بادانەوەی یەكێتی

محەمەد رەئوف
05.04.2019

بادانەوە بە ئاراستەی 180 پلە لە روانین و هەڵوێستەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كوردستان، بێ متمانەیی و نائومێدی گەورە لەسەر شەقامی ئەو حزبە بە تایبەتی و شەقامی كوردی بە گشتی درووستكردووە، بە جۆرێك ئەم هێزە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا گوتاری سیاسی خۆی بەجۆرێك هەڵكشاندبوو، لای ركابەرەكەی ( پارتی) ببوە واقیع بەو پێیەی بارزانیدا لە تەلەفۆكەنەیدا ئاماژەی بەوەكردبوو كە ئێوە ناتانەوێ لەگەڵمان رێككبكەون، بەڵام لەدوای هەڕەشەكانی بارزانی و هاتنی وەفدی باڵای ئێران بە نهێنی بۆلای یەكێتی، ئیتر ئەو هێزە ماهیەتی راستەقینەی خۆی دەرخست، نەك هەر نەیتوانی ئۆمێد بۆ شەقامی كوردی بگەڕێنێتەوە لەبەرامبەر قەڵەمڕەوی فراوانی پارتی لەتەواوی جومگە ئەساسیەكانی هەرێمدا، بەڵكو بۆ هەتا هەتایە تۆوی نائومێدی لە جەستەی خۆیشیدا ناشت، ئێدی ئەم هێزە نابێتە جێ متمانەو ئومێد، بۆخۆی.
ئەم رێكەوتنە تەلەفۆنیە دەریخست گرفتی سەرەكی ئەم هێزە لەسەرەتاوە روبەروبونەوەی دەسەڵات و تاكڕەوی پارتی نەبوو هێندەی شەڕكردن بوو لەسەر پۆستی چەور بۆ نەوەكانیان، وەرگرتنی وەزارەتێكی زیادەو دەستەیەك و بەرێوەبەرێكی گشتی بۆ كوڕو ماڵی خەزوران و كەسە نزیكەكانی خۆیان.
كوا پرسی كەركوك، بە كوێ گەیشت، كوا شەراكەتی راستەقینەتان، كوا رێكەوتنی شەرەفمەندانەتان، كوا وەزارەتەكەی بەغدادتان، هێزێك نەتوانێت بەرگری لە مەبادیئەكانی خۆی و گوتارەكانی بكات، چۆن دەتوانێت بەرگری لە شەقام و بەرژەوەندییە گشتیەكانی بكات، هێزێك نەتوانێت لەگەڵ ئیرادەی گەرمی شەقامەكەی خۆیدا بێت، چۆن دەبێتە جێگە ئومێد بۆ خەڵكی دەرەوەی خۆی.
چەندین جار پارتی هاتە ماڵی یەكێتی بەڵام یەكێتی تەسلیم نەبوو بەردەوامیش كێرڤی داخاوزییەكانی بەرز دەكردەوە، بەڵام لەدوای هەڕەشەكانی بارزانی، بەیەك تەلەفۆن هەموو شتێك چوەوە سەر سكە راستەقینەكەی خۆی، تەلەفۆنێك توانی ئەو هەموو پرسە ئاڵۆزكاویەی نێوان ئەو دوو هێزە چاك بكات؟
یەكێتی بە رێكەوتنی تەلەفۆنی ماهییەتی خۆی دەرخست، كە شەڕی ئەو شەڕی پچڕینی پۆستە بۆ نزیكان و كۆڕەكانی، شەریكایەتی راستەقینەش، شەریكایەتییە لە پارەو بێرە نەوت وپشكی ئەم باڵ و ئەو باڵ، ئەگەرچی ئەم هێزە ئیرادەیەكی گەنجانە لە ناخیدا خۆی دەرخست، ئێرادەیەكی تیادەركەوت، بەڵام دواجار بە تەلەفۆنێك كۆتاییان هێنا بەو ئیرادەو ئومێدو شەرەفمەندانە موزەییەفەی كە چەند مانگێكە شەقامی كوردییان پێ مەشغوڵكردووە، بۆ دواجاریش ئومێدو هیوایان لەناخی یەكێتیدا ئینتیحاركرد.
ئێتر ئێستا هەموویان چونە سەر رچە رێیەكەی كاكە حەمەی گوڵەخانە، نە خۆ گیڤكردنەوەو نە خۆبادانی كۆبونەوەو لێدوانی ئاگرینی بەردەم شاشە؟؟!!!

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations