لەبارەی پرۆسەی دانانی پێوەری ئاو و خوێندنەوەیان ڕوونکردنەوە دەدرێت

11.07.2019

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ،بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە پارەیەکی زۆریان بۆ هاتۆتەوەو گومانیان لە پسولەی ئاوەکەیان هەیە،دەتوانن لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت.

لە ڕونکردنەوەیەدا کە وێنەیەکی دەست ( لڤین ) کەوتووە،بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاندووە" بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان،هاوكات كەمكردنەوەی ڕێژەی زێدەڕۆیی كردن لە بەكارهێنانی ئاو و دابەشكردن و گەیشتنی ئەو خزمەتگوزاریە سەرەكیەی ژیان بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بەشێوەیەکی یەکسان".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە"پرۆژەی دانانی پێوەری ئاومان پێ‌ باشترین ڕێگە چارە بووە،بۆیە دوای جێبەجێكردنی تەواوی هەنگاوەكانی دانانی پێوەری ئاو لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك كە ڕێژەكەی گەیشتە زیاتر لە % ٨٠ ".

ئەمەی خوارەوەیش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:

ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆوە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان


هەندێک لە میدیاكان لەبارەی پرۆسەی دانانی پێوەری ئاو و خوێندنەوەیان هەندێ ڕاپۆرت و لێدوان بڵاو دەکەنەوە،بەشێوەیەک كە پرۆسەكە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا نییە لە كاتی ئێستادا،بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی دەكەینەوە كە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان،هاوكات كەمكردنەوەی ڕێژەی زێدەڕۆیی كردن لە بەكارهێنانی ئاو و دابەشكردن و گەیشتنی ئەو خزمەتگوزاریە سەرەكیەی ژیان بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بەشێوەیەکی یەکسان،پرۆژەی دانانی پێوەری ئاومان پێ‌ باشترین ڕێگە چارە بووە،بۆیە دوای جێبەجێكردنی تەواوی هەنگاوەكانی دانانی پێوەری ئاو لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك كە ڕێژەكەی گەیشتە زیاتر لە % ٨٠ ،لە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەدا ئاگاداری هاوڵاتیانی كوردستانمان كرد،لە ماوەیەكی دیاری كراودا دەست بە خوێندنەوەی پێوەری ئاو دەكرێت و هەموو بەكارهێنەرانی ئاوی خواردنەوە بەپێی ڕێژەی بەكارهێنانەكەی پارەی لێ‌ وەردەگیرێت،ئاگاداریشمان كردنەوە هەر كەسێك پێوەری ئاو لەو ماوە دیاری كراوەدا نەبەستێ،دوچاری پێ‌ بژاردن دەبێتەوە،بەڵام دوای تەواو بوونی وادەكەش كە ١ ی تەمموزی ٢٠١٩ بوو،بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستان دوو مانگی دیكە وادەكەمان درێژ كردەوە.
بۆ ئەو هاوڵاتیانەشی کە پارەیەکی زۆریان بۆ هاتۆتەوەو گومانیان لە پسولەی ئاوەکەیان هەیە، جارێكی دیكە ئاگاداریان دەكەینەوە لەوەی،دەتوانن لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت.
پرۆژەی بەستنی پێوەری ئاویش یەكێ‌ لە پرۆژە سەركەوتووەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەپێناو بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ‌ كراوە،ئەو پارەی كە هاوڵاتیان بۆ بەستنی پێوەرەكەش داویانە،مانگانە دوای ئەژماركردنی ئەو ئاوەی بەكاریان هێناوە،پارەیەكی كەمتریان لێوەردەگیرێت وەك قەرەبوویەك بەرامبەر پارەی پێوەرەكەیان كە بۆ بەكارهێنانی ئاو داندراوە،هاوکات پرۆژەکە لەپێناو ئەوەیە هاوڵاتیان زیاتر پارێزگاری لەو سامانی ئاو بکەن لەبەرئەوەی سامانێکی بەنرخی نیشتیمانیە ،ئێمەش هەوڵ دەدەین هاوڵاتیانمان بەشداری پێ‌ بكەین لەو پاراستنی ئەو سامانە،هاوكات ڕایان بهێنین لەوەی ئاو بەقەد پێویستی خۆیان بەكاربێنن بۆ ئەوەی هەمووان ئاویان هەبێ‌ و كێشەی بێ‌ ئاویش كەم بێتەوە،بۆیە پێویستە هەمووان پابەندی ئەو بڕیارە بن كە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە پەسەند كراوە.

1104 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations