شار و ڕەمز

28.06.2019

لڤین: لە هەژماری هونەر تۆفیق 
جگە لە هێماکانی ترافیک و ڕێنماییەکانی شوێن دۆزینەوە لە شاردا، هەر شارە و ڕەمزێک یان چەند ڕەمزێکی تایبەت بەخۆی هەیە . 
هیچ شارێک نیە کۆمەڵێک ڕەمزی مێژوویی ، شارستانی ، کەلتووری تایبەت بەخۆی نەبێت . بایەخدان و شانازیکردن بە ڕەمزەکانی شارەوە ، هەستکردنە بەو ناسنامەیەی شوێن بە مرۆڤی دەبەخشێت .
هەندێک ڕووبەر هەن لە شاردا ، ڕووبەری گشتی مێژوو و کەلتووری شارن . پڕکردنەوەی ئەو ڕووبەرانە ئایا بە پەیکەر و مۆنۆمێنێت بێت یان بە دیواربەند و بیرهێنانەوەی هونەری نیشاندانەوەی شوێنە بەو مرۆڤانەی وابەستەی رۆحی و شارستانی شارن .

دیواری ماڵی موحافیز لە شاڕێ ی سلێمانیدا ئەو ڕووبەرە مێژوویی و گرنگەیە کە لە یادوەری شاردا چەندەها مانای جیاوازی شوێن بە خەڵکی سلێمانی دەگەیەنێت . گرنگترین مانا بۆ ئەو دیوار ( ڕووبەرە) دەستپێکردنەوەی شۆرشە لەپاش شکستی شۆڕش . تەقەکردن لە موحافیزی سلێمانی ١٩٧٦ ، ڕاستەقینەترین هەواڵی زیندووبوونەوەی شاخ و پێشمەرگەبوو ، لەپاش بێهیوایی هەرەس و ئاشبەتاڵ . 

دیواری ماڵی محافیز ، دەکرا لە پانۆرامایەکی هونەریدا ، گێڕانەوەی ئەو رۆژەی لەسەر بنەخشێنرایە کە ڕەمزیەتی بەرگری وەک شانازی نیشانی سلێمانی بداتەوە .
هۆتێلێک یان هەر دیاردەیەکی دیکەی بازرگانی نابێتە ڕەمزی شار ( مەگەر لەم هەرێمەدا نەبێت ).

تکایە سلێمانی ڕەمز و مێژووی خۆی هەیە، هوتێلێک مەکەنە شوێن و ناسنامە و ڕەمزی شار 
لە شاری سیدنی چەندەها باڵەخانە و هوتێلی سەرسورهێنەر وەک بینا هەیە ، بەڵام بینای ئۆپێرای سدنی ڕەمزی شارە . لە نیوۆرک کە پایتەختی ماڵی و ئابووری ئەمریکایە ، سەری بینا بەرزەکانی لە هەوردایە ، بەڵام بینای شانۆی بۆردوای ڕەمزی شارە . لە پیترسبۆرگ سەدان باڵەخانەی ئەندازەیی جوان بە درێژایی نیڤیسکی پراسپێکت دروستکراوە ، بەڵام ئێرمیتاج ڕەمزی شارەکەیانە . لە کۆپنهاگندا پەیکەرێکی یەک مەتری ( هاوفو - پەری دەریا ) لەناو ئەو هەموو باڵەخانەیەدا کراوەتە ڕەمزی شار . بۆیە مەرج نیە باڵەخانەکە بەرز و بیناکە زەبەلاح بێت ئینجاکە بکرێتە ڕەمزی شار . 

تکایە سلێمانی ڕەمز و مێژووی خۆی هەیە، هوتێلێک مەکەنە شوێن و ناسنامە و ڕەمزی شار 

84 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations