وەزارەتی پەروەردە سەر لەبەری هەواڵێکی کوردستان ٢٤ ڕەت دەکاتەوە

12.06.2019

لڤین:

پێویست ناکات ڕاپۆرتێکی ناپڕۆفیشناڵی و هەنگاوێکی نا دروستانەی وەک ڕیپۆرتەرەکەی ئەم تەلەڤزیۆنە بگیردرێتەبەر و دەنگی بەرێوەبەری ڕاگەیاندن لەسەر هێڵی تەلەفۆن و بە بێ ڕەزامەندی تۆمار و بڵاو بکرێتەوە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست لڤین کەوتووە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە سەرلەبەری هەواڵێکی ( کوردستان ٢٤ ) ڕەت دەکاتەوە بە ڕاپۆرتێکی ناپڕۆفیشناڵ ناوی دەبات.

لە بەشێکی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە"بەداخەوە جارجارە هەندێک کەناڵ و پەیامنێری تەلەڤزیۆنی بێ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی و لە ئەنجامی نەخویندەواری و کەمی ئاستی هۆشیارییان ڕاپۆرت بڵاو دەکەنەوە کە بە هەموو شێوەیەک دوورە لە ڕاستییەوە و تەنها بۆ شیواندنی دەروونی قوتابیان و پڕۆسە سەرکەوتووەکەی ئەزموونەکانە".

سەبارەت بە هەواڵێکی تایبەت بە ئەزموونەکان ڕوونکردنەوەکە ئاشکرای کردووە"لە کەناڵی ئاسمانی (کوردستان ٢٤) ڕاپۆرتێک لەسەر ئەزموونەکان بڵاوکرایەوە کە وەک وەزارەتی پەروەردە سەر لەبەری ڕەت دەکەینەوە، چونکە ناپڕۆفیشناڵی ڕیپۆرتەرەکە لەوەدایە قسەی مامۆستایەکی قوناغی بنەڕەتی نەوەک ئامادەیی وەرگرتووە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەزموونەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەییەوە نییە و توانای زانستی ئەو هیندە نییە کە قسە لەسەر دروستی و نادروستی ئەزموونەکان بدات".
هەروەها لە بەشێکی تردا وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت "پێویست ناکات هەنگاوێکی نا دروستانەی وەک ڕیپۆرتەرەکەی ئەم تەلەڤزیۆنە بەرێزە بگیردرێتەبەر و دەنگی بەرێوەبەری ڕاگەیاندن لەسەر هێڵی تەلەفۆن و بە بێ ڕەزامەندی تۆمار و بڵاو بکرێتەوە".

سەبارەت بە ئەزموونە گشتییەکان و کەموکۆرییەکانی وەزارەت ئاماژە بەوە کردووە"ئەزموونە گشتییەکان و دۆزینەوە و چارەسەری کەموکۆرییەکان تەنیا پەیوەندی بە لیژنەی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانەوە هەیە و ئەو لیژنە باڵایە کە پسپۆڕانی هەموو پارێزگاکانی لەخۆ گرتووە، دەتوانن ڕەخنە و گلەیی و گازندەکان شیکار و لە کۆتایی پرۆسەکە وەڵام دەدەنەوە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان و بە ڕەچاوکردنی ئاستی زانستی وانەکان".

900 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations