کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو چ داڕوخانێک دەچێت ؟!

16.06.2019

لڤین: لە هەژماری عەبدولستار مەجید

ـ کەسێک لەسەر فول لایت، کەسێکی تری کوشت .

ـ پیاوێک مناڵێکی ڕفاند و ویستویەتی دەستدرێژی بکاتەسەر و دواتر بە دار کوشتویەتی .

ـ کوڕێک دایکی خۆی بە چەقۆ کوشت و چەند بەشێکی جەستەشی لێکردۆتەوە .

ئەم هەواڵە جەرگبڕانە کورتە و سەردێڕی هەواڵی هەموو ئەو ڕووداوە تۆقێنەرانەن کە تەنها لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لە هەرێمی کوردستان ڕڕویانداوە و وادیارە بەبێ دەنگی و سادەیی وەک هەر شتێکی تر بەسەر کۆمەڵگە و حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییدا تێپەڕدەبێت، بەبێ هیچ هەڵوەستە و کاردانەوەیەک، بێ ئەوەی کەس بپرسێ ئەرێ ئێمە کەوتوینەتە چی ژینگەیەکی خەتەر و خوێناوییەوە !؟

هەموو ئەو ڕووداوە جەرگبڕانە ئاماژەن بۆ داڕووخانێکی گەورە و خەفەکراوی کۆمەڵگەی کوردستانیی لە ڕووی ئەخلاقییەوە و بەردەوامبوونیشی، دۆخێک دەخوڵقێنێت کە هیچ کەس لەسەر و ماڵ و ژیانی خۆی و ماڵ و مناڵی ئەمین نیە و ئیتر کە ئەمە ڕوویدا ژیان تیایدا دەبێتە دۆزەخ .

بەقەناعەتی من زۆربوونی ئەم تاوانە ترسناکانە،جگە لەوەی دەرەنجامی حوکمڕانیی خراپ و حزبیی و دواکەوتووی هڵرێمە،هاوکات لە دوو حاڵەتیش بەدەر نیە و ئەو دوو حاڵەتەش هۆکاری زیادبوونی تاوان و تاوانباران و پیاوکوژانە .

یەکەم: دادگا و یاسا و دەسەڵاتی دادوەریی لەم هەرێمە لە کارەساتدایە و ناتواتێ، یان ڕێگەنادرێ ڕۆڵی خۆی لە سزادانی تاوانباران ببینێ و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە .

ئەمە حاڵەتێکی زۆر خەتەرناکە و لە فەراغی قانون و نەبوونی ترس لە یاسا، چاوقایمی و ئاسایی بوونەوەی تاوانکاری و کوشتن دروست دەکات وەک ئەوەی ئێستا هەیە .

دووەم: بەپێی ڕاگەیەندراو و وتەی فەرمیی دەزگای پۆلیس و ئاسایش و .... هتد، هەموو ئەو تاوانبارانەی ئەم کوشتوبڕە ئەنجامدەدەن، پێشینەی تاوانیان زۆرە و پێشتریش بە تاوانی خەتارناکتر سزادراون بە زیندانی هەتا هەتایی و بە لێبوردنی گشتی ئازادکراوە !

ئەمە دەیسەلمێنێ کە دەسەڵاتی لێبوردنی گشتی خراپ بەکارهێنراوە و لەبری ئەوەی کەسی شایستە بگرێتەوە، بەشێکی زۆری پیاوکوژ و تاوانکار و کەسی مەترسیداری پێ ئازادکراوە، بۆیە دوای ئازادبوونیشی دەستدەکاتەوە بە تاوانی زیاتر، چونکە دڵنیایە دەستێک هەیە لێناگەڕێ پیاوکوژێکی چاوقایم لە زینداندا بێ !!

ڕێگرتن لە تەشەنەسەندن و دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانە خەتەرناکانە ئاسانە، ئەویش سەپاندنی قورسترین سزایە بەسەریاندا لە پێش چاوی ڕایگشتیی بەجۆرێک هیچ لێبوردن و بەخشین و بەخشندەییەک نەیانگرێتەوە .

چۆن دەکرێ پیاوکوژێک، مافی ژیان لە کەسێک وەربگرێتەوە و لە زینداندا خزمەت بکرێ و دوای ماوەکیش بە مەرامێکی حزبیی لێبوردنێکی بۆ دەربکرێ و ئازاد بکرێت؟!

226 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations