‌له‌ نێوان كاك مه‌سعود و كه‌ركوكییه‌كاندا..!

عەدالەت عەبدوڵا
29.05.2019

ئەوەی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا ئەگوزەرێ، زیاتر لە شیكارییەك هەڵدەگرێ، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوەی هێزی یەكلاكەرەوەی رێكەوتن و هاوكات ناكۆكییە لەنێوان ئەم دوو هێزەدا، بەریككەوتنە لە نێوان دوو جۆر لە شەرعییەتدا كە كراونەتە چەكێكی دیموكراتی لەدژی یەكتر، ئەم دوو شەرعییەتەش، یەكێكیان كۆنەو لەگەڵ هەڵبژاردنی (2018ز)شدا لە كەركوك، بە تەواوی سیحری بەتاڵ بۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا، بەپێی یاسا، كاریگەریی ماوە.. شەرعییەتی دووەمیشیان نوێیەو دەربڕی رۆژگاری ئەمڕۆیە، بەڵام هێشتا لەفۆرمی دامەزراوەییدا نییەو  زیاتر لەفۆرمێكی مەعنەویدایە بۆ یەكێتییەكان.

مەبەستمان لە شەرعییەتی یەكەم، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە كە پارتی ناهێڵێ نیسابی یاسایی تەواو بكات بۆ ئەوەی پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی دابنرێت، یەكێتیش لەسەر ئەمە پەكی كەوتووە. مەبەستیش لە شەرعییەتی دووەم، دەنگی رەهای كوردو كورسییەكانێتی لە كەركوك كە هەر هەمووی لە هەڵبژاردنی پارساڵدا بۆ یەكێتی رۆیشتووە، بەوەش یەكێتی خۆی بە خاوەنی شارەكە دەزانێ و بە مافی خۆشی دەبینێت كە پارێزگارەكەی دابنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم نوێنەرایەتییە تائێستا سیاسییەو لە چوارچێوەی دامەزراوەدا نییە، بۆیە تەنها وەك هێزێكی مەعنەوی ئەمێنێتەوە، واتە ناتوانێ پارێزگار یەكلابكاتەوە، بەڵام هاوكات ئەم هێزە مەعنەوییەی یەكێتی كە لە دەنگدەرو كورسییەكانێتی لە كەركوك، لەچوارچێوەیەكی تری بەهێزدا توانای تەعبیركردنی لەخۆی هەیە كە ئەویش یەكێتییە، یەكێتی كە كەركوك بۆی بۆتە قەڵایەكی سەرەكی، ناتوانێ ئەم هێزە مەعنەوییەی یەكێتییە كەركوكییەكان فەرامۆش بكات، بەتایبەتی كە كەركوكییەكان لۆبییان لەناو (م.س)ی یەكێتی و سەركردایەتیدا هەیە.

پارتی ناهێڵێ نیسابی یاسایی تەواو بكات بۆ ئەوەی پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی دابنرێت، یەكێتیش لەسەر ئەمە پەكی كەوتووە

بەم جۆرەش دەبینین كە هاوكێشەكە، لەكۆتاییدا، كەوتۆتە نێوان دوو شوێنەوە، یەكەم كاك مەسعود بارزانی كە پارتی تەفویزی كردووە بۆ ئەوەی بە چەكی ئەو شەرعییەتەی كە پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگادا كۆنترۆڵی كردووە و هەیەتی لەگەڵ كاك كۆسرەت رێك بكەوێت لە دەستنیشانی كەسێك كە لای پارتیش دڵخوازبێ، دووەمیشیان كەوتوەتە دەستی یەكێتییەكانی كەركوك كە تا سنوری هەڕەشەی وازهێنان و هەڕەشەكردن لە سەركردایەتیی حزبەكەیان رۆیشتوون و پێیانوایە لۆژیكی تیا نییە زۆرینەی شارەكە پێكبهێنن و هێزێكی تر پارێزگاریان بۆ دیاری بكات كە هیچ كورسییەكی لەشارەكەدا نەماوەو بە تەواوی پێگەی سیاسی و متمانەی كەركوكییەكانی دۆڕاندووە. 

راستی كێشەكە، ئێستا بریتییە لەمە. لەوە ئاڵۆزتر ئەوەیە كە، یەكێتی ئێستا رەتی دەكاتەوە كاك كۆسرەت پارێزگارە دڵخوازەكەی پارتی بۆ كەركوك قبوڵ كردبێت، پارتیش دەڵێ قبوڵیان بووەو پەشیمان بوونەتەوە!. 

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations