نەخشەڕێی رزگاریی نیشتمانیی

سەرتیپ جەوهەر
15.11.2020

ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان روودەدات دەرەنجامی درێژەكێشانی هەڵسوكەوت و مامەڵەی بەشێك له‌ كاربەدەستانی هەرێمی كوردستانە كە ئابووریی هەرێمی كوردستانیان بە تەواوی قۆرخ كردووە و دەیانەوێ‌ لە پەنای هەندێ دروشمی قەومیی درێژە بەو سیاسەتە بدەن.


تەنها بەغدا گرفتی لەگەڵ بەشێك لە كاربەدەستانی هەرێم نییە سەبارەت بە دۆسییەی نەوت، بەڵكو خەڵكی كوردستانیش هەمان گرفتیان هەیە. ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە دەیان رێكەوتن و گرێبەستی جیاوازیان سەبارەت بە نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان و تەنانەت وڵاتانی دەرودراوسێ‌ كردووە. تائێستا ئامادەنین ئاشكرای بكەن! گرێبەستێكی 50 ساڵی لەگەڵ تورك كراوە سەبارەت به‌ هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و وردەكارییەكانی، ئەو گروپه‌ دەستڕۆیشتوەی هەرێم ئامادە نین نەك بۆ بەغدا، بەڵكو بۆ پەرلەمان و بگرە بۆ شەریكی حكومڕانیشیان ئاشكرای بكەن.


لەگەڵ ئیمزاكردنی رێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت لە نێوان ئەو گروپه‌ دەستڕۆیشتوەی هەرێم و تورك لە كۆتایی 2013، بەغدا پارەی هەرێمی بڕی. بەردەوامبوون لە سەر سیاسەتی چەوت و هەوڵدان بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو سیاسەتە لە پەنای دروشمی قەومیی و هەڕاجكردنی سامانی ژێر زەوی ئەم وڵاتە، خەڵكی كوردستانی ئەوەندەی دیكە روبەرووی برسێتی و قاتوقڕیی و نەبوونی كردۆتەوە!


ئەگەر ئەوەی تائێستا رویداوە حزبێك یان بەشێك لە كاربەدەستانی كوردستان لێی بەرپرس بن، ئەوا بەرپرسێتی داهاتوو دەكەوێتە ئەستۆی هەمووان. ئەوەی رویداوە رابردووە، پرسیاری ئێمە ئه‌مه‌یه‌، بزانین پلانی لایەنە سیاسیەكان بۆ چارەسەری ئەم دۆخە چییە؟


باشترین چارەسەر، بەر لەوەی قسە لەسەر رووداوەكانی ناو پەرلەمانی بەغدا بكرێت، پێویستە بگەڕێینەوە ناوخۆی هەرێم و چیتر چارەسەری گرفتەكان دوانەخرێت. پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە دەرەوەی پەرلەمان كۆببنەوە و هەڵوێستی سیاسی خۆیان سەبارەت بە دۆخی حكومڕانی كوردستان دەرببڕن. نەخشەڕێیەك بە ناوی نەخشەڕێی رزگاریی نیشتیمانی رابگەینن كە بنەماكەی بریتی بێت لە یەكلاییكردنەوەو ئاشكراكردنی تەواوی گرێبەستەكانی نەوت و چاكسازیی لە سێكتەر و جومگەكانی حكومڕانیی هەرێم و خۆ ئامادەكردن بێت بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی دوور لە ساختەكاریی. هەروەك نەخشەڕێیەكە رێبدات بە پێكهێنانی وەفدێك لە حزبە سەرەكییەكان بە ناوی خەڵكی كوردستان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی دروست لەگەڵ بەغدا و رەنگڕێژكردنی پەیوەندی ئابوریی و سیاسی نێوان هەردوولا لە سەربنەمای دەستوور.


بۆیە كۆبونەوە لە دەرەوەی پەرلەمان بكرێت، چونكە ئەم پەرلەمانەی ئێستا نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵك ناكات! بەرەنجامی هەڵبژاردنێكی پڕ كەموكوڕیی لە دایكبووە. زۆرینەیەكی پەرلەمانی لێ‌ دروستكراوە توانای بڕیاردانی پەكخستووە. بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئەو كۆبونەوەیە بكەنە بەدیلی كۆبونەوەی پەرلەمان و بڕیاری چارەنوسساز لە بارەی پەیوەندی لە گەڵ بەغداو داهاتووی حكومڕانی كوردستان بدەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations