پلانی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا کرا

10.05.2019


ئەندامێکی "سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پلانی حکومەتی داھاتوو لەبارە گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت: ئەگەر ھەلومەرجی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لەبار بێت، لەکابینەی داھاتوو زۆر شت بڕیاری لەسەر دەدرێت کە پەیوەستن بەباشترکردنی ژیانی خەڵک و بازاڕەوە.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاندوه‌، ئەگەر بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو نەخشەڕێگەیەی ئێستا بڕوات و پێشھاتی ناخۆش روونەدات، لەچەند مانگی یەکەمی کابینەی نوێی حکومەتدا ئاماژەکانی باشتربوونی ژیان خەڵک و بوژانەوەی بازاڕ دەردەکەوێت.

ناوبراو وتیشی"لەئێستا پاشەکەوتی موچە ھەڵگیراوە، بەڵام لەماوەی شەوو رۆژێکدا ناتوانرێت بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچە بدرێت، ئیرادەی حکومەتی داھاتوو ئەوەیە، کە ھەم گوزەرانی خەڵک باشتربکرێت و حکومەتێکی تۆکمە پێکبھێنرێت، ھەم ئەمنیەتی ھەرێم بپارێزرێت و چاکسازی لەدامودەزگاکانی حکومەتیش بکرێت".

بڵند ئیسماعیل له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچەو رێککردنەوەی موچە پەیوەندی بەھەلومەرجی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ئەگەر ھەلومەرجی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لەباربێت و کێشەو گیروگرفت نەیەتە پێش، زۆر شت ھەیە لەکابینەی مەسرور بارزانی بڕیاری لەسەر دەدرێت کە پەیوەست دەبێت بە باشترکردنی ژیانی خەڵک و بازاڕو باشترکردنی وەبەرھێنان.

11381 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations