عێڕاق بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتە نەک هەڕەشە

كەمال چۆمانی
02.05.2019

حکومەتی عێڕاق و کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانیی لە ئیمزاکردنی گرێبەستێکی ١٤ ملیار دۆلاریی نزیکبونەتەوە بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی کارەبای عێڕاق.
پێشتریش سێ گرێبەستیان ئیمزا کردون بە گوژمەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار. هەر دوێنێش کۆمپانیای ئێنی ئیتاڵیی گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی عێڕاق راگەیاند کە حەوت ملیار دۆلار لە کێڵگەیەکی وەبەرهێنان لە بەسڕە وەبەرهێنان دەکات. ئەوانە و دەیان گرێبەستی دیکەی گەورە لە عێڕاق لە پڕۆسێس دان و هەنگاوی زۆر گرنگی حکومەتی عێڕاقیین نەک تەنها بۆ نوێکردنەوە و چاککردنی کارەبای وێرانی وڵات و بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت و گاز، بەڵکو دروستکردنی دەرفەتێکیشە بۆ روبەڕوبونەوەی بێکاریی لە عێڕاق. پێویستە بپرسین هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەو گرێبەستە زەبەلاحانەی حکومەتی عێڕاق دایە؟ 
- ئەندامانی کورد لە پارلەمانی عێڕاق دەتوانن فشار لەسەر حکومەتی عێڕاق دروستبکەن تا زمانی کوردیی لە قوتابخانەکان و زانکۆکانی عێڕاق بخوێندرێت.

ئەمە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی دەرچوانی زمانی کوردیی لە پارێزگاکانی عێڕاق ئیشیان دەستبکەوێت. گرنگیی ئەو هەنگاوە تەنها لە پەیداکردنی کار نییە بۆ دەرچوانی زمانی کوردیی، بەڵکو دەرفەتێکیشە پردێکی باشتر لەنێوان پێکهاتەکانی عێڕاق، بەتایبەتتریش کورد و عەڕەب دروستبکرێت.
عێڕاق بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتە. هەرێمی کوردستانیش بۆ عێڕاق هەروا. بەهێزبونی هەریەکێکیان لەڕوی ئابورییەوە، بەهێزبونی ئەویتریشە. 

حکومەتی هەرێم لەلایەن پارتیی و یەکێتییەوە ئاراستە دەکرێت، زیاتریش پارتیی. رێکخستنی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بەغداد لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە کەسیی، حیزبیی و بنەماڵەییەکانی ئەوان دایە. لە رێکخستنی پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد، نە حکومەتی هەرێم و نە خەڵکی هەرێمی کوردستان سەنتەر نین، بەڵکو بەرژەوەندییە ئابوریی، سیاسیی و حیزبییەکانی ئەو دو هێزە سەنتەرن. ئەمە هۆکاری هەرە سەرەکییە کێشەکان لەگەڵ بەغداد چارەسەر نابن.
دەستەڵاتدارانی هەرێمیش دەیانەوێت ئەو پەیوەندییانە هەر وا پڕ كێشە بن هەم بۆ ئەوەی عێڕاق وەک هەڕەشە لەسەر وجودی هەرێم نیشانبدەن و خەڵکی پێ بگەوجێنن، هەمیش بۆئەوەی لە هەناوی ئەو کێشانەدا باشتر بەرژەوەندییەکانی خۆیان بچەسپێنن و بەدەستبێنن. تا خەڵک و حکومەتی هەرێم نەبنە سەنتەری نزیکبونەوە یان دورکەوتنەوە لە بەغداد، کێشەکان دەمێنن و بەغدادیش لەبری ئەوەی دەرفەتێکی زێڕێن بێت بۆ خەڵکی کوردستان، وەک دەکرێتە هەڕەشە.

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations