یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان: حیزبێك بێ نیشتیمانی سیاسیی

ئاراس فەتاح
30.05.2019

پارتی سەردەمانێك هێزێكی نەیاری مێژوویی هەبوو كە ساڵانێكە هێندەی دەیەوێت لەو بچێت، ئەوەندەش لەوە كەوتووە خۆی بێت. ئەو هێزەش یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. یەكێتی بووە بە هێزێك كە هیچ شوناسێكی سیاسیی و فیكریی نەماوە. ئەم حیزبە ساڵانێكە وێنەی حەقیقی خۆی لەدەستداوە و بە سێبەرەكەی دەژیی، سێبەرێك كە خۆی لێبووە بە ئۆرجیناڵ. یەكێتی لە سەردەمی رێككەوتنی ستراتیژییەوە جگە لە بەشدارییكردنێكی ئەكتیڤ لە بەرهەمهێنانی مۆدێڵی پارتی بۆ سیستەمە ئابووریی و سیاسییە سوڵتانییەكەی كە پرنسیپی سەرمایەداریی چەتەگەریی بزوێنەرەكەیەتی، خاوەن هیچ دیدگایەكی ئابووریی سیاسیی تر نییە.

یەكێتی لە حیزبێكی جەماوەرییەوە كە ساڵانێكی دوورودرێژ مێژووی خەباتی سیاسیی نوێی گەلی كوردستانی دەنوسییەوە، بووە بە چەندین نووسینگەی شەخسیی چەند باوكێكی سیاسیی كە وەزیفە و كاری سەرەكییان بووە بە دۆزینەوەی پۆست و پێگەی سیاسیی و ئابووریی بۆ منداڵەكانیان. زەمانەتكردنی ئەم مۆدێلەش لە كەڵەكەكردنی سەرمایە بۆ نەوە تازەكانی ئەم حیزبە، بەتەنها لەڕێگای بەشداریكردنیانەوە دەكرێت لە تەواوكردنی پرۆسەی دامەزراندنی سیستەمە سوڵتانییەكەی پارتیی. لەدوای لەدەستدانی شوناسی خۆی و لاساییكردنەوەیەكی بێتامی پارتیی، ئەوەی پێی دەگوترێت خەمی سیاسیی و پڕۆژەی نیشتیمانیی بۆ باشتركردن و دابینكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، لە فەرهەنگی سیاسەتی یەكێتییدا بوونی نەماوە.

یەكێتی لە سەردەمی رێككەوتنی ستراتیژییەوە جگە لە بەشدارییكردنێكی ئەكتیڤ لە بەرهەمهێنانی مۆدێڵی پارتی بۆ سیستەمە ئابووریی و سیاسییە سوڵتانییەكەی كە پرنسیپی سەرمایەداریی چەتەگەریی بزوێنەرەكەیەتی، خاوەن هیچ دیدگایەكی ئابووریی سیاسیی تر نییە

یەكێتی لەم قۆناغەدا لە قەلەڕەشێك دەچێت كە رۆشتنی سیاسیی خۆی بیرچووەتەوه، چونكە نە توانی لەگەڵ گۆڕاندا ڕێبكات و پەیمانی دەباشان جێبەجێبكات و نە توانییشی هاوتای هەیمەنەی پارتی ڕێبكات و ببێتە ركابەرێكی سیاسیی راستەقینە. یەكێتی سەردەمانێكە لە بەبەغایەكی سیاسیی دەچێت كە‌ زمانی قسەكردنی خۆی بیرچووەتەوە. هەركاتێكیش قسەبكات لاسایی پانتۆمیمانەی ئەو هێزە دەكاتەوە كە بەلایەوە مەبەستە هاوپەیمانیی لەتەكدا بكات. ساڵانێكە ئەم حیزبە بووە بە قەفەسێكی سیاسیی گەورە كە تیایدا هەر باڵندەیەك بەپێی بەرژەوەندییە ئابووریی و تەكەتولییەكانی خۆی لە ئاوازێك دەخوێنێت. لەم دۆخەشدا گەر دەنگێكی ناڕەزایەتیشی بەرامبەر بە هەیمەنەی پارتیی تێدابێت، ووندەبێت، چونكە تەنها گوێت لە ژاوەژاوێكی گەورەیە.

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لەمڕۆدا بەتەنها‌ حیزبێك نییە كە ئاوێنەی نیشتیمانی سیاسیی نەماوە بۆئەوەی شوناسی خۆی تێدا ببینێت، بەڵكو ئاوێنەیەكی شكاوە كە هەر بەرەیەك پارچەیەكی بەدەستەوەیە و ژمارەیەكی زۆریشیان كە تەماشای پارچەكەی خۆیان دەكەن لەجیاتی ڕەنگی سەوز ڕەنگی زەرد دەبینن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations