کۆتایی ھاتنی خولەکەکانی چاوەڕوانی کۆنگرە

چیا هاوار
05.05.2019

 

ماوەی نۆساڵە کادرانی یەکێتی لە چاوەڕوانی بەستنی کۆنگرەی چوارەمدان، ئەو ماوەیەش بەتایبەت کە پێنج ساڵ گوزەری کردووە بەسەر ماوەی یاسایی و بەپێی ھەموو بنەماکانی کاری حزبی و رێکخراوەیی لادان و سەرپێچیە و زوڵمێکی بێ رەحمانەشە بەرامبەر مێژووی حزب و جەماوەرەکەشی. ئەڵبەتە لەبارەی دوواخستنی کۆنگرەی چوارەم گفتوگۆ و مشتومڕی زۆر کراوە و سەرکردایەتی بە بیانوی جیا جیا و بونی کێشەی نێوخۆیی و نالەباری بارودۆخی سیاسی، ئەمنی، دارایی ناوچەیی و نێوخۆیی کۆنگرە دوواخرا تا وایلێھات نۆ ساڵ بەسەر کۆنگرەی سێدا گوزەر بکا و لە کۆنگرەی چواریش خەبەرێک نەبێت کە رەنگە نیەتی سەرکردایەتی پێچەوانەی خواستی کادران و جەماوەری یەکێتی بێت و تا بۆیان بکرێت خۆیان لە بەستنی کۆنگرە بدزنەوە. ئەمەش نیگەرانیەکی بێئەندازەی لەلای جەماوەری یەکێتی دروست کردوە. ھەرچەندە سەرکردایەتی حزب لەھەر کەس باشتر درک بە گرنگی کۆنگرە ئەکات، لێ بەرژەوەندی باڵای خۆیان زۆر جار رێگر بووە لەبەردەم ئامادەکارییەکانی کۆنگرە و دروستکردنی لەمپەری جۆراوجۆریش لەلایان ئەوانەوە بەڵگەی بێ پاساو و روونن. ماوەیەکە کەمتر قسە لەسەر کۆنگرە ئەکرێت، ئەو بێدەنگیەش بەو مانایە نیە کە کادر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی رازی بن بە دوواخستن و فەرامۆشکردنی کۆنگرە،

رەنگە نیەتی سەرکردایەتی پێچەوانەی خواستی کادران و جەماوەری یەکێتی بێت و تا بۆیان بکرێت خۆیان لە بەستنی کۆنگرە بدزنەوە. ئەمەش نیگەرانیەکی بێئەندازەی لەلای جەماوەری یەکێتی دروست کردوە

بەڵکو کادر و ئەندامانی یەکێتی دەرفەتیان رەخساند بۆ کۆمەڵێک داواکاری ئەو سەرکردایەتیەی پێنج ساڵە شەرعیەتیان کۆتایی ھاتوە کە رەنگە ئەمە دووا دەرفەت بێت و چیتر بێدەنگی ھەڵنەبژێرن. لەوبارەیەوە نامەیەکی خاتوو (شاناز ئیبراھیم ئەحمەد)م خوێندەوە کە ئاراستەی سەرکردایەتی کردووە و بە روونی پێیان ئەڵێت ئێستا ھیچ بیانویەکتان بەدەستەوە نیە بۆ دوواخستنی کۆنگرە و پێویستە لەوە زیاتر رێگە بەخۆتان نەدەن کە حساب بۆ ئۆرگانێکی گرنگی وەک کۆنگرە نەکەن، ئەو راشکاوانە پەیامی زۆرینەی ھەرە زۆری یەکێتیەکانی لە رێی ئەو نامەیە پێگەیاندن و پێتان ئەڵێ چیتر کەس دروشمتان لێوەرناگرێت و چیتر بۆ خۆڵکردنە چاوی یەکێتیەکان بۆکەستان ناچێتەسەر و دوواخستن وپەکخستنی ئەنجامدانی کۆنگرە بۆتە عەیبە بۆ حزبێکی خاوەن چل و سێ ساڵ خەباتی شۆڕشگێڕی و مەدەنی و ئەندامی سۆسیال ئینتەر ناشناڵ..!!

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: ئێستا ھیچ بیانویەکتان بەدەستەوە نیە بۆ دوواخستنی کۆنگرە و پێویستە لەوە زیاتر رێگە بەخۆتان نەدەن کە حساب بۆ ئۆرگانێکی گرنگی وەک کۆنگرە نەکەن

ئەو راشکاوانە و بێ پەردە رووی دەمی کردۆتە سەرکردایەتی و بیریان ئەخاتەوە کە رۆحی پاکی مام جەلال ئازار مەدەن و بفەرموون ھۆڵی کۆنگرە لە چاوەڕوانیتاندایە، پێتان ئەڵێ و سعات و خولەک و چرکەتان لەسەر ھەژمار کراوە و ئیتر کات بەبەرەوە نەماوە،ئەو راستگۆیانە ئەڵێ مێژوو لێتان نابوورێ کە سەرکردایەتیەکی ماوەبەسەرچوو ھۆکارە بۆ پوکانەوەی یەکێتیەکەی مام، ئەو پێتان ئەڵێ دار و درەخت و گژ و گیا چەندە پێویستی بە بارانە بۆ سەوزبوون و گەورەبوون، یەکێتیش سەدان ھێندە پێویستی بە کۆنگرەیە بۆ زیاتر سەوزبوونەوە و گەورەتر کردنەوەی یەکێتی. دڵنیاشم ھەر یەکێکتان بدوێنین حەزی بەستنی کۆنگرە تا کەشکەڵانی فەلەک باڵای کردووە لاتان خۆ ئەگەر بە رواڵەتتان نەبێت دەی فەرموون ئەوە حزبەکەتان لە چاوەڕوانی کۆنگرەدایە و ئێوەش قۆڵ و بازوی لێ ھەڵماڵن با مەشخەڵی نوێی خەبات لە کۆنگرەی چوارەم داگیرسێنین و بەرەو لوتکە ھەنگاو بنێین.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations