ماڵئاوایی گۆدین هەموانی گریاند

08.05.2019

لڤین:

دیێگۆ گۆدین به‌رگریكاری ئۆروگوایی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید به‌فه‌رمی بڕیاریدا له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ ریزه‌كانی یانه‌ ئیسپانیه‌كه‌ جێده‌هێڵێت.

گرێبه‌ستی گۆدین له‌ هاوینی ئه‌مساڵ ته‌واو ده‌بێت و بڕیاریداوه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ نه‌كاته‌وه‌ و له‌ یانه‌یه‌كی دیكه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ بكات و پێشبینی ده‌كرێت بۆ وه‌رزی داهاتوو له‌ ئینته‌رمیلانی ئیتاڵی یاریی بكات و به‌پێی سه‌رچاوه‌كان گۆدین و ئینته‌ر بۆ ماوه‌ی سێ وه‌رز گرێبه‌ستێكیان واژۆ كردووه‌.

گۆدین له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی به‌ گریانه‌وه‌ رۆیشتنی  له‌ له‌ یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید راگه‌یاند و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ دوایین رۆژه‌كانییه‌تی له‌و یانه‌یه‌ تێپه‌ڕ ده‌كات.

گۆدین له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: چه‌ندان وێنه‌ و ساتی خۆش و بیره‌وه‌ریم لێره‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم به‌یه‌كه‌وه‌ دڵخۆش بووین و كاتی سه‌ختیشمان به‌ڕێكرد، دایك و باوكم هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یاریگه‌ ده‌ركه‌وم، ساتی زۆر جوان و خۆشم له‌گه‌ڵ ئاتلێتیكۆ مه‌درید به‌ڕێكرد و ئێره‌ بووه‌ ماڵی من.

گۆدین وتیشی: ئه‌مه‌ دوایین رۆژی منه‌ لێره‌، هه‌ست به‌ دڵه‌راوكێیی ده‌كه‌م، سوپاسی هه‌مووان ده‌كه‌م، سوپاس بۆ سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان، ده‌سته‌ی كارگێری و راهێنه‌ر و خێزانه‌كه‌م، هه‌موو كاتێك دڵم له‌گه‌ڵ ئاتلێتیكۆ مه‌دریده‌.

گۆدینی ته‌مه‌ن 33 ساڵ، له‌ هاوینی 2010 له‌ یانه‌ی ڤیاریاله‌وه‌ به‌ به‌های 7 ملیۆن پاوه‌ند روویكره‌ ئاتڵێتیكۆ مه‌درید، له‌گه‌ڵ یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌ 366 یاری كردووه‌، 21 گۆڵ و 14 ئاسیستی تۆمار كردووه‌، یه‌كێك له‌ جوانترین گۆڵه‌كانی گۆدین ئه‌و گۆڵه‌ بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ نازناوی لالیگایان له‌ ساڵی 2014 یه‌كلایی كرده‌وه‌ و دوای هه‌ژده‌ ساڵ نازناوه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنا.

گۆدین، جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوێكی لالیگا، نازناوێكی جامی شا و دوو نازناوی یۆرۆپالیگ و سێ نازناوی سوپه‌ری ئه‌وروپا و دوو جاریش گه‌یشتووه‌ته‌ فایناڵی چامپیۆنزلیگ.

1043 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations