حكومه‌تی ناوه‌ندی ناچار دەکرێت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج نه‌كات

11.07.2019

لڤین:

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌ست به‌ كۆكردنه‌وه‌ی واژۆی په‌رله‌مانتاران كراوه‌ بۆ زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك له‌یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩  بۆئه‌وه‌ی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم خه‌رج نه‌كرێت تا ئه‌وكاته‌ی نه‌وت راده‌ست ده‌كات.

مه‌نسور بعێج،ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق  له‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌"ده‌ستیان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی واژۆی په‌رله‌مانتاران كردوه‌ بۆئه‌وه‌ی بڕگه‌یه‌ك بۆ یاسای بودجه‌ی فیدراڵی زیاد بكرێت و تێیدا حكومه‌تی ناوه‌ندی ناچاربكات هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج نه‌كات ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستنه‌كات".

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ش کردووە"ئه‌وه‌ مافێكی سروشتی ئه‌و پارێزگایانه‌یه‌، كه‌ نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنن، چونكه‌ هیچ مانای نییه‌ داهاتی نه‌وت راده‌ستی هه‌رێمی كوردستان بكه‌یت و ئه‌ویش نه‌وت بۆ خۆی به‌رهه‌مبهێنێت".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوینەران ئاشکرای کردووە"دژی گه‌لی هه‌رێمی كوردستان نین، به‌ڵام ناكرێت بێده‌نگ بن له‌ راده‌ستنه‌كردنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی و پشكی خۆیشی له‌ بودجه‌ی گشتی وڵات وه‌ربگرێت".

ڕگەیەندراوەکەی ئەندامەکەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،له‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا لە کاتێکدایە به‌پێی یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٩ ی عیراق، ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌ راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌ و بابه‌تێكی جیاوازه‌.

1875 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations