هاوپه‌يمانى قه‌نديل و ته‌ل ئه‌بيب له‌نێوان كڵۆم كردنى ده‌رگاى جه‌ميل بايك و كرانه‌وه‌ى موراد قه‌ره‌يڵان دا

03.07.2019

لڤین: لە هەژماری خالد حاجى وادى

شرۆڤه‌يه‌ك بۆ گرنگى په‌يوه‌نديه‌كانى په‌كه‌كه‌ و ئيسرائيل له‌ئێستادا

په‌كه‌كه هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنيه‌وه‌ ‌له‌گه‌ڵ ئيسرائيلدا په‌يوه‌نديه‌كانيان نه‌ك هه‌ر نائاسايى بوون به‌ڵكو هه‌ندێك جار په‌لى هاويشتوه‌ بۆ به‌ريه‌ك كه‌وتنى سه‌به‌ربازى و شه‌ڕى گه‌م، بيگومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، كه‌ گرنگ ترينيان ئه‌و بنه‌ما ئايدۆلۆژى و فكريه‌ چه‌په‌ شۆڕش گێڕيه‌ بوو كه‌ ئاپۆو هاوڕێكانى‌ كرديان به‌ناسنامه‌ى په‌كه‌كه، بێگومان ئه‌وكات ڕێكخراوه‌ ڕاديكاڵ و چه‌پ گه‌راو شۆڕش گێره‌كان ئسرائيل يان به‌داگيركه‌رو به‌شێك له‌ئمپرياليزمى جيهانى ده‌بينى له‌سه‌رخاكى فه‌له‌ستين، له‌م سۆنگه‌شه‌وه‌ ڕێبه‌رى په‌كه‌كه‌ بۆخۆى لێدوان گه‌لێكى زۆرى دژبه‌ زايۆنيزم و ڕوانگه‌ى ساميگه‌را خستبوه‌ ڕوو، له‌لايه‌كى كه‌ش هه‌ردولا چ په‌كه‌كه‌و چ ئيسرائيل سياسه‌تى هاوڕێى دوژمنه‌كه‌م دوژمنمه‌يان په‌يڕه‌و ده‌كرد، له‌لايه‌ك ئيسرائيل له‌گه‌ڵ توركيا له‌هاوپه‌يمانيه‌كى پێچاو پێچى پڕنهێنى تاريكدا بوو، له‌لايه‌كى كه‌ په‌كه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ ڕاديكاڵه‌كانى فه‌له‌ستين و حكومه‌تى سوريا له‌په‌يوه‌ندى ستراتيژيو هاوخه‌باتى چه‌كدارانه‌شدا بوو، ئه‌مه‌ ڕێك پێچه‌وانه‌ى ئه‌و په‌يوه‌نديانه‌ى كه‌ئيسرائيل ‌له‌گه‌ڵ كوردى باشوردا به‌سه‌ركردايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان هه‌يبوو.

ئيسرائيل له‌ په‌نجاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا له‌ڕێى كرێگرته‌كانيانه‌وه‌ هه‌وڵيان داوه‌ په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ كوردى باشوردا بگرن، به‌دوو هۆ، يه‌كه‌م: بۆ ده‌رباز كردنى ئه‌و جوله‌كانه‌ى له‌ناوچه‌ جياوازه‌كانى عێراق دامابونه‌وه‌و نه‌گه‌ڕابونه‌وه‌ بۆئيسرائيل ‌، كوردستان تاكه‌ ڕێگه‌ بوو بۆ ده‌رباز بونيان له‌ڕێگه‌ى ئێران و توركياوه‌. دووه‌م: په‌يوه‌ست به‌تيۆره‌كه‌ى ده‌يڤد بن غۆريۆن ه‌ وه‌. بێگومان هه‌ردوو هۆكاره‌كه‌ كه‌لاى ئيسرائيل ستراتيژ بوو ئه‌و په‌يوه‌نديانه‌ى له‌ڕێگه‌ى بريگرته‌كانيانه‌وه‌ دروستيان كردبوو نه‌يده‌توانى خواسته‌كانى ئه‌وان بێنێته‌دى. به‌تايبه‌ت په‌يوه‌ست به‌ تيۆرى بن غۆرێۆن كه‌ "تيۆرى بنچينه‌ى ستراتيژى لاوه‌كى ياخود تيۆرى هاوپه‌يمانى ده‌وروبه‌رى نه‌خشه‌ كێشا "، ئه‌م تيۆره‌ به‌واتاى دروستكردنى هاوپه‌يمانى له‌گه‌ڵ ئه‌و ووڵاتانه‌ى ده‌ورى عه‌ره‌بيان داوه‌؛ به‌ڵام عه‌ره‌ب نين. ئيسرائيل له‌دواى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى وه‌ك يه‌كه‌مين هه‌نگاو مه‌به‌ستى بوو پرۆژه‌كه‌ى بن غۆرێۆن وه‌ك ستراتيژ په‌ره‌ پێبدات، له‌به‌رئه‌وه‌ پێداگرى كرد بۆ هاوپه‌يمانى گه‌لێك له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانى عه‌ره‌بى، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕووى هاوپه‌يمانيه‌كه‌ى كرده‌ هه‌ريه‌ك له‌؛ ئێران،توركيا، ئه‌سيوبيا. بێگومان كورد خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت نه‌بوو وه‌ك هه‌ڵبژارده‌يه‌ك بۆ ئه‌و په‌يوه‌نديه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى عێراق يه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ى پرسى قه‌ومى تيادا له‌لوتكه‌دا بوو، شارعى عێراقى توڕه‌و توندبوو به‌رامبه‌ر ئيسرائيل و له‌هه‌مان كاتدا عێراق خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى به‌هێزى جوگرافى و توانايى مرۆيى و سه‌ربازى بوو، ئيسرائيل به‌هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى گه‌وره‌ى ده‌زانى بۆسه‌ر ئاسايشى خۆى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌رله‌گه‌ڵ هه‌ڵگيرسانى شۆڕشى چه‌كدارى كورد‌ به‌سه‌ركردايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ ساڵى1961دا، ئيسرائيل وه‌ك ده‌سكه‌وتێكى گه‌وره‌ له‌بزوتنه‌وه‌كه‌ى ڕوانى و بۆ هاوپه‌يمانێتييه‌كى ستراتيژى لێى هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ تائێستاش به‌رده‌وامه‌، به‌و هاوپه‌يمانيه‌ش ئيسرائيل هه‌ردوو ئامانجه‌كه‌ى به‌ده‌س هێنا، كورديش ته‌واوى ئه‌ركى شۆڕشه‌كه‌ى به‌ پاره‌و چه‌كو ته‌قه‌مه‌نى و هاوكارى مرۆيى و سه‌دان ڕاوێژكارى سه‌ربازيه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر ئيسرائيل، به‌جۆرێك ئه‌وهاوكاريه‌ كاريگه‌رى هه‌بوو به‌عسى مل كه‌چ كرد بۆ ڕێكه‌وتنى 11ى ئازارو پێدانى مافى ئۆتۆنۆمى به‌كورد.

وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ئه‌مه‌ بۆ په‌يوه‌ندى په‌كه‌كه‌و ئيسرائيل ڕێك پێچه‌وانه‌يه‌، هه‌ردوولا دژى يه‌كتر بوون، هه‌ر‌له‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ به‌شدارى شه‌ڕى كردووه‌ دژى ئيسرائيل شان به‌شانى ڕێكخراوه‌ ڕاديكاڵه‌كانى فه‌له‌ستين ، له‌ لوبنان بنكه‌و باره‌گاو سه‌ربازگه‌ى مه‌شقى له‌ دۆڵى بيقاع هه‌بووه‌، به‌شدارى ده‌يان چالاكى جۆراو جۆربووه‌، هه‌رچى ئيسرائيل ه؛ له‌ڕيگه‌ى هاوكارى هه‌واڵگرى و پێدانى چه‌ك درێغى نه‌كردوه‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تى توركيا بۆ دژايه‌تى په‌كه‌كه‌، تا به‌شدار بوون له‌پلانى فڕاندنى ئاپۆدا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌م ڕابردووه‌ تاڵه‌ش ئاپۆ له‌ديمانه‌يه‌كدا ده‌لێ "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بونى ئيسرائيل دا دژنين به‌ڵكو هه‌بونێكى ديموكراتيانه‌ به‌گرنگ ده‌زانين بۆسه‌قام گيرى ئاشتى له‌ ڕۆژ هه‌ڵاتى ناوين"، هه‌رچى ئيسرائيل يشه له‌ به‌هێزترين كاتى په‌يوه‌نديه‌كانيدا له‌گه‌ڵ توركياشدا به‌ڵام هه‌رگيز نه‌چووه‌ ژێربارى ئه‌وخواسته‌ى كه‌خه‌باتى كوردى باكور به‌فه‌رمى به‌تيرۆر بناسێنێ،هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵى 1993دا ئه‌حمه‌د چه‌تينى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕۆشته‌ ئۆرشه‌ليم به‌ڵام ئيسرائيل هه‌رگيز ملى بۆ ئه‌و خواسته‌ى توركيا نه‌دا، جگه‌ له‌م دووخاڵه‌ دۆخى ئێستاى ناوچه‌كه‌و‌ ئه‌و گۆڕانكاريه‌ ڕيشه‌ييانه‌ى له‌ ديدى زۆربه‌ى ‌هێزه‌كاندا دروست بووه،‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وى ته‌واوى هاوكێشه‌ سياسيه‌كانى ناوچه‌كه‌و جيهانيش، دۆخێكى واى هێناوه‌ته‌ پێش له‌ئێستادا عه‌ره‌ب خۆيان ته‌سيلم به‌ئه‌مرى واقعى ئيسرائيل بوون، ته‌ناته‌ن هيچ كێشه‌ى ئه‌وه‌شيان نيه‌ كه‌ قودس بووه‌ته‌‌ پايته‌ختى ئيسرائيل، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ئێستادا ئيسرائيل ئێران و توركياو سوريا ئه‌و گروپانه‌ى سه‌ربه‌مانن به‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌زانێ بۆ سه‌ر ئاسايشى خۆى، ئه‌م هۆكارانه‌ پێمان ده‌ڵێ ئيدى كاتى قۆناغێكى نوێيه‌ بۆ په‌كه‌كه‌و ئيسرائيل، ده‌بێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ له‌جياتى دڕدۆنگى به‌ره‌و هاوپه‌يمانێتى هاوبه‌ش هه‌نگاو هه‌ڵگرن، به‌تايبه‌ت ئه‌وبابه‌ته‌ بۆپه‌كه‌كه‌ گرنگو ستراتيژيه‌.

ئه‌و گۆڕانكاريانه‌ چين واده‌كات هاوپه‌يمانى ئيسرائيل بۆپه‌كه‌كه گرنگ بێت، له‌ ئێستادا ئه‌و ته‌وژمه‌ شۆڕش گێريه‌ ئايدۆلۆژيه‌ى سه‌ده‌ى ڕابردوو به‌ته‌واوى پاشه‌كشه‌ى كردووه‌، له‌جێگه‌يدا پرسى گه‌لان و نه‌ته‌وه‌يى و ئازادى و ديموكراسى بۆته داينه‌مۆى خه‌باتى سياسى، ده‌بينين ڕێكخراوه‌ ڕاديكاڵه‌ كانى فه‌له‌ستين پاشه‌ كشه‌يان كردووه‌ له‌ ئێستادا بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس جێگاى گرتونه‌ته‌وه‌، له‌لوبنان حسن نصرالله بوه‌به‌ده‌م ڕاستى هێزى به‌رگرى فه‌له‌ستين، هه‌رچى حكومه‌تى سوريايه‌ ئه‌گه‌ربێتو ئه‌مريكا ڕۆژئاوا به‌جێ بهێڵێ ئه‌وا بێسێودوو په‌لامارى يه‌په‌گه‌ ده‌دا، بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و قه‌واره‌ كورديه‌ى له‌ڕۆژ ئاوا دروست بووه‌ هيچ دوودڵ نيه‌، هه‌رچى ئێرانه‌ ئێستا پشتيوانێكى سه‌رسه‌ختى ئه‌سه‌دو سوريايه‌، ئه‌گه‌ر بێتو حكومه‌تى سورى شه‌ڕى ئه‌و قه‌واره‌ى ڕۆژ ئاوابكات ئه‌وا به‌ ميليشياى ئێرانى و لوبنانى ده‌يكات. بۆ ئيسرائيل يش ئێرانى ئێستا ئێرانى حه‌مه‌ڕه‌زا شانيه‌، ئيسرائيل به‌مه‌ترسيه‌كى گه‌وره‌ى ده‌زاني له‌سه‌ر ئاسايشى خۆى، له‌گه‌ڵ توركياش له‌كێشه‌دايه‌ له‌لايه‌ك توركيا گه‌وره‌ترين پشتيوان و هاوكارى حه‌ماسى فه‌له‌ستينيه‌ له‌لايه‌كى كه‌ ته‌واوى هێزه‌ تيرۆرسته‌كانى وه‌ك نصره‌و داعش .....هتد، كۆمه‌كو هاوكارى له‌ توركيا وه‌رده‌گرن بگره‌ به‌شێكيان دروستكراوى ئه‌ون كه‌هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر ئيسرائيل و ڕاسته‌و خۆش شه‌ڕى ڕۆژئاواو په‌كه‌كه‌و په‌يه‌ده‌ش ده‌كه‌ن، له‌لايه‌كى كه‌شه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانى غازو نه‌وت توركيا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ده‌رياى ناوه‌ڕستدا له‌گه‌ڵ ئيسرائيل له‌كێشه‌دايه‌، ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ كه‌لێنى نێوانيان فراوانتر ده‌بێت. ئيدى ئه‌م گۆڕانكاريانه هى ئه‌وه‌ن ببنه‌ فاكته‌رى لێك نزيك بونه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌و ئيسرائيل، به‌و پێودانگه‌ سياسيه‌ى دوژمنى دوژمنه‌كه‌م دۆستمه‌‌، يان وه‌ك تيۆريه‌ سه‌ره‌تاييه‌كه‌ى په‌كه‌كه‌و ئيسرائيل به‌رامبه‌ر يه‌كتر پياده‌يان ده‌كرد هاوڕێى هاوڕێكه‌م دوژمنمه‌، كه‌له‌ ئێستادا هه‌ردووك هاوڕێى هاوبه‌ش و دوژمنى هاوبه‌شيان هه‌يه‌.

هه‌رچى په‌كه‌كه‌يه‌ له‌ ئێستادا له‌‌ ئيسرائيل پێويستى زياتره‌ بۆ ئه‌و هاوپه‌يمانێتيه‌، به‌و پێيه‌ى له‌ڕۆژ ئاوا به‌پاڵپشتى ئه‌مريكا قه‌واره‌يه‌ك دامه‌زراوه‌، بۆ پاراستى پێويستى به‌مانه‌وه‌ى هێزى ئه‌مريكاو ڕۆژ ئاوايه‌، ئيسرائيل ده‌توانێ لۆبى به‌هێز بكات بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌، جگه‌له‌وه‌ى ده‌توانێ خزمه‌تێكى گه‌وره‌ له‌بوارى سه‌ربازيدا پێشكه‌ش بكات، له‌ ڕێگه‌ى پێدانى چه‌كو چۆڵ و ڕاهێنانى سه‌ربازى، له‌گه‌ڵ كڕين و ساغ كردنه‌وه‌ى نه‌وتو غازى ڕۆژ ئاوا، له‌گه‌ڵ پشتيوانى قه‌نديل بۆ هاوكارى ئه‌و هێزانه‌ى سه‌ربه‌قه‌نديلن و له‌ ئێران و توركيا له‌خه‌باتدان، خاڵێكى گرنگى كه‌ش ئه‌وه‌يه‌ له‌ ئێستادا په‌كه‌كه‌و پارتى دوو هێزى محوه‌رى كاريگه‌رن له‌ناوچه‌كه‌دا، گرنگه‌ فۆرمێكى كه‌ى كاركردن بدۆزنه‌وه‌ بۆ ڕۆڵ بينين له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌تايبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م دووهێزه‌ له‌لاى ئيسرائيل و ئه‌مريكا دژبه‌يه‌ك نه‌بن به‌ڵكو هه‌وڵ بده‌ن پشتيوانى زياترى پرسى كوردبن، له‌هه‌مووشى گرنگتر دوركه‌وتنه‌وه‌ى پێكدا دانى ڕاسته‌و خۆ يان ناڕاسته‌و خۆى ئه‌م دووهێزه‌يه‌ كه‌به‌ڕودانى ‌زيانى زۆر به‌زيانى زۆر گه‌وره‌و ترسناك ده‌شكێته‌وه‌ له‌سه‌ر پرسى كورد.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم له‌ئێستا په‌كه‌كه‌ خاوه‌ن دوو تێڕوانين و ته‌نانه‌ت دوو ئۆردووى جياوازيشه‌ كه‌له‌لايه‌ن، مراد قه‌ره‌يڵان كه‌ خاوه‌ن ديدێكى كراوه‌يه‌ بۆهه‌ر په‌يوه‌نديه‌ك، جه‌ميل بايك كه‌ زۆر دڕدۆنگ و داخروه‌ له‌بابه‌ت ئه‌و په‌يوه‌نديانه‌وه‌، سه‌ركردايه‌تى ده‌كرێن. پرسيار ئه‌وه‌يه‌ ئايا ته‌واوى ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ فكريانه‌و تێك چونى سه‌رله‌به‌رى هاوپه‌يمانى و به‌رژه‌وه‌نديه‌ سياسيه‌كانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌و بلۆك به‌نديه‌كانى دونياش هيچ كاريگه‌ريان نابێت له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ى بايك و هه‌رله‌و دۆخه‌ى حه‌فتاكاندا ده‌مێننه‌وه‌؟، بۆ وه‌ڵامى ئه‌م بابه‌ته‌ بێشك دبلۆماسيه‌تى داهاتوى په‌كه‌كه‌ ده‌بێته‌ وه‌ڵامێكى دروست.

2981 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations