حامید حاجی غالی: بڕیاری سڕكردنی مەلا بەختیار و هۆشداریدان بە قوباد تاڵەبانی و رێواز فایەق بوێرانەبوو

22.11.2020

لڤین:

حامید حاجی غالی رایگەیاند، نوێنەرانی حیزبەكەی لە حكومەتی هەرێمدا، هیچ دەسەڵاتێكیان پێنەدراوە، بڕیاری سڕكردنی مەلا بەختیار و سەرنج ڕاكێشان بۆ قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق، بە بڕیارێكی بوێرانە و دروست دەزانێت. 

حامیدی حاجی غالی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند "وەزعی خەڵك باش نیە، بێ موچەیی نەهامەتیە بۆ خەڵك، حیزبەكان تەنها تاوانیان ئەوەیە كە ڕاناپەڕن، ڕاپەڕینیش زۆر دەكەوێت لەسەر حیزبەكان، چونكە ئەم هەرێمە دەرئەنجامی هەزاران شەهید و پەنجا ساڵ خەبات و دەردەسەریە، گەر حیزبەكان قیادەی خەڵك بكەن و ڕاپەڕن، دەترسن حكومەتەكە و هەرێمەكە بڕوخێنن". 

ناوبراو وتیشی "حیزبەكان حكومەتیان پێكنەهێناوە، بۆ نموونە یەكێتی و گۆڕان لەحكومەتدان، بەهەردووكیان و وردە حیزبەكانی سەربە پارتیش، بەقەد دوو وەزیری پارتیان بەدەست نیە، ئەو وەزارەتانەش كە پێیاندراون، ئەو وەزارەتانە نین بڕیاریان تێدا جێبەجێ بكرێت، پارتی هەموو شتی پاوان كردووە، ئیتر ئەمە بیانوو گرتنە بە گۆڕانی قوڕبەسەر و كۆمەڵ و ئەوانیتر". 

ئەو وتیشی "یەكێتی لە تاواندا پشكی لە حیزبەكانی تر زیاترە، بەڵام پارتی بەپلەی یەكەم بەرپرسە، چونكە سەرۆكی هەرێم و حكومەت و زۆرینەی پەرلەمانیشە، چی بوێت دەیكات، دەبێت ئارام بگرین، بزانین وەزعەكە بۆ كوێ دەڕوات، تا پارتی بە ئاگا دێتەوە و واز لەو غروریەتە دێنێ".

ئەو ئاماژە بەوە دەكات سەرۆكی حكومەت كە كوردستانی بەجێهێشتووە هیچ دەسەڵاتێكی نەداوەتە قوباد تاڵەبانی جێگیری و راشیگەیاندووە كە بڕیاری سڕكردنی مەلابەختیار و هۆشداری دان بە قوباد تاڵەبانی و رێواز فایەق لە جێی خۆیدا بووە و دەشڵێت "هەرچەندە من لەوێ نەبووم و دەنگم نەدا، بەڵام بڕیارەكە سەد دەرسەد دروست بوو، بڕیارێكی بوێرانە بوو، دەبووایە زووتر ئەو بڕیارە بدرایە و دوا نەخرایە". 

675 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations