قایمقامیەتی سلێمانی پەیامێکی بۆ شۆفێران بڵاو کردەوە

25.05.2019

لڤین:

سەرۆكی لیژنەی هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی پەیامێك ئاراستەی‌ شۆفێران دەكات و چەند ڕێنماییەكیش ئاراستەی‌ شۆفێران دەكات بۆ ئێستا كە وەرزی‌ گەرمایە.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، "ساڵانە لەوەرزی هاویندا حاڵەتی سوتانی ئۆتۆمبێل دروستدەبێت، بەڵام خۆشبەختانە حاڵەتەكان كەمن و نەبۆتە دیاردە".

وتیشی"زۆر پێویستە شۆفێران پشكنینی ساڵانە بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن تاوەكو هەر كێشەیەك لەئۆتۆمبێلەكانیان هەبێت بەخێرایی چارەسەری بكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد "لەكاتی گەرما بەتایبەت نیوەڕوان پێویستە لەسەر شۆفێران بەنزین نەكەنە ئۆتۆمبێلەكانیانەوە، بەڵكو لەكاتەكانی فێنكی بەیانیان یان ئێواران ئەوكارە بكەن، لەهەمویشی‌ پێویستر ئەوەیە، نابێت شۆفێران ئۆتۆمبێلەكانیان پڕبكەن تاڕادەی لێڕژان و لەڕۆژە گەرمەكانیشدا پێش كارپێكردنی ئۆتۆمبێلەكانیان تەنكی بەنزین بكەنەوەو دواتر دایبخەنەوە بۆ ئەوەی‌ ئەو هەوایەی لەناو تەنكیەكەدا هەیە بەتاڵبێتەوە".

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ئاماژەی بەوەشكرد، "كوالێتی بەنزینی خراپ كەمترین هۆكاری دروستبونی حاڵەتی سوتانی ئۆتۆمبێلە، بەڵام زۆر گرنگە شۆفێر ئاگاداری لێچونی سۆندەی بەنزین بۆ بزوێنەربێت، چونكە ئەم هۆكارانە بەگشتیی ئەگەری ڕودانی سوتانی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە".

1082 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations