چیرۆكێك لە جەلەوە

عیماد ئەحمەد
21.11.2020

وڵاتەكەم خۆش دەوێ
شارەكەم خۆشتردەوێ 
شەیدای جەلەوەم


‎جەلەوە گەڕەكێكی كۆنی خانەقینە و هەرچەندە زۆربەی خەڵكەكەشی كورد بوون‎، بەڵام ‌ مۆزایكێكە  لە كورد و عەرب و  توركمان و سونە وشیعە وكاكەیی، ئەمەش وایكردووە لەهەموو سەردەمەكان خەڵكەكەی بە ئاسانی بێ ناكۆكی تایفەگەری و نەژادگەری  بە یەكەوە بژین.

‎جەلەوە هەڵكەوتێكی سەیری هەیە، كۆڵان و جادەكانی بەقەد نەهامەتی و كولەمەرگی ژیانی مرۆڤەكانی تەسك و پێچا و پێچن‌، كۆڵانێكی سەرەكی گەڕەكەكە  قیرتاو بوو، بەڵام  هێندە تەسك بوو بەزەحمەت سیارە پیدا ئەرۆیشت، سێ كۆڵانی تری هێندە تەسك بوون سەیارەی هەر پیا نەئەرۆیشت.

‎ئەم گەرەكە ئەكەوێتە دەستی چەپی شارەكە و لە نێوان رووباری ئەڵوەن وجۆگە ئاوی عالیاوەیە،  لەو بەری ئاوی ئەڵوەنەوە لە سەر رۆخی ئاوەكەوە بە ریز بە یەكەوە ،ماڵی قایمقام و قوتابخانەی سەرەتایی كچانی خانەقین  وقوتابخانەی ناوەندی كچان و سەرای خانەقین  و مزگەوتی مەجید بەگ و حەمامی عەبدالله بەگ  ئەكەونە بەرامبەری پشت و كەمەری بە باخ تەنرابوو ئەو باخانەی كە دیمەنێكی رازاوەیان پێ بەخشیبوو  دارەخورماكان سێبەری فێنك  و سەعافەكانیش  (لقی سەری دارەخورما)باوەشینی  قرچەی گەرمای هاوینن.‎  (كوپری گەورە )  كە پردێكی بەردینی كۆنە و لە سەردەمی سەفەویدا دروست كراوە جەلەوە ئەبەستێتەوە بە بەشەكەی تری خانەقینەوە.

‎لە كۆتایی وەرزی زستاندا بە هۆی لافاوی ئەڵوەنەوە جاروبار رێگای سەرەكی دادەخرا و لە وەرزی بەهاریشدا(قەداح)ی دار پرتەقاڵەكانی دەوروبەری بۆن و بەرامی خۆشی بەسەردا دەباراند ‎زۆربەی هەرە زۆری خانوەكانی ئەوگەڕەكە بە قوڕ و دارەرا دروست كرابوون، زۆبەی خانوەكان چەند خێزانێكی تیا ئەژیا، تەنانەت خانوی وا  هەبوو حەوت خێزانی تێدابووە، بەجۆرێك  هەر خێزانێك ژوورێكی بە كرێ ئەگرت پێی ئەوترا (نزڵ) خانوەكەش هەرچەند خێزانی تیا بووایە  یەك حەوز وبەلوعەی ئاو و یەك ئاودەستی هەبوو(پێ ئەوترا عەدەب خانە)و  زۆربەی خانوەكانش ستارەی سەربانیان نەبوو هاوینان هەموان لەسەربان ئەخەوتن و‎ تا درەنگان خەریكی قسەو باسی رۆژانەی خۆیان بوون. بەیانیان بە دەنگی بولبول و چریكەی مەل وهاژەی ئەڵوەن  ونەرمە تیشكی خۆر خەبەریان ئەبووەوە.


‎بەهۆی نزیكی باخەكانەوە خەڵكی ئەم گەڕەكە تایبەتمەندی خۆیان هەبوو، فێری راوی باڵندە و دانانی تەڵە بۆ بەراز و كوشتنی مار بوبوون.


هەروەها نزیكی ئەڵوەن وایكردبوو زۆربەی خەڵكەكە مەلەوان و فێری راووە ماسی بن ‎پەیوەندی كۆمەڵایەتی نێوان خەڵكەكە بە هێز بوو بەجۆرێك هەمووان لە خۆشی و ناخۆشێ یەكتری بەشدار بوون ‎لە هاویندا ژنان بە هەرەوەزی خەریكی دروستكردنی دۆشاوی تەماتەی ئاوداری عالیاوە بوون و لە كۆتایی پایزیشدا  هەمووان بە ژن و پیاو و منداڵەوە بە هەرەوەزی بەشداری (سەرام) بڕینی خوشە خورما ئەكردو لە دواییا ژنان خەریكی دۆشاوی خورما ئەبوون، هەندێ لە خێزانەكانیش (تەوش)ی میوەی هەڵوەریوی ژێر درختەكانیان بەرئەكەوت. 

‎ئەم گەرەكە خاوەنی هەندێ كەسایەتی تایبەت بوو  هەر یەكە و لە بواریكدا دیار و بەرچاو بوون، بەڵام داخەكەم بۆ عزیز نەسینێك بۆ ئەوەی هەریەكەیان  بكاتە كاراكتەرو پاڵەوانی چیرۆك و رۆمانەكانی.

‎یەكێك لەكاراكتەرەكانی چیرۆكی راستەقینەی ژیان لە جەلەوە خاڵۆ نەزەر بوو، ئەم زاتە پیاوێكی باڵا بەرز و قیافەت رێكوپێك و گەنم رەنگی مەیلە و سپی و دەم بەپێكەنین بوو، لەبنەڕەتەوە لەگوندی عالیاوە و لە دایك بووی ساڵی (١٩٢٨) و زەهاوی بوو، خێزاندار بوو و كورێك و شەش كچی هەبوو، ئەو پیاوە جوتیارێكی دەس بەبەرەكەت بوو.

خاڵۆ نەزەر  سەرەڕای جوتیاری كەرەستەی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ قەبر هەڵكەندن و لە كاتی مردنی كەسێك لە گەرەكەكە ئەو لە گەڵ ژمارەیەك گەنج كە منیش یەكێك بووم لەوانە قەبرەكەیان ئامادە ئەكرد و مردووەكەیان بە خاك ئەسپارد.

‎ئەو پیاوە هەموو ساڵێك لە پایزان بە هەرەوەزی لە گەڵ گەنجانی گەرەكەكە  سواقی قوڕی سەربانی خانووەكانی ئەكرد، دوای ئەو بۆ ماوەیەك من ئەو ئەركەم گرتە ئەستۆ.
‎ خاڵۆ نەزەر پیاوێكی موسڵمان و ئیماندار بوو، شانبەشانی ئەمەش پیاوێكی نیشتیمان پەروەر و خاوەن هەڵوێست و لە رووی سیاسیشەوە كوردپەروەر و پارتی بوو.
 
‎دوای هەرەسی شۆرش لە ساڵی (١٩٧٥) خەڵكی خانەقین كەوتەنە بەر شاڵاوێكی بەرفراوانی راگوێزان و دەرپەڕاندن  بۆ ناوچەكانی خواروی عێراق، تەنانەت  لادێكان و دەوروبەری شارەكەشی گرتەوە. ئا لەوسەروبەندەدا  خاڵو نەزەر لە ترسی راگوێزانی زۆرەملێ، خۆی جەلەوەی جێهێشت و چووە ئەبوغرێب، سەید هاشم كە ئەفسەرێكی خانەنشینی سەردەمی مەلیك و ناسیاوی بوو لەوێ لە باخی ئەفسەرێكی دۆستێكی خۆی  دایمەزراند و لەوێ نشتەجێ بوون.

‎دوای ماوەیەك خاڵۆ نەزەر بەعەگاڵ و عەبایەكی عەرەبیەوە سەردانی جەلەوەی كردەوە بۆ ئەحواڵ پرسین و ‌وەكو ئەوەش بڵێت ئەوە من پێشوەخت خۆم نەجاتدا و ئێوەش چاوەروانی رەحمەتی بەعس بن، ‎رۆژگار رۆیشت و قەدەریش وا بوو جەلەوە بەر راگوێزان نەكەوت.

‎ دوای نزیكەی دوو ساڵ بە هۆی جەور و زوڵمی دامودەزگای ئەمن و ئیستخبارات و بێتاقەتی نەگونجانی و هەستی نامۆیی وای لەخاڵۆ نەزەر كرد بەناچاری بڕیاری گەڕانەوە بۆ جەلەوە بدات، بەڵام سیناریۆیەكی سەیری بۆ گەڕانەوەی خۆی داڕشتبوو، پێشتر ئەندامانی خێزانەكەی ناردەوە  و گوایە خۆی دوای ئەوان دێتەوە، بەڵام چەند رۆژێك دوای هاتنەوەی خێزانەكەی هەواڵی خۆ كوشتنی حاجی نەزەر  گەیشت  كە بە پەتێك خۆی  بە دارەتوویەكی باخەكەوە هەڵواسیبوو كۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو. ئیتر قەدەر وایكرد لە جیاتی خۆی تەرمەكەی بهێندرێتەوە بۆ جەلەوەو بە هەمان كەرەستەكەی خۆیشی لە گۆڕستانی ئیمام عەباس بەخاك بسپێردرێت.

‎ لەو كاتەدا خەڵكی گەڕەك هەندێكیان خەفەتباربوون بۆ مردنی، ئەوانی تریش رەخنە و گلەیی گازاندەیان  لێی هەبوو، من ئەوكات لە بەرەی دووەمدا بووم و رەفتارەكەی خاڵۆ نەزەرم بە دڵ نەبوو، ئەمووت چۆن ئەبێ كەسێك بەهەر هۆیەك و لەژێر هەر فشارێك بێ دەست لە ناسنامەی نەتەوەیی هەڵبگرێ، بەڵام نەمئەزانی خاڵۆ نەزەر لەناخیدا هەستی نەتەوەیی نەك نەشكاوە بگرە پتەوتر بووە.

‎ چیرۆكی خاڵۆ نەزەر و  هەموو دانیشتوانی ئەو گەڕەكە ‌ لە دنیایەكی سادەو بچووك روویان ئەدا، لەجوگرافیایەكی پڕ لە مەینەت و ئازار و كوێرەوەری هەڵئەقوڵان، بەڵام بەیەكەوە زنجیرەی هەرە گەورەی رووداو و بەسەرهاتەكانی كوردستانیان تەواو ئەكرد، ئەو رووداوە بچوكانەوە بەیەكەوە مانایان ئەدا ژیان، دوای چەندین ساڵ لەو بەسەرهاتانە، ئێستا بەدەست خۆم نییە بیركردنەوە و خەیاڵم پەلكێشم ئەكەن بۆ بەراوردێكی سەیر،  بەخۆم ئەڵێم ئەوەی ئەوكات  ئەو  پیاوە كردی  تەنیا زیانی بۆ خۆی و ناو وناوبانگی تاكەكەسی خۆی بوو، بەڵام  لە بەر پارێزگاری لەكەرامەت و عیزەتی نەفس وازی لە دین و دونیا هێنا و  خۆی كوشت، رووی نەهات جارێكی تر تەنیا لەبەر راكردن و پۆشینی عەگال و عەبای عەرەبی رووبكاتەوە جەلەوە و سەرەنجام سزای هەڵواسینی بەسەر خۆیدا سەپاند. 


داخەكەم . نازانم چۆن بەراوردی ئیمڕۆ بەو رۆژگارە بكەم  بەڵام ئەتوانم بڵێم سەد رەحمەت لە روحی خاڵو نەزەر.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations