ئاوی جامەکە لێی دەڕژێت

خالید سڵێمان
12.11.2020

با ئێمە واز لەوە بێنین کە شیعەو سوننە دژی کوردن و خۆمان بە (قوربانیی) دابنێین، چونکە ئاسانترین شت لە ئاست فەشەلی سیاسیدا وەرگرتنی ناسنامەی قوربانییە، بگرە کورد لە مێژودا باجێکی گەورەی ئەم ناسنامەیەی داوە. با کەمێک هێور ببینەوەو چی تر قسەی حوکمڕانانی کوردستان نەبنە سەرچاوەی بیرکردنەوەمان و ختوکەی هەست و سۆزمان نەدەن، با کەمێک بە لۆژیکیی پرسیارەکە ئاراستەی خۆیان بکەین. یانی چی نایانەوێت نەوتی هەرێم و داهاتە فێدرالیەکانی تر تەسلیمی حکومەتی فێدرالی بکەن و داوای پارەش لە بەغدا دەکەن؟


ئەمە بەرگریی نیە لە بەغدا، کە تا بینەقاقا لە گەندەڵیدا چەقیوە، بەڵام پرسیارە لە داهاتی نەوتی کوردستان، لە نوخبەیەکی فەرمانڕەوای بێ پەروا لە دەوڵەمەندیدا، هەروەها لە کۆمەڵگەیەک کە لە پاشەکشێیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتوریی بەردەوامدایە. ئەوەی ئاشکرایە ئەم دۆخە نالەبارەی هەرێمی کوردستان کە لەسەر دەستی نوخبەیەکی خراپتر لە نوخبەی حوکمڕانی شیعەکان دروست بوە، ئەو ئامانجەیە کە حوکمڕانانی عیراق (شیعەو سوننە)، خەونیان پێوە ئەبینی و ئێستا لە سەر سینییەک لەزێڕ خراوەتە بەردەستیان.


فەرمون، چارەسەرتان چیە بۆ ئەم زەلکاوەی دروستان کردوە، ئایا کڕوزانەوە وەک قوربانیی دەستی (شۆڤینیزم) و وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵک چەکێکی بەردەوامە بۆ بەردەوامیتان لەسەر کورسی حوکمڕانیی؟ چۆن لەم زەلکاوە دەردەچن و نەخشە ڕێگاتان چیە؟ ئایا ئەوەتان بۆ ئەچێتە سەر، هەر بیرکردنەوەیەک بۆ دەرچون لەم دۆخە بە خیانەت لەقەڵەم بدەن؟ ئێوە بۆ ماوەی سی ساڵە، جەماوەرێکی زۆر لە ڕێگەی پارەوە بەخۆتانەوە گڕێدەدەن و بەرگریتان لێدەکات، بەڵام ئیتر ئەمەتان بۆ ناچێتە سەرو جەماوەرەکەشتان کە برسی بو، ئیتر گوێ ناداتە سیاسەت و ملکەچیش نابێت، شارە نمونەییەکانتان وەک گیتۆی سیاسی ئەمێننەوەو شارە ڕاستەقینەکان کە ئێوە وەک شاری (عەوام) تەماشایان دەکەن، دەبنە ڕوبەری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی چاوەڕواننەکراوە.


ئیتر لۆمەکردنی بەغدا دەست نادات، ئاوی جامەکە لێی دەڕژێت!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations