ریفراندۆم، ئەو بەردەی لە 7ی حوزەیراندا هەڵدرا و لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەر سەری كورد كەوت

07.06.2019

لڤین: دانا ساڵح* 

رۆژنامەنووسی بەریتانیی (مارتین جەی) دەربارەی بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە وتارێكیدا لە ئۆكتۆبەری 2017 بە ناونیشانی (خۆكوژیی سیاسیی ـ تەقدیرە هەڵەكانی بارزانی) دەنوسێت:"بارزانی رێك ئەو قسەیەی چارلۆت برۆنتی بۆ دەبێت كە دەڵێت گوریسێك دەدەی بە پیاوێك بۆ خۆرزگاركردنی بەڵام دەیئاڵێنێ لە ملی و خۆی پێ دەخنكێنێت".

بەوشێوەیە وەك مارتین جەی نوسیوویەتی بە بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بارزانیی ئەزموونی هەرێمی كوردستانی تا لێواری فەوتان برد و هەموو شتێكیش تێكچوو. هەموو ئەو قەڵایەی كوردەكانی عێراق بە چەندین ساڵ هەڵیان چنی بوو، بوومەلەرزەیەكی سیاسیی لێیدا كە شەپۆلەكەی لە بریارەكەی 7ی حوزەیرانەوە هاتبوو.

(7ی حوزەیران)، دوو ساڵ تێدەپەرێت بەسەر ئەو كۆبوونەوەیەی بە سەرپەرشتی بارزانی لە پیرمام كرا بە بەشداریی هەموو لایەنەكان (جگە لە گۆران و كۆمەڵ)، تێیدا بریاردرا رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، وەك لە راگەیەنراوە چوار خاڵیەكەی كۆبوونەوەكەدا هاتبوو:"ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا". 

بارزانی رێك ئەو قسەیەی چارلۆت برۆنتی بۆ دەبێت كە دەڵێت گوریسێك دەدەی بە پیاوێك بۆ خۆرزگاركردنی بەڵام دەیئاڵێنێ لە ملی و خۆی پێ دەخنكێنێت

كەواتە 7ی حوزەیران، ئەو رۆژەیە بریارێكی تێدا درا كە پەیوەست بوو بە پرسێكی ستراتیژیی هەستیاری هەزار ساڵەی نەتەوەی كوردەوە، بریارێك كە بەبێ ووردبوونەوە و شیكردنەوەی دۆخی ئەوكاتی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بە ئاماژەی بارزانی دەركرا، بریارێك كە حساباتە ئیقلیمیی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكانی تەجاوز كرد و لەبەرچاوی نەگرتن، بریارێك كە بەسەر پشتی بەلەمێكەوە دەیویست بەپێچەوانەی شەپۆلەكانەوە بروات، بۆیە هەرگیز بەلەمەكە نەگەیشتە كەنار و لە نێوە رێگەدا سەرەونخون بوەوە و نوقم بوو.

بە پێچەوانەی پێشبینییەكانی بارزانییەوە، ریفراندۆم نەك هەر دوژمنەكانی كوردی نەوەستان، بەڵكو دۆستەكانیشی لە كورد تەریك كرد لە سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، كە چەندین ساڵی دیكەی دەوێت تاوەكو ئەم مەسارە راست دەكرێتەوە، كەواتە ریفراندۆم ئەو بەردە بوو لە رۆژی 7ی حوزەیراندا هەڵدرا و لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەر سەری كورد خۆی كەوتەوە.

ریفراندۆم نەك هەر دوژمنەكانی كوردی نەوەستان، بەڵكو دۆستەكانیشی لە كورد تەریك كرد لە سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، كە چەندین ساڵی دیكەی دەوێت تاوەكو ئەم مەسارە راست دەكرێتەوە

بەهۆی بریارەكەی 7ی حوزەیرانەوە، كورد سێ بنەمای ستراتیژیی مەزنی لە دەستچوو كە لە بنەرەتەوە پێویستن بۆ دەوڵەت و ستونی مانەوە و راگرتنی پاشەرۆژی هەر نەتەوەیەكن، ئەوانیش بریتیی بوون لە: (خاك، هێز، هاوپەیمان)، كەچی لە شەورۆژێكدا هەموویان لە كیس چوون لەكاتێكدا ئەمانە چەكی كاریگەریی سپی بوون و دەبوو بۆ رۆژی رەش هەڵبگیرانایە.

تەنانەت ئەم رووداوە نەك هەر كاریگەرییە خراپەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بوو، بەڵكو جێكەوتی مەترسیداریی بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش هەبوو، كێ دەتوانێت كەوتنی عەفرین جیابكاتەوە لە كەوتنی كەركوك. بەوشێوەیە بارزانی لە كاتێكی نەگونجاودا دەستی بۆ بژارەیەكی نەگونجاو برد، ئەگەر بارزانی لە نیەتی دڵیشیەوە بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی راستگۆ بێت بەڵام ئەمە ناتوانێت باری خواری بریارەكەی راست بكاتەوە، واتە نیتەتپاكیی و دڵسۆزیی نابێتە پاساو بۆ بریارێكی نەگونجاو.

هەڵە یان راستی بریارەكەی 7ی حوزەیران، هیچ مشتومرێكی ناوێت، ئەوەندە بەسە دۆخی ئێستای كورد بەراورد بكەین بە بارودۆخی پێش 25ی ئەیلولی 2017، دۆخی ئێستای كورد لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان چی بەسەر هاتووە، چونكە تیرەكەی ریفراندۆم یەكەمجار دڵی كەركوكی كون كرد و ناوچە جێناكۆكەكانی كردە قوربانیی و شكۆی سیاسیی و دیپلۆماسیی كوردستانی شكاند، قوڵای ستراتیژیی خاكی كوردستانیشی باریك كردەوە.

دوا پەیامی واشنتۆنیان پێ دەڵێت كە ئەمەیە :"ئەگەر رۆژی 25ی ئەیلول ریفراندۆم بكەن ئەوا لە رۆژی 26ی ئەیلولەوە ئیتر كەركوك هی كورد نییه"

دژایەتی بێچەندوچوونی ئەمریكا هەر لەسەرەتاوە بۆ ریفراندۆم بەس بوو بۆ ئەوەی بارزانی پەنا بۆ ئەو بریارە نەبات، یان لانیكەم لە نیوە رێگەی ریفراندۆمدا پاشگەز بێتەوە و دوایبخات، بە تایبەت كاتێك كە فشارەكانی ئەمریكا زیاتر جدیی بوون لەسەر كورد و واشنتۆن لە رۆژەكانی كۆتایی پێش ریفراندۆم بەدیلێكی بۆ كورد پێشنیاز كرد.

چەند رۆژێك پێش ریفراندۆم برێت ماكگۆرك دێتە كوردستان و چاوی دەكەوێت بە هەر یەك لە: كاك مەسعود، نێچیرڤان بارزانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لاهور شێخ جەنگی، مەسرور بارزانی و چەند سەركردەیەكی تر، دوا پەیامی واشنتۆنیان پێ دەڵێت كە ئەمەیە :"ئەگەر رۆژی 25ی ئەیلول ریفراندۆم بكەن ئەوا لە رۆژی 26ی ئەیلولەوە ئیتر كەركوك هی كورد نییه".

ئایا لەمە وازح تر ئەمریكا چی بەكورد بڵێت ؟

 

*سەرنوسەری ماڵپەری پۆلەتیك

1735 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations