چرکەکانی بارزانیی

ئەحمەد میرە
01.05.2019

(30) ڕۆژ لەمەوبەر مەشعوود بارزانیی وەک هەنگی لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە و بە شێوەیەکی هەڕەشەئامێز لەسەر بنەماو ڕیتمی خۆی دوای ئەوەی ژێربەژێر لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێکەوتبوو بۆ پاسادانی هەڵوێستەکانی پێشووی، گوتی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەمەودوا یەک چرکەیش لەسەر خەڵکی تر ناوەستین و حکومەت پێکدەهێنین، بەڵام تا ئێستا دوو ملوێن و پێنجسەد و نەوەدو دوو هەزار چرکە تێپەڕیوەو نە حکومەت پێکهات و نە بارزانییش نوتقێکی نوێی دا! تا ئێستایش بەڕونیی دیار نیە کوڕە گەورەکەی کەی لەسەر عەرشی سەرۆکایەتیی حکومەت دادەنێت. واتا دەبێت تا ئەو ڕۆژەی کوڕە گەورە دەبێتە سەرۆکی حکومەت، ڕۆژانە هەشتاوشەش هەزار و چوارسەد چرکەی تر زیادبکەین، بە جۆرێک ژمارەی چرکەکان هێندە زۆر دەبن، تا دەگەنە ئاستی پارە مۆڵکراوەکانی بارزانیی لە بانکەکانی دەرەوە.
لێدوانەکانی بارزانیی بەشێوەیەکی بەردەوام ئاژاوەی سیاسیی بەدوای خۆیاندا دەهێنن، یاخود دەبنە مایەی نوکتەو پێکەنین و بۆ هەمیشە دەچنە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە. هیچ گومانێکم لەوەدا نییە، کە ئەم لێدوانەی بارزانیی لە هەر وڵاتێکی تری دنیادا بووایە، ڕێکخەرانی کتێبی گینس لە ڕیزبەندی درێژترین چرکەکانی مێژووی کاتنانەوە تۆماریاندەکرد، بەمەیش لانی کەم دەبووە خاوەنی ژمارەیەکی پێوانەیی، کە بەهاکەی لە مێژووی کوردایەتییدا بە ئەندازەی سیویەکی ئاب گرنگ دەبوو.
بەڵام گرفتەکە لەوەدایە، کە ئەم پیاوە یادگەی لاوازەو تەنها بۆ چرکەیەکی دیاریکراو ڕوداوەکانی لەبیردەمێنێت و دواتر بەئاسانیی لەبیریاندەکات، وەک ئەوەی هیچ ڕوینەدابێت، دەنا دەبوو بارزانیی دوای لێدوانەکەی ڕاستەوخۆ کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕابگەیاندایە.

ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەورێت

هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی سیاسیی لە هەرێمدا بوونی نییە، لەبەرئەوەی هەندێک لە حیزبە سیاسییەکان بۆیە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن چونکە دەرفەتی بەشداریپێکردنیان لە حکومەتدا پێنادرێت، ئەگینا لە پارتیی زیاتر ئارەزوومەندی بەشداریکردنن لە حکومەتدا، ئەگەر تەنها وەزیرێکی بێ_وەزارەتیان پێبدرێت.

هەندێکی تریان لەبەرئەوەی لەڕووی ناسنامەی سیاسییەوە ساخنەبوونەتەوەو پێگەی سیاسییان لاوازەو بەشێوە کردارییەکەی بەشێک نین لە پرۆسەی سیاسیی و تەنها لە چوارچێوەی کاری میدیاییدا خۆیان قەتیسکردووە. بەم دۆخەیشەوە ئەو ڕەوتە سیاسییانەی لە دەرەوەی پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون، تووشی داخورانێکی چاوەڕواننەکراوی ناوخۆیی بوونەوە، کە هەم بۆ حیزبەکان خۆیان و هەم بۆ خەڵکی کوردستانیش جێگای شۆک بوو. ئەم داخورانە ناوخۆییە کۆمەڵێک پرسیاری جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا؛ ئایا دەکرێت حیزبێک داوای دیموکراسیی بکات لە حوکمڕانییدا، بەڵام لەناو خۆیداکێشەی تاکڕەویی و بڕیاری تاکلایەنەی هەبێت؟ ئایا دەکرێت حیزبێک داوای شەفافیەت و چاکسازیی دارایی بکات، بەڵام خۆی گیرۆدەی قۆرخکاریی سەرچاوەکانی دارایی بێت؟ ئایا دەکرێت حیزبێک بانگەشەی دورخستنەوەی بنەماڵە سیاسییەکان بکات لە حوکمڕانییدا، بەڵام خۆی بە شێوازێکی مۆدێرن کەسە نزیکەکانی بخاتە ناو جومگە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی حیزبەوە؟ ئایا دەکرێت حیزبێک خۆی بە حیزبی سەرتاسەریی هەرێمێک بزانێت، بەڵام لەلایەکی هەرێمەکە بوونی سیاسیی نەبێت و هەموو ماف و دەستکەوتی حیزبی و سیاسیی بۆ لایەکەی تری هەرێم فەراهەمبکات؟ 

بێگومان هیچ پارتێکی سیاسیی بەدیلی حیزبی دەستەڵاتدار بێت، کە لە تەواوی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆییدا و بەرنامەی بۆ بەڕێوەبردنی حوکمڕانیی جیاواز نەبێت. ئەمەیش گرفتی سەرەکیی حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی کوردییە، کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کاری لەسەر لێکچوونی یەکێتیی و پارتیی کردووە، نەک بەرهەمهێنانی جیاوازیی سیاسیی لە ژیانی حیزبایەتیی و گوتاری بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەو ڕوداوانەی پێشوو، کە لەناو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕویدا، هەنگاوێکی تر ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆنی بەرەو دواوە بردەوەو ترسی ئەوەی لەلا دروستکردین، کە ئەو جوڵە سیاسییەی لە دە ساڵی ڕابوردوودا لە دەرەوەی هێزە حوکمڕانەکان هەبوو، بەرەو پوکانەوە دەچێت، چونکە پێشتر بەهۆی وەفاتی نەوشیروان مستەفاوە و پاشەکشەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، ئۆپۆزیسیۆن گورزی گەورەی بەرکەوت. ئەم دۆخە نوێیەش دەبێتە یەکێکی تر لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەڵوەرینی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە هەرێم.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations