رێککەوتنی موزەیەف دەرەنجامەکەی ھەر وادەبێ!

کاروان عەلی شامار
12.11.2020

بەوجۆرەی كە چاوەڕێ دەكرا ھەموو ئەو ئومێدانەی لەسەر پارتی و ماڵباتی بارزانی ھەڵچنرابوون لەھەمبەر رێکەوتن لەگەڵ بەغدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەموو لەبارچوون! ئەمەش دوای ئەوەی كە بنەماڵە جارێكیتر بەهۆی ئەو سەفقانەی كەپێشتر بەناوی ئابوری سەربەخۆوە بەدۆسیەی نەوتی هەرێمەوە كردوویانەو نەیانتوانی رێككەوتن لەگەڵ بغداد وەك خۆی جێبەجێبكەن، پارتی دارێكی هەڵگرتوە كە هەردوو سەرەكەی سووتاوە كەبریتین لە ئابوری سەربەخۆو رێككەوتن لەگەڵ بغداد، عەیامێكە ئابوریە سەربەخۆكە سەری خورا، وە ئەمڕۆش بغداد ریككەوتنی لەگەڵ گەیاندە بنبەست، پارتی لەرابردوودا بەباشی دەیزانی عێراق ناچێتە ژێرباری هەرێمێكی ئیفلاسەوە بۆیە دەیویست بەهەرنرخیك بێت بەپشتیوانی ئەمریكیەكان رێکەوتنێکی موزەیەف لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عیراقیدا بکات، بەڵام کوردەواری دەڵێ کەڵەکە بەردێک بناغەکەی باش نەبێ ئەمرۆ نا سبەی ھەردەروخێ. رەنگە لەگەڵ یەكەم نمەبارانەكانی پایزی ئەمساڵماندا ئیتر زۆرشت بروخێت !


لەراستیدا شتیكی شاراوە نیە كە بەشێك لە عەرەبی عیراقی بەسونەو شیعەوە شۆڤینیانە بیردەكەنەوەو تائاستی سڕینەوە لەدژی كورد دەوەستن، لێ ھەندێکیشیان لەئاستی باڵادا لەسی مانگی رابردوودا زۆر ھەوڵیاندا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا نەگاتە بەبنەبەست، هەموو هەوڵی ئەوان تەنها ئەوەبوو كەهەرێم مانگانە بڕیك نەوت بداتە عێراق تابیانویەك نەهێڵێتەوە بۆ شۆفێنیزمەكان، بەڵام دۆسیەی نەوت كەلەبنەڕەتدا بە بنەماڵەیی و بگرە بەتاكە كەسیش كراوە و لەدەستی حكومەتی هەرێمدا نیە بۆیە نەیتوانی هیچ هەنگاوێك بەئاراستەی بەرەوپێشچون لەگەڵ بغداد بنێت، ئاخر شۆفێنیەكان دەیانزانی خاڵی لاوازی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە نەوتی لەدەستدا نیە بۆیە پێیان بۆ داواكاری لەو جۆرە ڕادەكێشا، هەربۆیە لەسەرەتاوە تائێستا بنەماڵەی بارزانی جدی نەبوون لەڕێككەوتن، چونكە هیچیان نەبوو تابیبەخشن و لەبەرامبەردا شتێك بەدەستبهێنن.


دواجار ئەو هەوڵانەی كە چەند مانگێكە دەدران بۆئەوەی بغداد و هەولێر رێكبكەون ئەمڕۆ سەرجەمیان خاڵی بوونەوەو، لەھەموو ئەو رووداوانەش خەڵک قوربانی یەکەمە و پارتیش بەردەوام دەبێ لەسەر فرۆشتنی نەوت و برسیکردنی ھاونیشتیمانیان، لەهەموو حالەتێكیشدا دورنیە پلان و رێکەوتنی دوێنێ شەوی نێوان سونی و شیعەکان لەسەر برین و نەناردنی (٣٢٠) ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم دەستێکی پارتی تیابووبێ!


خولاسە، گەری دانوستانەكان لەگەڵ بغداد گەشتنە بنبەست و قاسەی حكومەتی هەرێم بەتاڵە، موچە نیەو خەڵك لەوپەڕی نائومێدی و نەبونیدایە، لەلایەک چاوەڕوانی ئاکت لە بەرھەم ساڵح دەکەن کە ئایا ھەڵوێستی چی دەبێ لەسەر پرۆژە یاسایی قەرز کە تێپەڕێنراوەو ھەنوکە گەشتۆتە سەرۆکایەتی کۆمار! (چون ھەموو بڕیار و پرۆژە یاسایەک کە دەردەچێ پێویستی بە واژوو تەسدیقی سەرۆک کۆمارە).


لەلایەکی تریش چاویان لە دەستپێکردنی مانۆڕێکی تری سیاسی و دیپلۆماسی یەکێتیی و لاھور شێخ جەنگی یە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، کە بتوانێ جارێکی ترو سەرلەنوێ رێککەوتنێک نێوان ھەرێم و بەغداد ئەنجام بدرێ و لە میزانیەی ساڵی ئایندە بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێم گەرەنتی بکرێ، ئەم کارەش ئاسان نییەو لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدایە، چون ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە پارتی دەیەوێ ئیدامە بە سیاسەتی برسیکردنی خەڵک بداو نایەوێ مولزەم بێ بە ناردنی یەک بەرمیل نەوت لەرێگەی سۆمۆو ھەموو جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدادا رەت دەکاتەوە!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations