ئیسرائیل بێ دەنگە لە ململانێ‌ ی ئەمریكاو ئێران

بورهان شێخ رەوف
25.05.2019

وەكو تێبینی دەكرێت ململانێ‌ و ناكۆكی یەكانی ئەمریكا و ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵكشان و كارو كاردانەوەی گەرم و گوڕیان بە خۆیانەوە دی و كار گەیشتە ئەوەی ئەمریكا جووڵە بە هێزەكانی بكات بەرەو ناوچەی كەنداو كەشتی گەلی جەنگی زەبەلاح و پڕچەك بە تازەترین و وێرانەكەرترین جۆرەكانی چەكی هێرشبەرو تەكنولۆجیای پێشكەوتووكە بە وزەی ئەتۆم كاردەكەن , هەموو ئەمانە لە كاتێكدا ڕوو دەدەن كە دەوڵەتی ئیسرائیل كە فاكتەرو ئامانجێكی گرنگ و دوورمەودای ململانێ‌ ی نێوان ئەمریكا و ئێرانە چونكە یەكێك لەو بنەما سەرەكیانەی كە هێزی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوندییەكانی دەوڵەتی ئیسرائیلە , كەچی ئیسرائیل بێدەنگی هەڵبژاردووە .

دەكرێت بپرسین بۆ بێدەنگە ئیسرائیل ؟؟

هەروەكو چۆن لە شەڕی كەنداوی یەكەم و دووەم لەكاتی  ئازاداكردنی كوەیت و دواتر پرۆسەی ئازادی عێراق سەرەڕای ئەوەی ڕژێمی سەدام حسین سی و نۆ  ڕۆكێتی زەمین بە زەمینی هاویشت بۆ ئیسرائیل بەڵام ئیسرائیل هیچ كاردانەوەیەكی پیشان نەدا لە بەر هەستیاری دۆخەكە كە ئەمریكا هاوپەیمانی بەشێكی زۆری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بوو لەو جەنگانەدا ئیستاش كە  كۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەكات و بە ئاشكرا باسی دەیان هەزار مووشەك دەكەن كەلە لای حزبوڵای لوبنانن لە لوبنان بەرەو ئیسرائیل دامەزراون كەچی حكومەتی تەلئەبیب بێدەنگی هەڵبژاردووەو جگە لە لێدوانێكی وەزیری وزەی ئیسرائیل ( یوفال شتاینتز ) كە هۆشداری دا لە هەر هێرشێك بكرێتە سەر وڵاتەكەیان لە لایەن ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەكانی یەوە .

ئەوەی لە چەندڕۆژی ڕابردوودا دۆخەكەی زیاتر شەڵەقاند لێدوانەكانی دكتۆر  ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بوو بۆ گۆڤاری فۆریگن پۆلیسی ئەمریكی كە باسی لەوە كرد كە هەواڵگری ئیسرایلیەكان هەواڵی جمووجووڵی ڕۆكێت ومووشەكەبالیستیەكانی  ئێرانیان لە عێراق داوە بە ئەمریكیەكان كە وێنەكان ڕاستەوخۆ لە زەویشدا گیراون نەك لە مانگی دەستكردەوە هەموو ئەمانە ئاماژەن  بۆ ئەوەی كە ئیسرائیل لە نزیكەوەو بە وردی چاودێری بارودۆخ و پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی دەكات ,

هەر ئەم زانیاریانەش بوون هۆكاری سەردانە لە ناكاو كتوپڕەكەی مایك بۆمبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو بۆ عێراق كە فەرمانی دا هەموو ئەو كارمەند و دیبلۆماتانەی كە كاری پێویست و گرنگیان لە ئەستۆ نی یە بە خێرایی عێراق جێ بهێڵن و حكومەتی عێراقیشی لە مەترسی ئەو جموجووڵانە ئاگاداركردەوەو بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن لە كاتێكدا هەواڵەكان و میدیاكان باسی ئەوە دەكەن كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەربازگەی سەربەخۆیان هەیە دوور لە چاوی حكومەتی عێراق بە تایبەتی لە سەربازگەی ئەشرەف لە پارێزگای دیالەو سەربازگەی سپایكەر لە پارێزگای سەلاحەدین و سەربازگەی رەزازە لە لە پارێزگای كەربەلاوسەربازگەی  جرف سەخەر لە پارێزگای  بەغداو سەربازگەی سوێرە لە پارێزگای واسیت لەبەرئەوە ئەو هێزانە خۆیان خاوەنی ڕێگاوبانی تایبەتی خۆیانن و پێویستیان بە ڕەزامەندی حكومەتی عێراقیش نی یە و بێگومان ئەو ڕۆكێت و مووشەكان دوورنی یە لە داهاتووی ململانێكانی ئێران و ئەمریكادا دەوڵەتی ئیسرائیل بكەنە ئامانج .

هەر لە میانەی سەردانەكەیدا مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە كاربەدەستانی حكومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە كە ئەوان ناخوازن شەڕو ململانێ‌ ی لە ناوچەكەدا ڕوو بدات و خوازیارن بە ئاشتی و دایەلۆگ كێشەكە چارەسەربكەن بەڵام ئیسرائیل جۆرێك لە بێدەنگی پەیڕەو دەكات ئیتر لە بەر هەستیاری دۆخەكە بێت كە پێشتر ئاماژەم پێدا یان هۆكاری تر كە دواتر باسی دەكەم .

هەموو ئەمانەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئەمریكا و دەوڵەتی ئیسرائیل تا كۆتایی هەر بینەر بن  سەرەڕای نیگەرانی یەكانیان لەو بارودۆخەی كە لە عێراقدا دەگوزەرێت لە بەرئەوە وەكو ناوەندە هەواڵگری و میدیاییەكان باسی دەكەن ئیسرائیل لێكۆڵینەوەی ورد بۆ هەموو ئەگەرو پێشهاتەكان دەكات وەكو ئەوەی پێشتر ئەزموونیان هەبووە لە شەڕی لوبنان هیچ ناكەن و كاردانەوەیان نابێت تاوەكو شەڕ هەڵدەگیرسێت و دۆخەكە دەتەقێتەوە دوایی كاردانەوەیان دەبێت , یان وەكو ئەوە لە سوریا دەی كەن پێش  ئەنجامدانی هەر هێرشێك یان خۆ ئامادەكردن بۆ لێدانی ئیسرائیل پێشتر پەلاماری بنكەو بارەگاو و ناوەندەكانی هێزە ئێرانیەكان و حزبوڵا دەدەن .

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر ئەم جەنگە ڕووبدات عێراق و عێراقییەكان باجی گەورەی دەدەن

بەڵام بۆ بارودۆخی عێراق ئەگەر بكرێت ئەمریكاوحكومەتی عێراق خۆیان كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن باشترە لەوەی ئیسرائیل كاردانەوەی هەبێت و ململانێكە گەورەتر بكاتەوە لە كاتێكدا هەر پەلامارێك كە ئیسرائیل بیەوێت بیكاتە سەر بنكە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەوەیە هێندەی سوریا ئاسان نەبێت چونكە سوریاو ئیسرائیل دراوسێن و مەوداكەی زۆر نزیكە بەڵام هەر هێرشێك بۆ سەر خاكی عێراق كۆسپ و مەترسی گەورەی لە بەردەمدایە چونكە دەبێت سنووری وڵاتانی سوریا و ئوردن و عەرەبستانی سعوودیەش ببڕێت كە زیاتر لە هەشت سەد كیلۆ مەتر زیاترە و خۆی بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك لە گەڵ سیستمی بەرگری یە  ئاسمانی یەكانی ئەو وڵاتانەدا ئامادە بكات .

ئیسرائیل چۆن ڕووبەڕووی مەترسی ئەو ڕۆكێتە بالیستیانە دەبێتەوە ؟

هەرچەندە ئیسرائیل خاوەنی پەیوەندییەكە بەهێزە لە گەڵ ئەمریكاو ڕووسیاو وڵاتە ئەوروپیەكانیش دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەوە فشار بكات لە حكومەتی عێراق كە بوارنەدات بە جمووجووڵی ئەو تاقم گروپانە  كە ئاسایشی ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە لە كاتێكدا  ئیسرائیل خۆیشی ڕێگە چارەی سەربازی بە دوور نازانێت و هەموو كارێكی پێویست وگونجاو ی سەربازی لە بەرنامەیدایە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەلامارو مەترسییەكان و لە هەمان كاتیشدا باسی ئەوە دەكەن كە ئەگەر هاوپەیمانەكانی ئێران لە ناوچەكە هەر پەلامارێكی ئیسرائیل بدەن ئەوەی كە ئیسرائیل پێ‌ یان دەڵێت بریكارەكانی ئێران ئەوە ئەوان ئیسرائیل كار لە گەڵ سەرچاوە سەرەكییەكەی هەڕەشەكە واتە ئێران دەكەن واتە ئەگەر لە وڵات و شوێنی تریشەوە پەلاماری ئیسرائیل بدرێت ئەوە خاك و سەربازانی ئێرانی و بەرژەوەندییەكانیان بێ‌ تۆڵە دەرناچن .

لە كۆتاییدا هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر ئەم جەنگە ڕووبدات عێراق و عێراقییەكان باجی گەورەی دەدەن هەروەكو مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە دوا پەیامیدا بە عێراقی داوە ئەوەیە  پێیانی وتووە ئەگەر لە گەڵمان نابن لە لاوە بووەستن .



copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations