ئەردۆگان توشی نەخۆشیەکی مەترسیدار بووە ...!

10.07.2019

لڤین: شیکاری/ سەنگەر سەید قادر
ئەستەمە هەفتەیەك یان مانگێك تێپەڕ بووبێت و ئەردۆگان بەرەیەكی نوێی ململانێی نەكردبێتەوە،  پێی وایە  ململانێكان پێگەی خۆی و توركیا لەسەر ئاستی ناوچەكە بە هێز دەكات، بە پێچەوانەی احمد داود ئۆغڵۆی هاوڕێیەوە كە خاوەنی تیرۆری (توركیای بێ كێشە و ململانێ لە پێناو  گەشەپێدانی ئابوریدا) هەر بۆیە توركیای سەردەمی دادود ئۆغلۆ بە یابانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرا.

بەڵام لە ئێستادا توركیا ململانێی لەگەڵ ٣١ دەوڵەتی جیهانی و ناوچەیدا هەیە و لە یەك كاتدا ٩ بەرەی شەڕی كردوەتەوە، كە دوا هەمینیان ئەمڕۆ بوو كە كەشتی  یاوزی ڕەوانەی سنورە ئاویەكانی میسر و قوبرس و توركیا كردوە بۆ دەرهینانی غاز، كە  ئەمەش كاردانەوەی توندی میسر و قوبرس و یەكێتی ئەوروپای بەدوای خۆیدا هێنا:
 
گرنگترین بەرەکانی شەڕی تورکیا:
١-كێشەی غاز

بەپێی ئاماری ناوەندی وزەی جیهانی ١٢٠ ترلیۆن مەتر سێجا غاز لە ژێر دەریای ناوەڕاستدایە و لە ساڵی ٢٠١٨ میسر و ئیسرائیل و یونان وقوبرس و ئیتاڵیا هاوپەیمانی غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ڕاگەیاند و میسر دەستیكرد بە دەرهێنانی غاز لە دەریای ناوەڕاست لە كێڵگەی (الظهر) كە ٦٠ ترلیۆن یەدەكی غازی تێدایە و  كێڵگەی تامارا كە ئیسرائیل كاری تێدا دەكات ١٢ ترلیۆن یەدەكی هەیە و ئەفرۆدیتش كە قوبرس و یۆنان بە هاوبەشی كاری تێدا دەكەن ٦ ترلیۆن مەتر سێ جا غازی تێدایە.

هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بووە هۆی نیگەرانكردنی توركیا و توركیاش دەستی بە دەرهێنانی غاز كردوە لە سنورە ئاویە جیناكۆكەكانی نێوان قوبرسی توركی و قوبرسی یونانی، ئەمەش كاردانەوەی توندی یەكێتی ئەوروپا و میسر و یۆنان و قوبرسی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئەمڕۆش نزیك بوو پێكادانی سەربازی ڕووبدات.

٢- ململانێکانی توركیا و بەرەی وڵاتانی عەرەبی:
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان  دەیەوێت توركیا بكات بەچەقی هێز لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا جێگای وڵاتانی عەرەبی بگرێتەوە، هەربۆیە توركیا لە گەڵ میسر و سعودیە و ئیمارات  و بەحرەین وسوریا و لیبیا و  تونس و سودان و عێراق لە ململانێدایە بەهۆی پرسی هاوكاری ئیخوان موسلیمین و دەستێوەردانەكانی لە كێشەكانی سودان و لیبیا و سوریا و پرسی غازەو پرسی پەكەكە و تێکەڵكردنی جەمال خاشقچی پرسی سەركردایەتی كردنی جیهانی ئیسلامی لە گرنگترین هۆكاری ململانێكانن. 

٣- ململانێ كانی توركیا و ئەمەریكا:

ململانێكانی توركیا و ئەمەریكا لە ئێستادا و لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا لە مێژووی پەیوەندیەكانیاندا هاوشێوەی نەبوە، گرنگترین پرسی جێناكۆكی نێوانیان بریتیە لە هاوكاری توركیا بۆ حەماس و ئێران و پرسی دەستێوەردانی لە سوریا و لیبیا و عێراق و فەلەستین و كڕینی سیستەمی موشەكی s400  و تەسلیم نەكردنەوەی فەتحولا گولەن و هاوكاری ئەمەریكایە بۆ پەكەكەو پەیوەندیەكانی توركیا و ڕۆسیا و چین و كەندێك كێشەی تر

٤- ململانێكانی توركیا و بەرەی ئەوروپا:
 توركیا لە ئێستادا كێشە و ململانێی قوڵی لەگەڵ ١٣ وڵاتی ئەوروپی دا هەیە كە گرنگترینیان فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا و قوبرس و یۆنان و بەریتانیایە، هۆكاری ئەم ململانێیانە پەیوەستە بە پرسی غازی دەریای ناوەڕاست و  هەوڵی توركیا بۆ زیندوكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی كێشەی مافی مرۆڤ. و دۆزی كورد و جینۆسایدی ئەرمەنەكان و پشتیوانی توركیا لە ڕێكخراوە توندڕەوەكان و دەستێوەردانی هەردوو لا لە كاروباری ناوخۆی یەكتر.

٥- توركیا و ڕوسیا:
سەرەڕای ئاسای بونەوە و لێكنزیكبونەوەی توركیا و ڕوسیا، بەڵام هێشتا لەسەر چەند پرسێكی ستراتیژی لە ململانێی قوڵدان گرنگترین پرسە جێناكۆكەكان بریتیە لە كیشەی سوریا و پارێزگای ئیدلب و داگیركردنی بەشێك لە خاكی سوریا و پرسی دەستێوەدانی توركیا لە كاروباری و مسوڵمانی ڕوسیا و هاوكاری گروپە چەكداریە چیچانیەكانیەكانە.

٦- ململانێكانی توركیا و ئیسرائیل: 
پەیوەندیەكانی ئیسرائیل و توركیا ستراتیژین و توركیا یەكەم دەڵەت بوو دانی بە ئیسرائیلدا ناوە، لە ساڵی ١٩٥٥ هاوپەیمانێتێان دژی شوعیەت و یەكێتی سۆڤیەت ڕاگەیاند، دوای ساڵی ١٩٧٣ كۆتای هاتنی شەڕی عەرەب. ئیسرائیل  ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە پڕچەكردنی سوپای توركیا و ڕاهێنانی دا.

بەڵام لە دوای هاتنەسەركاری ئەردۆگان لە ٢٠٠٣ پەیوەندیەكانیان ساردوو سڕی تێكەوت بە هۆی پشتیوانی ئەردۆگانەوە بۆ بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیلیش هاوكاری پارتی كرێكاران ( پەكەكە) دەكرد، لە ٢٠١٠ دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر كەشتی مەمەڕەی توركی  كە دەیویست گەمارۆی ئابوری غەزە بشكێنی و لە هێرشەكەدا ٩ هاوڵاتی تورك كوژران. و ٤٥ دیكە بریندار بوون، بەو هۆیەوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا پچڕاند.

دوای ٣ساڵ و لە ٢٢ مارسی ٢٠١٣ ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لە توركیا كرد وقەرەبووی قوربانیەكانی كردەوە و بەوهۆیەوە پەیورندیەكانیان ئاسایبویەوە، بەڵام هێشتاش پەیوەندیەكان سارد و سڕە بە هۆی پرسی سوریا و پەكەكە و حەماس و پرسی دەرهێنانی نەوت و غازی دەریای ناوەڕاستەوە.

ئامانجی ئەردۆگان لە کردنەوەی ئەم بەرەی شەڕانە بەهێز کردنی پێگەی خۆی و تورکیایە بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا ڕەجەب تەیب ئەڕدۆگان لە یەكاتدا توانای بەڕێوەبردنی ئەم هەموو ململانێیانەی هەیە؟ لەکاتێکدا لە ناوخۆ تورکیاشەوەلەململانێی سەختدایە، چونکە ئەوەی جێگای مەترسیە گەورەکەیە بۆ ئەردۆگان ناو خۆی توركیایە بەتایبەت دوای شكستە گەورەكەی لە هەڵبژاردنی ناوخۆی توركیادا.

ئێستاش لەلایەن علی باباجانی ئەندازیاری سەركەوتنەكانی ئابوری توركیا و پارتی ئاكەپەوە بە هاوكاری عبدلله گویل و ئەحمەد داود ئۆغلۆ هەوڵی پێكهێنانی حیزبێكی نوێ دەدرێت  مانگی ٩ ئەمساڵ ڕادەگەیەنرێت، بەوەش مەترسی بۆسەر دەسەڵاتی ئەردۆگان دروست  دەبێت و ئەستەمە بتوانێت بەردەوام بێت لە دەسەڵات.

بۆیە ئێستا ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەردۆگان توشی شێتی خۆ بەگەورە زانین( جنون العظمه) بووە و گرنگی بە مەترسیەکان نادات و گوێ بۆ ڕاوێژکارەکانی ناگرێت، زۆرینەی سەرکردەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی بەهۆی ڕەخنەوە لە کار دورخستوەتەوە، ئەمەش وایکردوە ئەو ئەردۆگانەی کە بە پیاوی ئابووری و گەشە پێدان و ڕزگارکەری تورکیا ناسراو بوو ئێستا لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا و دەرەوەش بە پیاوی شەڕ و ململانێ و قەیرانەكان بناسرێت.

تێبینی/ لە زانستی دەروناسی سیاسی دا زۆر باس لە خۆشی (جنون العظمه-شێتی خۆ بەگەورە زانین) کراوە، کە جۆرێکە لە نەخۆشی و گرێی دەرونی کە بەهۆی غرورەوە کەسایەتی سیاسی سەرکەوتو دوای مانەوەی لەدەسەڵات و بەهێزبوونی پێگەی و زیادبونی دەسکەوت خۆی بە کەسێکی نائاسای و زاناتر و شارەزاتر لە لە هەموان دیتە پێش چاو ئەمەش بەرەو خەڵەفاوی و ساویلکەی دەبات. هەموو دیکتاتۆرەکان و ئەوانەی ماوەیەکی زۆر ماونەتەوە لەدەسەڵاتدا توشی ئەم  گرێ دەرونیە بوون کە دوایی بوەتە هۆی لە ناوچونیان بەهۆی گۆی نەگرتنەوە کە چواردەور و راوێژکارەکانیان.

نمونەیەکی بچوک ئەم تیۆرە هیتلەرە، کە کاتێك سوپای سور گەشتبونە دەوروبەری بەرلین کەچی هیتلەر پلانی دووبارە داگیرکردنەوەی پۆلەندای دادەڕشت.

11770 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations