژه‌ی ده‌بێت، چونكه‌ هه‌لی كاری سیاسیی گه‌وره‌ ته‌نها بۆ ئه‌وان حیجزكراوه‌ و حیزبه‌كانی تریش ته‌نها وه‌زیفه‌ی به‌یعه‌تپێدانیان پێدراوه‌.

به‌ بۆنه‌ی مه‌راسیمى سوێندخواردنه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانییشه‌وه‌ كه‌ به‌ هاوكاریی دڵسۆزانه‌ی خێزانێكی كۆنه‌ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له‌ په‌رله‌مان به‌یعه‌تی پێبه‌خشرا و له‌ ده‌نگدانێكی دیموكراسییانه‌ی ئاشكرادا به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرا، به‌یانیش به‌ مه‌راسیمێكی سوڵتانییانه‌ ته‌تویجده‌كرێت، هه‌روه‌ها به‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌دیب و ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندانه‌ش پێشكه‌شه‌ كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ ڕووداو نازانن تاوه‌كو قسه‌ی له‌سه‌ربكه‌ن.

مه‌ترسیی بۆ سه‌ر كولتووری به‌رگریی له‌ وڵاتی ئێمه‌دا له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ چ كولتووری سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن و چ كولتووری هونه‌ریی و رۆشنبیریی باو، بگه‌نه‌ ئه‌و قۆناغه‌ مه‌ترسییداره‌ی لاساییكردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ مه‌یموونه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌: هیچ نابینم، هیچ نابیستم، هیچ ناڵێم.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations