لیبیا گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی تورکیا و سعوودیە

13.07.2019

لڤین: سەروەت هەڵەبجەیی

تورکیا چالاکانه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆیی لیبیا ده‌بینرێت، سه‌رۆک کۆماری تورکیا به‌ ئاشکرا خۆی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ژەنڕاڵ حه‌فته‌ره‌وه‌ ده‌بینێت که‌ له‌ لایه‌ن میسر و سعودیه‌ پاڵپشتی ده‌کرێت، مه‌ترسی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی نێوان تورکیا و سعودیە له‌ لیبیا زیاتر بووه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ی که‌ له‌ ڕاستیدا شه‌ڕی هه‌ژموونی ئه‌وانه‌ له‌ ناوچه‌که‌.

به‌ پاڵپشتی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له‌ فائیز سراج سه‌رۆکی حکومه‌تی نیشتمانی لیبیا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر که‌ له‌ لایه‌ن سعودیه‌ پاڵپشتی ده‌کرێت، مه‌ترسی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی نێوان ئه‌نکه‌ره‌ و ڕیاز له‌ ئارادایه‌.

ناوبراو له‌ ساڵی 2010 وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و کاته‌ی تورکیا ئه‌م خه‌ڵاته‌ی له‌ مه‌عمه‌ر قه‌زافی دیکتاتۆری ئه‌و کاته‌ی لیبیا وه‌رگرت. ساڵی دوایی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی قه‌زافی ڕووخا.

کۆمپانیاکانی تورکیا له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی ته‌رابلوس له‌ سه‌ر چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگ به‌ بڕی 18 ملیار دۆلار گه‌یشتنه‌ ڕێکه‌وتن

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا به‌ ڕووخانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی قه‌زافی یه‌کێک له‌ هاوپه‌یمانه‌کانی خۆیی له‌ ده‌ستدا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ جێگیربوونی پێگه‌ی ئه‌نکه‌ره‌ له‌م وڵاته‌دا به‌کارهێنا. کۆمپانیاکانی تورکیا له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی ته‌رابلوس له‌ سه‌ر چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگ به‌ بڕی 18 ملیار دۆلار گه‌یشتنه‌ ڕێکه‌وتن.

به‌ڵام حکومه‌تی نیشتمانی لیبیا که‌ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌ فه‌رمی ناسراوه‌، له‌ دۆخێکی ناسه‌قامگیردایه‌، ساڵانێکه‌ که‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر به‌ سوپاکه‌یه‌وه‌ که‌ به‌ سوپای نیشتمانی لیبیا ناسراوه‌، کۆنتڕۆڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ و شاری بنغازیی کردووه‌.

حه‌فته‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ به‌ پاڵپشتی سعودیە و چه‌ند وڵاتێکی ڕۆژئاوا هێرشه‌کانی به‌ ئامانجی ڕووخانی حکومه‌تی لیبیا له‌ ته‌رابلۆس ده‌ستپێکرد.

ژنڕاڵ حه‌فته‌ر و هاوپه‌یمانه‌کانی وه‌ک سعودیە، ئیمارات و میسر ده‌ڵێن که‌ فائیز سراج سه‌رۆکی حکومه‌تی نیشتمانی لیبیا که‌سێکی سه‌ر به‌ ئیخوانه‌کانه‌ که‌ خاڵی هاوبه‌شی زۆری له‌ گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌یه‌.

له‌ کاتی هێرشه‌کانی حه‌فته‌ر بۆ ته‌رابلۆس، حکومه‌ت چه‌ندین تانکی بۆ به‌رگری له‌ شاره‌که‌ به‌ کار هێنا که‌ ده‌وترێت له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌ نێردراوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌گه‌ری سه‌لماندنی ده‌توانێت پێشێلکردنی گه‌مارۆی سه‌ربازی سه‌ر ئه‌م وڵاته‌ له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ بێت. ئه‌مرووڵا ئیشلر نێرده‌ی تایبه‌تی تورکیا بۆ کاروباری لیبیا ناردنی چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی بۆ ئه‌م وڵاته‌ به‌ درۆ خستووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت به‌ هه‌ر شێوازێک پاڵپشتی له‌ حکومه‌تی نیشتمانی لیبیا ده‌که‌ین.

تورکیا لیبیا وه‌ک دراوسێی خۆی ده‌زانێت. که‌ناراوه‌کانی هه‌ر دوو وڵات که‌ دوورگه‌یه‌کی یۆنانی که‌وتووه‌ته‌ ناوه‌ڕاست، نزیکه‌ی 600 کیلۆمه‌تر مه‌ودای نێوانیانه‌، به‌ڵام ئه‌نکه‌ره‌ ده‌یه‌وێت به‌ ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی وزه‌، کۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ ده‌ست بگرێت. بۆ وه‌ها ئامانجێک رۆڵی لیبیا کاریگه‌ر ده‌بێت.

مه‌ترسی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی ئه‌نکه‌ره‌ و ڕیاز:

ئه‌ردۆغان له‌م قۆناغه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی لیبیا هیوای به‌ سه‌رکه‌وتنی سراج هه‌یه‌. ئه‌و ماوه‌یه‌کی پێش ئێستا له‌ شاری ئه‌سته‌نبووڵ پێشوازیی له‌ سه‌رۆکی حکومه‌تی نیشتمانی لیبیا کردووه‌.

سه‌رۆک کۆماری تورکیا خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ری وه‌ک چه‌ته‌یه‌کی ده‌ریایی ناو بردووه‌. هێزه‌کانی سه‌ر به‌ خه‌لیفه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا 6 هاووڵاتی تورکیایان ده‌ستبه‌سه‌ر کرد، به‌ڵام کاتێک هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌نکه‌ره‌ به‌وان گه‌یشت، ئه‌و که‌سانه‌ له‌ لایه‌ن حه‌فته‌ره‌وه‌ ئازاد کران.

ئه‌نکه‌ره‌ هاوکات له‌ لیبیا شه‌ڕی ڕیازیش ده‌کات. دۆخی ئێستای لیبیا مه‌ترسی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی نێوان تورکیا و سعودیە پێوه‌ ده‌بینرێت. تورکیا له‌ لایه‌ک‌ و میسر و سعودیەش له‌ لایه‌کی دیکه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌وه‌ ده‌بینرێن. ئه‌م ململانێیەش لانیکه‌م له‌ کاتی تیرۆری جه‌مال خاشقچی ڕۆژنامه‌نووسه‌ ڕه‌خنه‌گره‌که‌ی سعوودیا زیاتر و ئاشکراتر بووه‌.

ئه‌ردۆغان دۆسیه‌ی تیرۆری خاشقچی له‌ دژی جێنشینی سعودیەبه‌ کار دێنێت که‌ ده‌وترێت ده‌ستی له‌و تاوانه‌دا هه‌بووه‌. پێده‌چێت ئێستا لیبیا بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی ململانێکانی ئه‌ردۆغان و بن سه‌لمان که‌ له‌ ڕاستیدا شه‌ڕی زیاتربوونی هه‌ژموونی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ له‌ ناوچه‌که‌.

له‌ میسر و له‌ پاش کوده‌تا سه‌ربازییه‌که‌ی ساڵی 2013 حکومه‌تێک ده‌بینرێت که‌ تورکیا به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانێت.

به‌ڵام دۆخی لیبیا تا ڕاده‌یه‌ک به‌ دڵی ئه‌ردۆغانه‌. هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی سه‌ر به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی لیبیا تا ئێستا ڕووبه‌ڕووی هێرشی هێزه‌کانی حه‌فته‌ر بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌وان له‌ هێرشی سه‌ر پایته‌خت سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون و چه‌شنێک له‌ هاوسه‌نگی هێز له‌ نێوان هه‌ر دوو لایه‌نی شه‌ڕی ناوخۆیی لیبیا ده‌بینرێت. بۆ تورکیاش ئه‌مه‌ هه‌واڵێکی باشه‌.

441 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations