دایكێكی‌ كه‌نه‌دی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ له‌ چنگی‌ شێرێك رزگار ده‌كات

دایكێكی‌ كه‌نه‌دی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ له‌ چنگی‌ شێرێك رزگار ده‌كات

07.04.2019

لڤین:

دایكێكی‌ به‌ ره‌گه‌ز  كه‌نه‌دی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر بوێرانه‌ منداڵه‌ حه‌وت ساڵانه‌كه‌ی‌ له‌ چنگی‌ شێرێكی‌ شاخاوی‌ رزگار كرد پاش ئه‌وه‌ی‌ هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر منداڵه‌كه‌ی‌ له‌ كاتی‌ یاریكردندا له‌ باخچه‌ی‌ ماڵه‌كه‌یاندا.

به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌ی‌ میترۆ، له‌ دورگه‌ی‌ ڤانكوڤه‌ری‌ وڵاتی‌ كه‌نه‌دا، دایكێك به‌ ناوی‌ چێڵسی‌ گوێی‌ له‌ هاواری‌ منداڵه‌ حه‌وت ساڵانه‌كه‌ی‌ ده‌بێت به‌ ناوی‌ زاك له‌ باخچه‌ی‌ ماڵه‌كه‌یاندا، هه‌ربۆیه‌ زۆر به‌خێرایی راده‌كات و ده‌بینێت منداڵه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن شێرێكی‌ شاخاوییه‌وه‌ هێرشی‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر، دایكه‌كه‌ به‌خێرایی هه‌وڵی‌ رزگاركردنی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ ده‌دات و ده‌چێته‌ سه‌ر پشتی‌ شێره‌كه‌ و هه‌وڵی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌می‌ شێره‌كه‌ ده‌دات بۆ رزگاركردنی‌ منداڵه‌كه‌ی‌.

شێره‌كه‌ له‌رێی‌ بڕینی‌ ئه‌و به‌ربه‌سته‌ی‌ له‌نێوان ماڵه‌كه‌ و ده‌ره‌وه‌دا هه‌بوه‌، توانیویه‌تی‌ بچێته‌ نێو ماڵه‌كه‌وه‌، دایكه‌كه‌ش به‌ به‌رده‌وامی‌ هاواری‌ بۆ یارمه‌تی‌ كردوه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش هاوكاربوه‌ له‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ شێره‌كه‌ كه‌ به‌ (كوگه‌ر) ناسراوه‌.

له‌پاش روداوه‌كه‌ش باوكی‌ منداڵه‌كه‌ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ شێره‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ نه‌بوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ هۆی‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ و ته‌نها چه‌ند بریندارییه‌ك له‌ سه‌ر و مل و ده‌ستی‌ منداڵه‌كه‌ دروست بوه‌ و ده‌ستبه‌جێ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، چاوه‌ڕوێش ده‌كرێت باری‌ ته‌ندروسیی‌ منداڵه‌كه‌ باشتر ببێت.

156 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations