وەزارەتی کارەبا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ مانگی حوزەیران راگەیاند

13.06.2019

لڤین:
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لەناوەڕاستی مانگی حوزەیران 17-18 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان و شەش کاتژمێرەکەی دیکەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلیەوە کارەبا دابیندەکرێت.

وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، پاش هەڵسەنگاندی بارودۆخی کارەبا و چۆنیەتی ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارۆ ئاوی لەهەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، کە لە ئێستادا بەتێکڕا 3570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەم بڕە کارەبایە و بەرەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەڵکشانی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ 5000 مێگاوات، وەزارەتی کارەبا دەتوانێت لە ناوەراستى ئەم مانگە 17- 18 کاتژمێر کارەبا بدات بە هاوڵاتیان.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، شەش کاتژمێرەکەی دیکە لە رێگەی موەلیدەی ئەهلیەوە کارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت، داوا لەهاوڵاتیان دەکات هاوکاریان بن لەکەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا، چونکە لە وەرزی هاوین دا بارگرانیەکی زۆر دەکەوێتە سەر وێستگەو گۆڕەرو تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەباو بەهۆیەوە زۆرجار بەپێی پێویست ناتوانرێت کارەبا بگەیەنرێتە هەموو هاوبەشانی کارەبا.

 


699 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations