سۆران: تەرمی گەنجێک لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە

29.04.2019

لڤین:

تەرمی گەنجێکی تەمەن (22) ساڵ لە گوندی باڵەکیانی سەربەقەزای سۆران لەناو ماڵەکەی خۆی دەدۆزرێتەوە.

سەعدون هاودیانی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە (سبەی) راگەیاند؛ ئەمڕۆ سەعات شەشی ئێوارە لەلایەن بنکەی پۆلیسی ناو شاری سۆران ئاگادار کراونەتەوە بە بونی تەرمێک لە گوندی باڵەکیان.

وتیشی"دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس و دەستکردن بە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە و بە پێی وتەی مامی ئەو گەنجە، ناوبراو بە تەنها لەماڵەوە بوە و بەچەکی کڵاشینکۆف خۆی کوشتوە، بەڵام پۆلیس دڵنیا نەبوە لەوەی ئاخۆ ئەو گەنجە خۆی کوشتوە یاخود کوژراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد"بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر تەرمی ئەو گەنجەیان رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کردوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".

ئەو گەنجە ناوی عەزیز فازیلە و لەدایک بوی ساڵی (1997) و خوێندکاری دوا قۆناغی ئامادەییە و دانیشتوی گوندی باڵەکیانە لەقەزای سۆران.

1394 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations