قۆناغی پۆست نێچیرڤان بارزانیی، ململانێی باڵی بازەکان

ئەنوەر حسێن
02.05.2019

بەشی یەكەم

پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەت، لە بەردەم چەند ئاریشە، گرفت و تێڕوانین و ململانێی جیاوازدایە کە پێوەندییان بە (پارتیی و یەکێتیی) یەوە هەیە بە پلەی یەکهەم، دواتر گۆڕان و کۆمەڵ و لایەنەکانی تر، بە تایبەتی دوای ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی حکومەت و قەیرانی سەرۆک کۆمار و کەیسی کەرکووک و کاراکردنەوەی سەرۆکی هەرێم، بۆیە هەر کام لە هێزەکان تێڕوانین و گرفتی خۆیان هەیە: 
یەکهەم: پارتیی پێنج گرفت و تێڕوانینی سەرەکیی هەیە بۆ پێکهاتنی حکومەت: 
یەکهەم: پارتیی کە خۆی یەکلا کردوەتەوە، کە کێ سەرۆکی حکومەت دەبێت، لە نێوان نێچیرڤان بارزانیی و مەسروور بارزانیی، کە زۆرتر فۆکەس لە سەر کارەکتەری دووهەم بوو، ئەم ئاڵوگۆڕەیش ڕەنگە کاردانەوەی جۆراوجۆر بە دوای خۆیدا بهێنێت، بە تایبەتی کە ڕۆژی 3/12/2018 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا، پێدەچێت کاریگەریی لە سەر ئاڕاستەی پێکهاتن و داهاتووی کابینەکە هەبێت، کە دیوێکی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە یەکێتییەوە هەیە، ئەگەر چی ئاماژەکانی پێشتر دیار بوون کە نێچیرڤان بارزانیی بێزار بوە لە حکومەت و دوور دەکەوێتەوە و مەسروور بارزانیی ئەو پۆستە دەبات، ئەوەی پێوەندیی بە پارتییەوە هەبوو، پار ساڵ ئاڵوگۆڕ لە ڕێکخستنەکان و لقەکان کرا بە کۆنتڕۆڵکردنی لقەکانی هەڵەبجە و سۆران – 21، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە کۆی (45) کاندید، (43) کاندیدیان سەر بە مەسروور بارزانیین، واتا پێشتر زەمینەی کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمانی بۆ ساز کرابوو، کە هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم سەرۆکی حکومەت نەبێت، ئێستا کە ئیتر هەر یەکە لە ئاشتی هەورامی و کەریم سنجاری وەکوو دوو پۆستی ئابووری و ئەمنی دوور دەخرێنەوە، هێندەی تر ڕوون دەبێتەوە کە دژایەتیی نێچیرڤان بارزانیی دەکرێت، بە تایبەتی کە پێدەچێت ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانییش بخرێتە سەر حکومەت.

هەر یەکە لە ئاشتی هەورامی و کەریم سنجاری وەکوو دوو پۆستی ئابووری و ئەمنی دوور دەخرێنەوە، هێندەی تر ڕوون دەبێتەوە کە دژایەتیی نێچیرڤان بارزانیی دەکرێت، بە تایبەتی کە پێدەچێت ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانییش بخرێتە سەر حکومەت

 


ئەوەیش کە پێوەندیی بە دەرەوەی پارتییەوە هەیە، لەم ئاڵوگۆڕانەدا ئەوەیە، کە دوای ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم دوو کارەکتەری ئەمنیی سەرەکی لە ناوچەی سەوز دەرکەوتن کە پارتیی ئاسوودە نییە لەگەڵیان ئەوانیش (باڤێڵ تاڵەبانیی و لاهوڕ شێخ جەنگیی) ین، بۆیە پێدەچێت پارتیی مەبەستی بێت مەسجێک بداتە یەکێتیی، کە ئێمەیش لە بەرانبەر باڵی بازەکانی ئێوە، باڵی بازەکانی پارتیی دەهێنینە پێشەوە، بۆیە گەر یەکێتیی ئەم نەخشەیەی بۆ جێگیر بوو، وا باشە بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بکاتەوە لە حکومەت، بەمەیش هاوکێشەکە ڕاست دەبێتەوە، بەڵام ڕەهەندێکی تری ئەم ئاڵوگۆڕانەی پارتیی ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە ململانێی نێچیرڤان بارزانیی و مەسروور بارزانییەوە هەیە و لە ناو حیزبەکەیشدا مەیلێک هەیە بۆ پشتیوانی لەم ئاڵوگۆڕانە بە قازانجی مەسروور بارزانیی، بەڵام واقیعییەتێک هەیە ئەوەیە کە نەیارەکانی پارتیی نابێت وا بزانن ئەم ململانێیەی ئامۆزاکان لەم دەورەیەدا دەبێتە کێشە و گرفتی گەورەی ئینشقاق، بەڵکو ئەم ئەگەرە تەنها لە غیابی بارزانییدا شیمانەی هەیە و تا چەند ئاڵوگۆڕی تر کێشەکان بە ساردی دەچنە پێش، ئەگەر چی بارزانیی دەیەوێت ئەزموون لە مردنی خوالێخۆشبوان: مام جەلال و نەوشیروان مستەفا وەربگرێت، کە پێش مردنی خۆی (هیوادارم تەمەن درێژ بێت) کەسێک بۆ شوێنی خۆی دابنێت،

 

نێچیرڤان بارزانی لە پرسی ڕیفراندۆمدا ئەو بۆچوونێکی تەواو جیاوازیی هەبوو لە پارتیی، بەڵام دژایەتیی لەگەڵ پرسەکەدا ڕانەگەیاند، وەکوو چۆن یەکێتیی پێی باش نەبوو، بەڵام لەگەڵ ڕەوتەکە ڕۆیشت و دژ نەبوو

 

ئەگەر چی لە ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانیی وا ناسرابوو کە کارەکتەرێکی نەرمونیان و خۆگونجێنە و کارکردن لەگەڵیدا ئاسانە، لە کاتێکدا مەسروور بارزانیی توند و ئەمنییە و کارکردن لەگەڵیدا پڕیەتی لە گرێوگۆڵ، بەڵام پێدەچێت ئەم کارەکتەرە تازەیەیش، گەر تاکتیکیش بێت وا مامەڵە بکات و بگرە نەرمتر بێت بۆ جێپێقاییمکردنی خۆی و سەرکەوتنی لەو پۆستەدا و ئەزموون لە هەڵەکانی محەمەد بن سەلمانی سعوودیش وەربگرێت کە توندڕەوییەکەی گەیاندی بە کوێ، بە تایبەتی لە کەیسی خاشوقچیدا، بۆیە ڕەنگە هەوڵ بدات ئیدارەی کێشەکان بکات لەگەڵ یەکێتیی، سازش لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوویش بکات و پارەی نەوتیش بە کار بهێنێت بۆ خزمەتی ئەجێنداکەی و دووریش نییە کەیسی ئاشتی هەورامی و نەوت بهوروژێنێت و ڕابردووی ئەم کەیسە تەمومژاوییە لە ملی خۆی دابماڵێت، لە ئێستایشەوە لەگەڵ عێراق ڕێککەوتوون کە نەوتی هەرێم ڕادەست بکەن و پاشەکەوتی مووچە چاک بکات و دوور نییە قەرزی فەرمانبەرانیش بداتەوە، وا بڕیارە لەگەڵ پێکهاتنی حکومەتی هەرێم (وەزارەتێک دابمەزرێنێت بۆ پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کە پارتیی دەبێت) ئەمەیش بە دوو نیاز: 
یەکهەم: بۆ باشترکردنی پێوەندییەکانی پارتیی یان هەرێم و بەغداد کە سەرەتاکانی دەرکەوتوە و پارتیی بەڵێنی داوە کە هەموو کێشەکان لەگەڵ عێراق چارەسەر دەکات.
دوهەم: بۆ فەرامۆشکردنی سەرۆک کۆمار و مامەڵەنەکردنە لەگەڵیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، واتا ئەم وەزارەتە پێوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە واتایەکی تر پێوەندییەکانی (مەسروور بارزانیی–عادل عەبدولمەهدی) ڕێک دەخات، سەرەڕای ئەوەی پارتیی بڕیاری داوە پشت لە واشنتۆن و ڕوو لە تاران بکات و دانیشتنە زۆرەکانی ئەم دوایییەی مەسعوود بارزانیی و قاسم سولەیمانی ئاماژەن بۆ تەندروستکردنەوەی پێوەندییەکانی پارتیی و هەرێم لەگەڵ عێراق و ئێران. 
واتا دانانی مەسروور بارزانیی ناکرێت وەکوو ئاڵوگۆڕێکی سادە یان ئاڵوگۆڕێکی دیموکراسی سەیر بکرێت، بەڵکو دەکرێت ڕەهەند و باکگراوەندی زۆر بە دوای خۆیدا بهێنێت، کە هیواخوازین باشتر بێت لەو بۆچوونە نێگەتیڤانەی کە چاوەڕوانی کێشە و گرفت و ململانێی سەخت و حکومەتی ئەمنی دەکەن، ئەگەر چی بۆچوونێک دروست بوە، کە زۆرتر پارتیی بانگەشەی بۆ دەکات کە ئەم ئاڵوگۆڕانە لادانی نێچیرڤان و بەهێزکردنی مەسروورە، بەڵام لە واقیعدا نێچیرڤان بارزانیی بە خواستی خۆی لە حکومەت دوور کەوتوەتەوە،بە هۆکاری ڕێگریکردن و گرفت دروستکردن، نەچوونە پێشی بەرنامەکانی و دەخالەتکردن لە ئەجێنداکەی، گوێ نەگرتن لە ڕا و نەزەر و بۆچوونەکانی لە پەیوەست بە پێوەندیی پارتیی و یەکێتیی بە تایبەتی بۆ دەستهەڵگرتن لە ململانێ و چارەسەری کێشەکان، پێوەندی پارتیی بە حیزبەکانی تر، پێوەندیی حکومەت و پارتیی لەگەڵ ئەنکەرە و تاران و بەغدا، کە زۆر جار تێڕوانینی نێچیرڤان دبلۆماسی و مەنتقی بوە بۆ حەل و چارەسەری کێشەکان، نەک ئەو مامەڵەیەی دەکرا و گوتاری توند و ڕادیکاڵ و هێرشکردن لە پەیوەست بە عێراقەوە، نێچیرڤان ئەگەر چی زۆر جار لە پرێس کۆنفرانسەکاندا هێرشی دەکردە سەر عێراق و حکومەتی عەبادی، بەڵام لە واقیعدا هەمیشە لەگەڵ مامەڵە و دیالۆگ و گوتاری ئارام بوە و زۆرتر فشاری پارتیی لە سەر بوە و تەنانەت لە پرسی ڕیفراندۆمدا ئەو بۆچوونێکی تەواو جیاوازیی هەبوو لە پارتیی، بەڵام دژایەتیی لەگەڵ پرسەکەدا ڕانەگەیاند، وەکوو چۆن یەکێتیی پێی باش نەبوو، بەڵام لەگەڵ ڕەوتەکە ڕۆیشت و دژ نەبوو، لە سەرووی ئەوانەوە نێچیرڤان بە دەوڵەتمەدار ناسراوە و پێوەندیی لەگەڵ زۆربەی حیزبەکان ئارام و دۆستانە بوە و دبلۆماسییانە مامەڵەی تەندروستی کردوە و وەکوو دەڵێن دەستئاوەڵا و میهرەبان بوە لە هاوکاریی حیزبەکان و وەزیرەکان لە دوایین کۆبوونەوەی باڵای بارزانییەکان، نێچیرڤان هەموو ئەو گلەیییانەی بە بارزانیی و مەسروور بارزانیی گوتوە. 
ئەوەیش ڕوونە کە حکومەتی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانیی و قوباد تاڵەبانیی لە سەردەمێکدا بوون کە تووشی قەیرانێکی گەورەی ئابووری بوە و لەگەڵ ئەوەیشدا هەنگاوی باشی نا، لە کاتێکدا لە ئاستی ناوخۆ (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و شەویش ئۆپۆزسیۆن و جوێنبارانیان دەکردن،لەگەڵ عێراق کێشە و ئاریشەی زۆری هەبوو.
دوا جار دەبێت ئەوەیش بزانین کە حکومەت گەر دەستکەوتی هەبوو بێت زۆر جار حیزب بردوویەتی بۆ خۆی و شکستەکانیشی خستوەتە ئەستۆی حکومەت و دامەزراوەکانی، کەم جاریش هەر لە لایەن حیزبەکەی خۆیەوە لە لایەن لق و ناوچەوە کێشە و گرفتی کەمی بۆ دروست نەکراوە. 
واتا ئاڵوگۆڕی نێچیرڤان بە پێچەوانەوە ئەو تەفسیرەی بۆ دەکرێت، وازهێنانی خۆی بوە و بە ڕەغبەتی خۆی تا ڕێگا بدات کەسێکی تر لەو باشتر کابینەکە بەڕێوە بەرێت.

پارتیی دەیەوێت سەرۆکایەتیی هەرێم زیندوو بکاتەوە، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان بیکاتە پاکێجێک (ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، کاندیداتۆرەکەی ی.ن.ک سەرکەوت


دوهەم: خیلاف و دوو بۆچوونی مەسعوود بارزانیی و نێچیرڤان بارزانیی، لە سەر بەشداریی لایەنە سیاسییەکان (هەر چی کارەکتەری یەکهەمە. پێی باش بوو گۆڕان بەشدار بێت، بەڵام سەرۆکی حکومەتی پێشوو ڕازی نەبوو لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ کار بکات)، ڕەنگە هەر ئەوەیش وای کردبێت نێچیرڤان بارزانیی ئامادە نەبێت سەرۆکایەتیی حکومەت بکات و پاشەکشە بکات. مەسروور بارزانیی لەم بارەیەوە ئەجێندای باوکی پێ باشترە، (بەڵام بۆچوونەکەی نێچیرڤان بارزانیی دروستە لە سەر ئەوەی کە گۆڕان و کۆمەڵ، بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و بە شەو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنن، بەردەوام دژی حکومەت بوون)، کە وا دیارە ئەم جارە ئەم مەرجەیش بەسەر ئەو دوو هێزەدا دەسەپێنرێت گەر لە کۆتاییدا بەشدار بوون، کە نابێت ئەنتی حکومەت بن.
سێهەم: پارتیی دەیەوێت سەرۆکایەتیی هەرێم زیندوو بکاتەوە، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان بیکاتە پاکێجێک (ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، کاندیداتۆرەکەی ی.ن.ک سەرکەوت، سەدوبیست ملیۆن دۆلاری چەکی بانکیی پارتیی (بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەرهەم سالح بە فوئاد حوسێن نەیتوانی ئەو ململانێیە بە قازانجی پارتیی تەواو بکات) و کارەکتەرەکەی یەکێتییش (پاڤێڵ تاڵەبانیی) پرسەکەی بە قازانجی د. بەرهەم یەکلا کردەوە.
سەبارەت بە سەرۆکی هەرێم بۆ ئەم کەیسە، مەسعوود بارزانیی شوێنەکەی خۆی جێ دەهێڵێت بۆ نێچیرڤان و جێگرەکەیشی کاندیدێکی یەکێتیی دەبێت، بەڵام هێشتا ساغ نەبوەتەوە کە ئایا پارتیی ڕەزامەندە بە کاراکردنەوەی سەرۆکی هەرێم، بەڵام دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی بن یان سەرۆکایەتی کە زۆرتر مەیلی بە لای فۆڕمی دووهەمەوەیە.
قورسیشە نێچیرڤان بارزانیی لە سەرۆکایەتیی هەرێم سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەو ناتوانێت ڕۆڵی مەسعوود بارزانیی بگێڕێت و ئەو کارێزمایەی ئەوی نییە، دووهەمیش ڕەنگە گرفتی زۆری بۆ بێتە پێش، کە لە سەردەمی بارزانییدا هیچ کەس نەیدەتوانی ئەو کارە بکات، ئەمەیش ڕێک ئەو هەلومەرجەیە کە بۆ فوئاد مەعسووم هاتە پێش لە سەرۆکۆماری عێراقدا، چونکە نەیتوانی ڕۆڵی کارێزمایی مام جەلال بگێڕێت دوای ئەو، لە لایەکی تریشەوە زۆر جار حیزبەکەی خۆی ڕێگری بوون لە دروستکردنی کێشە و بە گوێیان نەدەکرد. 

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations