شار پرێس: شاسوار عەبدول واحید داوای ڕێککەوتنی لە یەکێتی و پارتی کردووە

29.04.2019

لڤین:

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، داوای رێككەوتنی لەپارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی كردووەو لەو چوارچێوەیەش چەند ئۆفەرێكی خستووەتە بەردەم ئەو دوو لایەنە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، شاسوار عەبدولواحید دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، چەند دەستپێشخەرییەكی بۆ بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی كردووە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی ئەو دۆسییانەی لەسەری هەیە لەدادگا دابخرێت‌و بەڵگەنامەكانی لەسەر ئاشكرانەكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاسوار عەبدولواحید، سەرەتا دەستپێشخەری بۆ بەرپرسانی یەكێتی كردووە، بەوەی رێككەوتنێكی میدیایی‌و سیاسی بكەن، هەروەها داوای چاوپێكەوتنی كردووە لەگەڵیان، ئەوەش لەلایەن یەكێتییەوە رەتكراوەتەوە، بۆیە پێشنیاری تری كردووە و ئامادەیی نیشانداوە رێككەوتنی نێوانیان بەشێوەیەك بێت، هاوكاریان دەبێت‌و چیتر دژایەتی سیاسی‌و میدیایان ناكات.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لەناو یەكێتی لەسەر ئەو دەستپێشخەرییەی شاسوار دوو بۆچوون دروست بووە، بەشێكی زۆر لەگەڵ ئەوە نین، كە رێككەوتن لەگەڵی بكەن، چونكە ئەو ئەو پرسە رای گشتی لەسەرەو پرسی یاساین، بۆ پێشنیاریان ئەوەیە بەرێكاری یاسایی خۆی یەكلابكرێتەوە و پەیوەندی بە ئابروچونەوە هەیە.

لەبەرانبەردا بەشێكی كەمیشیان لەگەڵ ئەوەن رێككەوتن بكرێت، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە ئەگەر لەگەڵی رێكنەكەون، ئەوە شاسوار عەبدولواحید، هەرچەندە پرسەكەی لەسلێمانییە بەڵام لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات.

چەند رۆژێكە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ كێشە دروست بووەو كێشەكانیش بەهۆی ئەوەیە، كە شاسوار عەبدولواحید، حیزبەكەی بەرەو بنەماڵەیی بردووە، بەو هۆیەشەوە چەند پەرلەمانتارێك بەیاننامەیان لەسەر ناوبراو دەكرد.

وەك پەرلەمانتارەكان باسیان كردووە، كە شاسوار عەبدولواحید لەپێناو بێدەنگكردنیان هەڕەشەی ئەوەی لێكردوون تۆماری سێكسیان بڵاودەكاتەوە، كە بەو هۆیەشەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو لەو چوارچێوەیەش سكرتێری كەسی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیركراوەو لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە شاسوار عەبدولواحید، جگە لەدەستپێشخەری بۆ بەرپرسانی یەكێتی لەرێگەی بەرپرسێكی پارتی دیموكراتیش دەستپێشخەری بۆ ئەو حیزبە كردووە، كە رێككەوتنی لەگەڵ بكەن‌و بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێكی بۆ پارتی كردووە.

یەكێك لەپێشنیازەكانی ئەوە بووە، كە فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە ئەوەش بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكە نەتوانێت دژایەتی دەسەڵات بكات لەپەرلەمانی كوردستان.

هاوكات لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییە، چەند پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ، كە ناڕازین لەشاسوار عەبدولواحید لەپەرلەمانی عێراق، لەرێگەی چەند پەیوەندییەكەوە، بەرپرسانی یەكێتیان ئاگاداركردووە، كە ئەگەر لەگەڵ سەرۆكی نەوەی نوێ رێككەوتن بكەن، ئەوە ئەوان هەڵوێستیان دەبێت.

ئەو كەسەی لەنووسینگەی شاسوار عەبدولواحید دەستگیركراوە، كەسێكی نزیكی بووەو چەند سەرچاوەیەك باس لەوە دەكەن، كە بەڵگەنامەی زۆری لەلا گیراوە، كە بەتۆماركراوی لەو جیهازانەدا هەبووە كە لەئۆفسەكەیدا بوون لەوانە 5 هارد دیسك و دوو مۆبایل و كۆمپیتەرێكە، بەشێك لەدیكۆمینتەكان پەیوەندیدارن بەو سكالایەی تۆماركراوەو بەشێكی تریش زانیاری و دیكۆمینتی ترە، كە لەناویاندا چاتی سەرۆكی نەوەی نویشی تیایە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ترس لەلای سەرۆكی جوڵانەوەكە دروست بكات.

7297 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations