حیزبەکان کێ دەنێرنە حکومەت؟

ئەحمەد میرە
01.06.2019

هیچ کاتێک پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرنامەی چاکسازیی و ئەو پرۆگرامە سیاسییە نەبووە، کە حیزبەکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەنگیان پێ کۆکردووەتەوە. واتا سەرەڕای ئەوەی کابینەکانی حکومەت بەرئەنجامی گەڕەلاوژێی بارودۆخی سیاسیی هەرێم بوون، پێکهاتەکەی لەسەر بنەمای ئاوەزمەندیی سیاسیی ناو گروپە دەستڕۆیشتووەکانی حیزب بووە. بەکورتیی حکومەتی هەرێم نە بەرنامەی هەبووەو نە ئەو کەسانەیشی کە پێکهێنەری سەرەکیی بوون کەسانی تەکنۆکرات و خاوەن بەرنامە بوون. لە هەندێک باردا چەند کەسێک ئەگەر لە ناو کابینەکانی حکومەتی هەرێمدا خاوەنی دنیابینیی تایبەتی خۆیان و پرۆژەی چاکسازیی بووبن، یان بەرگەیان نەگرتووە، یاخود دواجار پێکهاتەی حکومەت ئەوانیشی هاڕیوەو کردوونی بە بەشێک لە سیستەمە خرابەکە. 

پارتیی کێ دەنێرێت بۆ حکومەت؟

دەستی پارتیی لە پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەتدا کەشفە، چونکە پارتیی دەیەوێت بە ناوی هێنانە پێشەوەی دەموچاوی نوێ و گەنجەوە حکومەت بکاتە بارەگایەکی سەرەکیی دەستگای پاراستن، نەک ئەوەی دەستگای پاراستن بەشێک بێت لە حکومەتی هەرێم. ئەو ناوانەی، کە دزەیانکردووەتە ناو دەستگاکانی ڕاگەیاندنەوە و پارتیی دەیەوێت بیانکات بە وەزیر، لە خرابترین ئەو دەموچاوە ئەمنییانەن، کە ساڵانێکی زۆرە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی شێرپەنجەی ئاسایشین لە هەرێمدا. لە دەست و پێوەندە هەرە دڵسۆزەکانی مەسروور بارزانین. ئەگەر بێت و نێچیرڤان بارزانیی ڕۆڵی لە دانانی وەزیرەکاندا سفر بێت، ئەوە بێگومان کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم بێ سێ و دوو لێکردن دەبێتە نێچیرێکی دەستەمۆی دەستگای پاراستن و هەر چشتێکیش بەم فلتەرە ناشیرینەدا تێنەپەڕێت، ئەوە بێگومان نە جێبەجێدەبێت و نە دەبێتە بەشێک لە ئەجێندای حکومەتی هەرێم.

یەکێتیی کێ دەنێرێت بۆ حکومەت؟

نەخۆشیی یەکێتیی بۆ ناردنی کاندیدەکانی بۆ حکومەتی هەرێم لە هیی پارتیی کەمتر نیە. ڕاستە ئەو کەسانەی، کە یەکێتیی پێشنیازی کردوون، بەشێک نین لە دەموچاوە ئەمنییەکانی ناو ئەم حیزبە، بەڵکو دابەشبوون بەسەر باڵە زۆر و زەوەندەکانی یەکێتییدا. تا وای لێهاتووە، کە هەر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی دەیەوێت خۆی یان کوڕەکەی، یان کەسێکی نزیکی بکاتە وەزیر، تەنانەت باس لەوە دەکرێت، کە پۆستەکانی حکومەتی هەرێم تەنها بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی پڕبکاتەوە. ئەگەر بێت و یەکێتیی ئەم کارە هەڵەیە بکات، ئەوە ناتوانێت ئەو دروشمەی خۆی، کە بەرزیکردووەتەوەو دەڵێت (دەمانەوێت هاوبەشی ڕاستەقینە بین) نایەتەدی، بەڵکو دەبێتە حکومەتی پاراستنی بەرژەوەندیی بنەماڵە دیاریکراوەکانی ناو مەکتەبی سیاسیی. بۆیە پێویستە یەکێتیی بوێریی ئەوەی تێدا بێت، کە کاندیدەکانی لانی کەم بۆ پۆستە وەزارییەکان کەسانی خاوەن ئەزموون و تەکنۆکرات بن و ئەرکی سەر شانی مەکتەبی سیاسییە، کە پشتیوانیی لەم مۆدێلی کاندیدکردنە بکات.

گۆڕان کێ دەنێرێت بۆ حکومەت؟

گۆڕان لایەنی سێهەمی سەرەکیی پێکهێنانی حکومەتە. بە هەموو پێوەرەکان دەبێت ئەم حیزبە لە دووانەکەی تر باشتر بێت و کاندیدەکانی بۆ حکومەت لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە سیاسییانە بێت، کە بزوتنەوەکەی لەسەر دامەزراوە. بەتایبەتیی گۆڕان پێویستی بەوەیە، کە لە پێناو گێڕانەوەی شکۆی خۆی و لانی کەم وەڵامێکی تەندروستی بەرەی ناڕازیی ناو حیزبەکەی بداتەوە و جەماوەرەکەی ئاشتبکاتەوە، پێویستە پشتنەبەستێت بە بنەمای کلاسیکیی بۆ کاندیدکردن، چونکە دەنگۆی ئەوە هەیە، کە ئەم حیزبەش وەک ئەوانی تر تەنها دەموچاوە تەقلیدییە کۆنەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان کاندیدبکاتەوە، ئەوانەی، کە لەناو گۆڕاندا پێیاندەگوترێت (یەکێتییە کۆنەکان). ئەگەر بێت و گۆڕان ئەم هەڵەیە بکات، گومانی تێدا نییە، کە دۆخی ناوخۆی حیزبەکە و ئاستی جەماوەرییەکەی بەرەو داتەپینی گەورە دەڕوات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations