قوباد لەگەڵ تۆمە، پارتی گوێت لێ بێت!

رێبوار کەریم وەلی
22.11.2020

سڕکردنی مەلابەختیار و ھۆشداری دان بە ھەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و رێواس فایەقی سەرۆکی پەرلەمان، لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتییەوە، پتر لەوەی دەرخەری ململانێی ناوخۆیی یەکێتی بێت، پێچەوانەکەیەتی.
*
جۆرێکە لە یەکخستنی ھەڵوێستی سیاسیی یەکێتی کە لەماوەی رابردوو لە زۆر شتدا، بانێک و دوو ھەوا بووە.
*
پارتی لەماوەی رابردوودا، ھەوڵی پشتئاوکردنی سەرکردایەتیی یەکێتیی داوە؛ تیمی حکومیی یەکێتیی بە موخاتەب وەگرتووە و ھەوڵی داوە خۆی لە تەماس لەگەڵ ئۆرگانە حزبییە تازەکانی یەکێتی بەدوور بگرێت.
*
یەکەم کەس کە لەناو کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەستی بۆ تەئییدی بڕیارەکە بەرزکردۆتەوە خودی قوباد تاڵەبانی بووە؛ ویستوویەتی لەو ئیحراجییەی لەنێوان پایتەخت و سلێمانیدا بۆی دروست بووە رزگاری بێت. ئەگەرچی ھۆشداریدان بە قوباد تاڵەبانی دەستی سەرکردایەتیی یەکێتی لە سزادانی خەڵکی دیکە واڵا دەکات.
*
خەزووری ھاوسەرۆک سڕ کرا، ئامۆزا و برای ھاوسەرۆکیش ھۆشداریی درایە. بۆیە ئیتر نە سەرۆکی پەرلەمان و نە جێگری سەرۆکی حکومەت ناتوانن لە بڕیاری سەرکردایەتییەکەیان دەربچن. ئەوە پەیامێک بوو بۆ پارتی کە بڵێن مەرکەزی بڕیاری یەکێتی لە جێگەیەکی دیکەیە. ھاوکات ئیتر لێرە بەدواوە تیمی یەکێتیش لە ھەولێر ناتوانن تەڕەفی موخاتەبی پارتی بن و لەسەر بنەمای پەیوەندیی شەخسی بە رووی حزبەکەیاندا بوەستنەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations