پارتی وەڵامی لاهوری شێخ جەنگی دایەوە

01.06.2019

لڤین:

فەرهاد کەرکوکی: ھەر كەسێك كەین و بەینی لەگەڵ گرووپی ( ١٦ ) ی ئۆكتۆبەر ھەبووبێت، با لێرەوە پێی بڵێین شمولی پۆستی پارێزگاری كەركووك ناكات.

فەرھاد كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی ڕایگەیاندووە:" ھەر كەسێك كەین و بەینی لەگەڵ گرووپی (١٦) ی ئۆكتۆبەر ھەبووبێت، با لێرەوە پێی بڵێین شمولی پۆستی پارێزگاری كەركووك ناكات، یەكێك لە داواكارییەكانی پارتی ئەوەیە، چونكە كەسێك خەڵكی كەركووك نەبێت و بێت شارەكە بفرۆشێت، نە خوا و نە گەل قەبووڵی ناكات".

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی ئەوەشی ئاشكرا كردوە:"قەبووڵمانە كەسێكی بێلایەن ببێتە پارێزگاری كەركووك، خەڵك شەرەف و نامووسی لەسەر خیانەتی ( ١٦ )ی ئۆكتۆبەر دانا و كەركووكیان بە چەپڵە و ھەل ھەلە فرۆشت، ئێستا بێین بیكەینە پارێزگار؟ نەخێر، دەبێت دۆخی شارەكە ئاسایی ببێتەوە، حەشد بچێتە دەرەوە و ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە خانەقین تا شنگال دیاری بكرێت، ناو شاری كەركووكیش ئاسایش و پۆلیس بیپارێزن و بارەگای پارتی چۆڵ بكرێت و هێزەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەنجومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە و پارێزگار دیاری بكرێت، دەبێت بێ لایەن بێت و كورد بێت،بەشێكی یەكێتیش هاوڕای پارتین لەمبارەیەوە، بەڵام ئەگەر بوێرن قسە بكەن .

فەرهاد كەركوكی ئەوەشی ئاشكرا كردوە وەکو پارتی ناھێڵین خیانەتكاران بۆیان بچێتە سەر، چونكە پیلانی دیكەی ھاوشێوەیان ھەیە، وە ئامادەنین دەست بخەینە دەستی خیانەتكارانی ( ١٦ )ی ئۆكتۆبەر، بەڵام دەست دەخەینە دەستی خەڵكی نیشتمانپەروەریان.

ئەم ووتانەی فەرهاد کەرکوکی لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ١ ی ٦ ی ٢٠١٩ بە بۆنەی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری کەرکووک لاهوری شێخ جەنگی لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری لە هەرێمی كرودستان رایگەیاند :فرمێسكی تیمساحی لەدورەوە بۆ كەركوك نەڕێژن، ئەوانەشی بەبێ بەڵگە قسە لەسەر ڕوداوەكانی 16ی ئوكتۆبەر دەكەن و یەكێتیی بەخیانەت تۆمەتبار دەكەن، پێڵاوی منداڵێكی كەركوكی بەڕویاندا بەرزدەكەینەوە"، لەبەرامبەردا بەرپرسێكی پارتی وەڵامی دەداتەوەو ئاشكرای دەكات، ناهێڵین خیانەتكاران بۆیان بچێتەر سەر ، چونكە پیلانی دیكەی هاو شێوەیان هەیە.

 

41180 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations