یەکێتی مامۆستایان: داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن دەکەین

22.11.2020

لڤین:
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن لەناوەندەکانی خوێندن دەکات و دەشڵێت، لە قەیرانەکان و نەدانی مووچەش لەگەڵ راگرتنی پرۆسەی پەروەردە نەبوون.  

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە "ناس کورد"ی راگەیاندوە"وەکو یەکێتی مامۆستایان لەسەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئێمە لەگەڵ دواخستنی پرۆسەی پەروەردە نەبووین و پێمان وایە راگرتنی پرۆسەی خوێندن بەمانای وەستانی ژیان دێت".

وتیشی"خوێندنی ئەلیکترۆنی کە راگەیەندراوە نەک لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، بەڵکو لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش وەکو پێویست پابەند نەبوون و داخڵبوونی خوێندکاران بە سیستەمەکە نییە و پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە".

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەكرد"لە ئێستادا دەستپێکردنەوەی خوێندن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پێشنیاز دەکرێت و ئەوەش بەپێی ئامارەکانی نوێی کۆرۆنا بەراورد دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە تارادەیەک جێگیرە، بۆیە ئێمە وەکو یەکێتی مامۆستایان پێمان باشە پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە ئەگەر لە هەفتەیەکدا دوو رۆژیش بێت خوێندکار دەتوانێت سودمەندبێت لێی".

لەبارەی ئەوەی لە ئەگەری نەدانی موچە و بایکۆتکردنی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە، وەکو یەکێتی مامۆستایان پشتگیری مامۆستایان دەکەن؟ سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاشکرایکرد"ئیمە لەساڵی 2014ەوە و لەکاتی سەرجەم قەیرانەکان لەگەڵ بەردەوامی خوێندن دەبین لەسەرجەم ناوەندەکان و پێمان باشە پرۆسەی پەروەردە رانەگیرێت، لەگەڵ ئەوەش داوادەکەین حکومەت ماف و شایستەکانی مامۆستایان دابین بکات".

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن بدات، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا، لە مانگی ڕابردوودا خویندنی لە هۆڵەکانی خوێندن بۆ ماوەی مانگێک ڕاگرت.   

551 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations