بارزانیی لە عارفەوە تا مەهدیی

ئەحمەد میرە
05.04.2019

دوا_چاوپێکەوتنی حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، پەردەی لەسەر دیوێکی نهێنیی ڕوداوەکانی (16) ی ئۆکتۆبەر و قۆناغی ڕیفراندۆم لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵدایەوە. ئەو چاوپێکەوتنە وەک بۆمبێکی سیاسیی بەهێز بوو عەرشی بارزانیی هێنایەلەرزە، تا ئەو ڕادەیەی نوسینگەی بارزانیی عەبادیی بە دڵڕەش و خاکفرۆش و تێکدەر وەسفکرد. ڕەنگە ئەو پەیامەی نوسینگەی بارزانیی لەسەر عەبادیی توندترین پەیامی پارتیی بووبێت بەرانبەر بە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، کە هەم خۆی پشتیوانیی لێکرد بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران و هەم عەبادییش دوا بزماری لە کورسیی حوکمڕانیی بارزانیی لە سەرۆکایەتیی هەرێمدا. 


کاتێک ڕوداوەکان ڕودەدەن، هەریەکەو بەپێی ویستی خۆی خوێندنەوەیان بۆ دەکات، بەڵام کاتێک بەڵگەکان ئاشکرادەبن، ئەو کاتە خوێندنەوەکان ڕۆڵیان نامێنێت و دۆکیۆمێنتەکان دەکەونە قسە. بەپێی خەمڵاندنە سیاسییەکانی عەبادیی، ئەوەی لە (16) ی ئۆکتۆبەردا ڕویداوە دەرهاویشتەیەکی ڕاستەوخۆی پرسی مامەڵەی هەڵەی بارزانیی بوو لەگەڵ ڕیفراندۆمدا، هەروەها ددانپێدانانێکی تری تێدایە، کە پێچەوانەی ئەدەبیاتی پارتییە، ئەویش ئەوەیە، کە کارەساتی (16) ی ئۆکتۆبەر دەرەنجامی ڕێکەوتنی سیاسیی لایەنەکان نەبووە، بەڵکو دەرهاویشتەیەکی سروشتیی ڕوداوەکانی ڕۆژانی پێش (16) ی ئۆکتۆبەرە. بەپێی ئەو خەمڵاندنە سیاسییە بێت، ئۆباڵی هەموو ئەوەی، کە ڕویدا بە (16) ی ئۆکتۆبەر و شکستی ڕیفراندۆم، بەرهەمی حەزی تاکەکەسییانەی بارزانیی بووە بۆ مانەوەی لە پۆستەکەیدا. هەرچەندە ڕاگەیاندنی نوسینگەی بارزانیی پێیوایە، کە مادام مەسێکی دوژمنی وەک عەبادیی تۆمەتباریاندەکات بە هێزی توندڕەو و تێکدەر، کەواتە ئەوان کوردپەروەرن. بەڵام ئەم تێڕوانینە هەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە، چونکە نە عەبادیی دوژمنی بارزانییەو نە بارزانییش باجی کورد_بوون دەدات، چونکە پاڵپشتی یەکهەمی عەبادیی لەناو کورددا تەنها بارزانیی بوو، بەشی هەرە زۆری پۆستە گرنگەکانی حکومەتەکەی عەبادیی لە پشکی کورد لە کەسە نزیکەکانی مەسعوود بارزانیی بوون. ئەگەر عەبادیی ئەو دوژمنە ترسناکەیە، چۆن دەکرێت خاڵی جەنابی سەرۆک ماوەیەکی سەرۆک خەزنەداری بووبێت، سوپاسالاری سوپاکەی عەبادیی لە بنەماڵەی خاڵوانی جەنابی سەرۆک بوو.


بارزانیی لەو کاتەوەی کەسایەتییەکانی حیزبی دەعوە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان وەرگرتووە، هەر جارەو بە بیانووی سیاسیی جۆراوجۆرەوە پشتیوانیی لەڕادەبەدەری کردوون، دواتر کە زانیویەتی سوود بە پڕۆژە تایبەتییەکەی خۆی ناگەیەنن، کردوونی بە دێوەزمەو شەڕانگێز. بۆنموونە دژی جەعفەریی پشتیوانیی مالیکیی کرد، دژی مالیکییش پشتیوانیی عەبادیی کرد، جارێکی تر لە هەڵبژاردنەکانی (12) ی ئایاری ساڵی ڕابوردوودا لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقیدا بووەوە بە دۆستی عەیارە بیستوچواری مالیکیی، وەک ئەوەی، کە نە بای دیبێت و نە باران. سیاسەتی بارزانیی لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا هێندە سادەو هەرزەکارانەیە، کە هەموو کەسێکی ئاسایی بە ئاسانیی دەستەکەی کەشفدەکات و لە جوڵە سیاسییەکانی تێدەگات، بۆیە هیچ کاتێک یارییە سیاسییەکانی بارزانیی لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە وەک مەترسیی سەیرناکرێن، بەڵام دواجار ئەو یارییە سیاسییانە دەبنە نەهامەتیی بۆ خەڵکی کوردستان. هەرچەندە سیاسەتی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە سەد ساڵی ڕابوردوودا لە سەردەمی پادشایەتییەوە تا حکومەتەکەی مەهدیی خێریان بۆ خەڵکی کوردستان پێنەبووەو هەمیشە لە بۆسەدا بوون بۆ ئەوەی کارەساتی گەورە بەرانبەر بە کورد بخولقێنن، بەڵام لەسەردەمی هاتنی حکومەتی عارفەکانەوە لە عێراقدا، بارزانییەکان لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا دەرفەتیان بۆ حکومەتی ناوەند ڕەخساندووە، تا بە ویستی خۆیان چییان بوێت بە خەڵکی کوردستانی بکەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations