یەکەمجار کە ناوی نێچیرەڤان بارزانیم بیست

ماجید خەلیل
11.06.2019

نێچیرەڤان بارزانی بوویە دووم سەرۆکی هەرێمی کوردستان. یەکەمجار کە ناوی ئەوم بیست گرانی بوو. نەوەی نوێ گرانییەکەی بیرنەماوە. باسی ناوەندی نەوەدەکان دەکەم. عێراق لە گەمارۆیەکی گەرمی گیانکێشاندا بوو. کیلۆیەک رۆنی بەستوو، یان کەلە شەکرێکی پێچراو لە کاغەزە سپییەکە بایی گورچیلەی مرۆڤێک بوو. لایەکی ئەو دەشتی شارەزوورە بەشوێن دەڕاسەوە بوو گوڵەچنییان دەکرد. نیوەی کورد ئاوارەبوو، لەژێر کەپرەبرنجیدا بوو، چاوەڕێی لوقمەیەک نانی تەحالوف بوون.

 تەحالوف لە لەتکەنۆک و کەمپوتی فاسۆلیاوە تا گوێدرێژوو پەتو!، لە لایلۆنە شینەکەوە تا پسکیتی دەماوەند تەوزیعی دەکرد.

 ئەو ڕۆژانەم لەبیرە. وشکەساڵی بوو، کابرایەک تەڵاقی خستبوو تاخەڵکی فڵانە گوند تەماشای ئاسمانکەن نمێ باران نابارێت. ئەو رەزو باخ و جاڕەنۆک و نیسکەیش کە هەبوو رەوە کولەو سون تێیدابوون.

 زۆر سەیربوو. جەنگی ناوخۆیش بوو. شەڕەپەڕۆیش بابووەستێ. ئێمە زاڕۆ بووین. هەبوو وێنەی مەسعودبارزانی ئەوەی کەتافییە قاوەییەکەی لەبەردایەو دەستی خستووەتە بن کەلەکەی بەسەر سنگییەوە هەڵواسیبوو، هەشبوو وێنەی مام جەلال، ئەوەی پەنجەی شایەتومانی رادەوەشێنێ و دەڵێ یاکەرکوک و خانەقین یا تاماوین دەجەنگین. هەشبوو وێنەی ساڵح یوسفی، ئیتر لە مەحمود عوسمانەوە تا مەلا عوسمان وێنەی بەر بەرۆکمان دەبینی. 

لەبیرمە عەینەدینیان هێنابوو بەمدیوا، دەفێکی پێبوو، ئەوکات گوڕێکی تیابوو، لەمەقەڕەکاندا یەک دوو بیرەیان پێدەدا ئیتر حەشری دەکرد. ئای چ بەندێکی دەوت بە بەژن و باڵای حسکدا. ئەدەبیاتی ئەو سەردەمە لە پۆستی فەیسبوک زیاتر بڵاودەکرایەوە. زۆر سەیر بوو، خەڵک بەو وشکە ساڵییە تینووی ئاو نەبوون، تینوی بەندێکی عەینەدین بوون. ئەها کە دەیوت نەکۆترم نەمەلم پێشمەرگەی پارتی گەلم، ئەها کەدەیوت جامانە سوورو قاتی کەتافی، ئەها جا چی نەدەوت. لەیادەوەری منداڵی مندا چەند چەمکێک چەسپابوون. بۆنموونە. قڵیشایەوە، مەبەست جەنگی دوو بارەگای حزبی بوو، یان فەرهوود، مەبەست ئاودیوی دامەزراوەکانی میری بوو بۆ ئەودیو. یان ئاخچەم، مەبەست ئەو لۆرییە بوو شمەکی دەگواستەوە بۆ ئەودیو. یەکەمجار کە ڕەنگەکانم ناسی، وەک شوناسی پارتەکان ناسیمن. یەکەمجار کە رەنگم بینی، پەڕۆی شین وزەردو سەوزو سوری پێچراو لەدەمانچەی بەرپشتوێنەکانی جەنگی ناوخۆ بوو. یەکەمجار کە گوێم لە وتار و هاواری رادیۆکانی کورد گرت، باسی کڵاوقاسم و زیارەت ودێگەڵەو ئەم ناوانەم بیست. لەوکاتانەدا، لەناو سحری ئەو مەشهەدانەدا، لەناو ئاپۆرای تەرمەکانی جەنگی ناوخۆو پرسەی کۆڵانەکاندا، لەناو لافیتەی رەشی جەوانانی جەنگی ناوخۆدا، لەناو قەسوەت و قینی دوو دراوسێدا کە شیریان بە منداڵی یەکتری دابوو، وەلێ یەکیان ببوویە پارتی و ئەویان ببووە یەکێتی، دروست لەو شەوەزەنگەدا، دروست لەو مەشهەدانەی یەکەم   هەناسەی ئازادیدا، دروست لەو شانازییەی شۆڕش و شەهامەتی ئەو سرودەی کە مەرزیەی فەریقی بەباڵای پێشمەرگەدا دەیوت، سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ئومێدی مەت پێشکەش.  لەو رۆژانەدا کەئومێد باری کردبوو، لەو رۆژانەدا کە ئومێد تەرا بوو، لەو رۆژانەدا کە ئومێد ئایندەیەکی کوێرو کەڕبوو. ئێمە گوێمان لە ناوێکی نوێ بوو. نێچیرەڤان بارزانی. زانیم کوڕی ئیدریس بارزانییە. ئیدریس بارزانی رۆژ نەبوو ناوی نەبیستم، چوون بەردەوام لەدووای هەموو وتارێکی کامەران خەفاف دەوترا سڵاو بۆ شەهیدانی کوردستان،سەروەریان بارزانی نەمرو کاکە ئیدریسی جوانەمەرگ!

 مادام ئەم ناوە نوێیەی زیهنی من کوڕی ئیدریس بارزانی بوو، ئیتر وەک ناوەکانی تری ناو شۆڕش بەسانایی هەزمکرا، دوواتر زانیم منێکی بەدبەختی پشت دەڕاسەی گوڵەچنی هیچم لەبارەیەوە نەبیستووە. ئەو نەوجەوانی خۆی قەیرێ لە کەرەجدا بووە. دەڵێن قژی لەسەر شانی بووە، دەڵێن جیبێکی سەربەتاڵی پێبووەو بە چەپو ڕاستدا هاتووەو چووە. ڕەنگە سەخترین ساتی ژیانی مەرگی چاوەڕواننەکراوی بابی بووبێ. پاش ئەوە خۆشەویستی خەبات و شۆڕش دەستیانگرتووە بۆ ناو سیاسەت و کۆتایی هەشتاکان کە بیست ساڵێ بووە بووەتە مەکتەب سیاسیی. ڕاستە خانەوادەیەکی خەباتکارن، نسکۆی ئەیلول مەرارەت و مەرگی نیشانداون، مەرگی مەلامستەفای باپیری کە ئەو سیازدە ساڵ بووە تەزاندویەتی، هەموو ئەمانە بایی ئەوەن کە مرۆڤێکی دنیا دیدەی لێدەرچێ. ئەو ئەستێرەی بەختی لە دامەزراوەکانی هەرێمدا گەشایەوە. بوویە جەوانێکی کاربەدەست. بوویە سەرۆک وەزیران، ساڵانێکەو کابینە لەدووای کابینە مایەوە. رەنگە ئاسان نەبێ لەم هەرێمە پڕ قەیرانەدا سەرۆک بیت. نازانم مەگەر چەند پەراسویەکت لە ئومەتی موحەمەد زیاتر بێت بتوانی سەرۆکبیت و ڕێگەی کەلار دەربەندیخان وابێ، بتوانی سەرۆکبیت و بێکاری لەم هەرێمە دانیشتوان کەمەدا هێندەی پاکستان بێ، بتوانیت سەرۆکبیت و بەسەر دەشتی شارەزووو زاخۆدا بەیانیان ماستی مالیزان بخۆیت، بتوانیت سەرۆکبیت و بەسەر دەریای نەوتدا دار بەڕووی بنارەکان ببڕیتەوە بۆ سۆپای دار، بتوانیت سەرۆکبیت و دڵنیانەبیت پاراسیتۆڵێ لە دەرمانخانەیەکی لاکۆڵاندابکڕیت، بتوانیت سەرۆک بیت و پاسپۆرتەکەت نوێکردبێتەوەو سەفەرێکت نەکردبێ، بتوانیت سەرۆکبیت و سێ ساڵ روبعە موچەت دابێ. بتوانیت سەرۆک بیت و وڵات؟سایلۆیەکی تیانەبێ، بتوانی سەرۆک بیت و سوپای نیشتیمانیت نەبێ. بەڵێ ئێستا نێچیرەڤان سەرۆکە، نەک سەرۆک وەزیران، سەرۆکی هەرێمە، ئێرانییەکان دەڵێن بەچەی ئێمەیەو لێرە لەدایک بووە، تورکیا پێی شاگەشکەیە، لە هەولێردا گای بۆسەربڕاو لە کەرکوکدا چەند پەڵەگەنمێکی تر سوتان و لە سلێمانیدا مێشێ میوان نەبوو، لە هەولێردا سەردارانی تورک میوان بوون.  گرنگ ئەوەیە ئەو سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لەوەگەڕێن چی سەرۆکی دونیایە کەدەبنە سەرۆک دووای دووساڵ تاڵێ رەش لەسەریان نامێنێ، لەوەگەڕێ ئەو هەمیشە گەنجەو بریسکەی دێ، ئەو زەنگینێکی دیاری رۆژهەڵاتەو ئەو منو تۆ و هیچ لاوێکی ئەم وڵاتە ناتوانێ لە دوریشەوە بیبینێ، لەوە گەڕێ بڕوانامەی نییە، بەس لەوە مەگەڕێ یانی چی لە هەرێمێکداین  پاشایەتی نیە، وەک ئال سعود و ئال سەباح و ئال هاشم و ئال زاید و ئال قابوس، کە مادام بابی سەرۆکە بن سەلمان و بن حسێنەکان دەبنە سەرۆک. چون ماڵباتی وپاشایەتین، بەڵام ئێرە دیموکراتییە، لە ئێران دیموکراتی تر! کە بەسەر ئەو هەموو جەبەروتا کوڕی خومەینی نەبووە هیچ، بەڵام چ سیاسییەکی ئەکادیمی دەتوانێ تەفسیرێکی نەزمی سیاسی هەرێم بکا. من ناڵێم نێچیر شیاوە یان نا، کارایە یان نا، لەو باشتر هەیە یان نا، بەس دەڵێم سیستەمەکەمان چیەو چ جۆرێکە. بەس دەڵێم بۆ نابینە سیستەمێکی پشتاوپشت، رەنگە باش بێ، بۆنابینە پاشایەتی، ئەردەن بۆ خراپە. لەم موعەماو میتۆدە سەیرەیش رزگارمان دەبێ. بەڵام گەوجاندن بەم رادەیە، بەهیج زانینی چی تیۆری سیاسی دنیایە بەم رادەیە؟ جێگەی شەرمەزارییە بۆ مێژوی هێشتا لەدایک نەبووی کورد.

 ئاخر بۆیە کاتێک سەرۆک هەموومان قسەی لەسەر دەکەین، کەواتە دوورە لە هەموومان. کاتێک هەموومان قسە لەسەر سیاسەت دەکەین، کەواتە سیاسەتمان سفرە. کاتێک گاجوتێک بۆ سەرۆک سەردەبڕین، کەواتە چی گاجوتی سەرنەبڕاو هەیە ئامادەن وەک گا بژین و نەبنە قوربانی ئەو.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations