هاتنی شاندەكان؟

ئاسۆ عبدالتیف
02.05.2019

ئەم ماوەیە ساڵۆنی سیاسی و دیبلۆماسی هەولێری پایتەخت گەرم بوو، كوردستان جمەی دەهات لە وەزیرو كاربەدەستە جیهانیەكان، چالاكی و گەشتە دیبلۆماسیەكان ناكرێت تەنها بە دیوێكدا شرۆڤەی بكەین كە وەرزی خۆشنودی و ئومێدو چنینەوەی دەستكەوتەكان بێت، چونكە توشی لوتبەرزیمان دەكاتەوەو نامانگەیەنێتە ئامانج، كەواتە چۆن خوێندنەوە بۆ ئەم دۆخە هەستیارە بكەین؟
 ئەگەر تەنها دیوە سادەكەی ئەم رۆمینگە سیاسیانە وەربگرین ئەوەیە ناوچەكە نا ئارامەو گۆرانكاریەك بەرێوەیەو ئەو كاراكتەرە نێودەوڵەتیانە دەخوازن ئەم هەرێمە نا نێودەوڵەتیە بچكۆلانەیە بەم فۆرم و بێلایەنیەی خۆیەوە بمێنینەوە، نە بچوكترو نەگەورەترو نە پەلهاوێژتر، چونكە ئەم ستاتۆ سیاسیەی هەرێم دەركەوت بەرگەی هیچ ریسك و لایەنگیری و جەمسەرگیریەكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی ناگرێت و پێویستە جوڵەی هەڵە نەكات، چونكە نە ئێران و نە ئەمریكاو نە هیچ زلهێزێك قسەی كۆتایی نییە بۆ ئەم هەرێمە، هەموو وەك یەك بیردەكەنەوە لە چوارچێوەی عێراقدابین و نەوت هەناردە بكەین و بیخۆین و نەڵێین "دەرەبەگ خراپە" كەواتە گرنگە كورد لە كۆی ئەم مەسج و زەردەخەنە سیاسیانە تێبگات و چیتر خۆی بۆ كەس نەكاتە قوربانی و تیرەكانمان پێویستە هێشتا لە كەوان بمێننەوە!
 بەڵام دەبێت لەوە تێبگەین لەو تەراتێن و كێشمەكێشە سیاسیەدا هیچ دەوڵەتێك هێندەی توركیا و سوڵتانیزمی ئەردوغان لەمپەرو كێشە نیەو نەبووە بۆ دۆزی رەوای گەلی كورد و رەنگە بە دیاریكراویش ئێران بیەوێت هەرێمی كوردستان لەو موعادەلاتە توركی- ئەمریكیە بهێنێتەدەرەوە بەرەو موعادەلاتێكی ئێرانی -عێراقی،  ئەمەش بە روونی بە قسەكانی جەواد زەریفیەوە دیاربوو.
 هەموو ئەو دەوڵەتانەو وەزیرەكانیان رەنگە یەك داواكاریان هەبێت بۆ كورد، كە بە سڵامەت دابنیشین و جوڵە نەكەین بە  سەربازو قەڵاو پاشاكانمان تا كاتی خۆی، وەلێ سوڵتانیزمی ئەردوغان، تەختەی ژێر شەترەنجەكەشی دەوێت، یەكە بەیەكەی سەربازو قەڵاو وەزیرو پاشاو فیلەكانی دەوێت، دەڵێن سوپای توركیا كە چۆتە عەفرین قەبری سەدان ساڵەی شەخس و ئەسحابەی هەڵداوەتەوە بۆ ئەوەی ناسنامەیەكی عوسمانی توركی پێ ببەخشێت، حەزی سوڵتان لە ئێستادا حەزێكی گشتگیرە بەرەو ئیمپراتۆریەتێكی سوننی و قوتبێكی تازەی مەزهەبی و ئاینی لە ناوچەكەدا، ئەمەش نە ئەمریكا پێی خۆشەو نە ئێران، بە راست و چەپدا ئەم سوڵتانە خەریكی چنینی فاشیزم و سەركوتكردن و ئایسیمیلاسیۆنی كوردانە بەناوی ئاین و ئایدۆلۆژیای نەتەوەییەوە، لە كەركوكەوە بۆ موسڵ و شەنگال و كۆبانێ و عەفرین و قامیشلۆو جەزیرێ و منبیج و رۆژهەڵاتی فورات تا سەر دەریای رەش، ئەم فاشیزمە خەریكی هەژمونگەرای خۆیەتی دژی سەرەتایترین ماف و داخوازیەكانی گەلی كورد، بۆیە هەرگیز هاتنی وەزیری دەرەوەی توركیا هاوشێوە نیە بە هاتنی وەزیری دەرەوەی وڵاتێكی وەكو ئێران، دەكرێت بڵێین ئەو هەژمون و دەسەڵاتەی كۆماری ئیسلامی ئێران هەم لە رووی سیاسی و مەزهەبی و هەم لە رووی سەربازیەوە هەیەتی بەسەر عێراق و چەند دەوڵەتێكی تری ناوچەكەوە وەك لوبنان و سوریاو یەمەن، ئەگەر ئەو دەسەڵات و هەژموونە هی  توركیا بوایەو تورك لەو جێوپۆلیتیكەی ئێران بوایە، بێگومان ئێستا عێراق دەكرایە پارچەیەك لە نەخشەی دەوڵەتی عوسمانیە نوێكان و ئاڵای توركیا بەهەموو سەربانێكەوە  ئەشەكایەوە وەك عەفرین و شارە سنوریەكانی سوریاو توركیا، كە پاكتاوی رەگەزی و سڕینەوەی شوناس و مۆركی نەژادی و جوگرافی و نەتەوەیی گەشتۆتە لوتكە، بۆیە دەبێت كورد لەمەودوا پۆلێنكاری هەبێت بۆ ئەجێندای وەزیرانی میوان و سەپاندنی داواكاریەكانیان و ئەوەندە بە ئاسانی مرۆڤ خۆی نەخاتە بەردەم قەدەری سیاسی ئەو دەوڵەتانەوە، ئێمە ناڵێین دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی ئێران سنورمان بۆ دەكێشێ بە بەنی ئاوریشم و مەرامی سیاسی و قۆرخكاری نیە، بەڵام ناشكرێت تەریبی بكەین بە توركیای سەردەمی ئەردوغان،
 كە دەچیتە ناو خاكی ئێران، واتە ناو قەڵەمڕەوی كۆنی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و قاجار تا ئێستای دەسەڵاتی حەوزەی قوم، هەرگیز وەك ئەوەنییە كە پێ دەخەیتە خاكی توركان و قەڵەمرەوی سوڵتان و سوارەی حەمیدی و عوسمانلی و گورگە بۆرەكانەوە، راستە ستەمكاری و سیستمی قاسی دژەكورد و نكوڵیكردن تا رادەیەك لە هەردولا هەیەو بەركارە، لێ وڵاتی ئێران هێشتا بایی ئەوەندە فەرهەنگ و پێكەوەژیان و فەنتازیای جوانی تێدایە كە هاوشانی قەدی درەخت و شەقام و موزیك و حافزو سەعدی و خانای قوبادی و شەهرامی نازری و شەجەریان  هەست بە ئارامی بكەی، ئەم فەرهەنگەیە ئێرانی تا ئێستا هێشتۆتەوەو سەرباری ئەو هەموو گوشارو ئابڵوقەدان و برسیكردن و تەریككردنە، هێشتا بەپێوە وەستاوەو ئەوەش لێدوانی وەزیرەكەیەتی كە هیواخوازە ئەم هەرێمە پێش بكەوێت، ئەم ئەزمونەی ئێران وەك فۆرمێكی حوكمرانی مەزهەبی و ئایدۆلۆژیی لە بناگوێی حكومەتی هەرێمدا، گرنگە مامەڵەی لەتەكدا بكەین وەك خۆی، سەرنجی بدەین بۆ سەرمایەگوزاریی سەرەتایی و بنیادنان و خودبژێویی ئەگەرچی پێچەوانەی رێكارەكانی ئابڵوقەكانی ئەمریكاشە.

 كەواتە دەكرێت لە " هەرێمی كوردستان"  ئەوەندە فێری سیاسەت بووبین، هاتنی شاندێكی سیاسی یان بازرگانی بۆ ئەم هەرێمە بە قەبارەی خۆی وێنا بكەین و زیاد لە پێویست گەورەی نەیكەن، چونكە دەركەوت گەورەكردنی ئەو شاندانە زیاد لە پێویست زیان بە دۆزو شوناسی ئەم بەشەی كوردستان دەگەیەنێت و لە رابردوودا بینیمان نەتوانرا سەرمایەگوزاری پێوە بكەین، بینیمان كۆكتێلێك لە میلیشیای حەشدی شەعبی بێ هیچ رێساو یاسایەك خەریك بوو تەواوی سەروەریەكانی ئەم هەرێمە ئاوەژوو بكەنەوە، بەم هۆیەوە دوو ساڵە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی نەخوازراودا دەژی و دڵنیام هەرێمی كوردستان ئەم مەسجەی بە كۆماری ئیسلامی ئێران گەیاندوە تاوەكو كردەوەی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە لە عێراق.
 هەموو وەزیرەكانی دونیا كە هاتونەتە ئەم هەرێمە، دڵنەواییان كردوین، فەرشی سوریان بۆ راخراوە، موجامەلەكراون، بەڵێنیان لێ وەرگیراوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە لە كاتە سەختەكاندا فریای گەلی كورد بكەون و رەنگرێژی سیاسەتێكی نێو دەوڵەتی و زەمان بۆ ئەم هەرێمە بكەن، هەمیشە وتویانە ئێوە قارەمانن، رێك بكەون و یەكپارچەیی عێراق بپارێزن، ئەم وەزیرانە هەموو دێن و دەچن و هەرێمیان كردۆتە رێگای كانی و گۆزەكان بە هەمیشەیی دەمی ئەوان تەڕدەكات و بەڵام ئەمجارە نابێ بهێڵین لەسەری ئێمەدا بشكێت.
 پێگەی هەرێم لە ئێستادا پێگەیەكی ستراتیجی گرنگە بۆ ئەوان نەك بۆ ئێمە، هەركات توانیمان  ئەم پێگە ستراتیجیە مۆنۆپۆڵیزە بكەین و سەرمایەگوزاری پێوە بكەین بۆ كیان و دەوڵەتی سەربەخۆ ئەوا بەڵێ بۆ ئێمەش گرنگە، هەریەك لەو وەزیرانەی روودەكەنە ئەم هەرێمە خاوەنی سەروەری و ئاڵاو شكۆمەندی و دەوڵەتی خۆیانن، بۆیە دەوڵەتەكەشیان دەبێتە دەوڵەتێكی ستراتیجی بۆ ئێمە، بێگومان هاتنی شاندێكی ئیسرائیلی بۆ ئێمە گرنگترە تا هاتنی وەفدێكی حەماسی فەلەستینی، چونكە یەكەمیان خاوەنی دەوڵەتەو دوەمیشیان بێ دەوڵەت، كەواتە ئەوەی شوناس دەبەخشێتە نەتەوەكان و پێگەی بەهێزدەكات چەمكی دەوڵەتە كە ئێمە نیمانەو هێشتا بە ئاوازو ئایدۆلۆژیای حیزبی رەفتار دەكەین و دەجوڵێینەوە، كەواتە لە ئێستادا ئەگەر نەتوانین دەوڵەتیش بین خۆ دەتوانین وەك دەوڵەت و بە روانگەیەكی دەوڵەتی رەفتار بكەین و رۆڵی كارەكتەرێكی هەرێمی بگێڕین و چیتر رازی نەبین بەسەر لوغمی هەڵەكانی رابردوودا برۆین.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations