پەرلەمانتارێك: بەھۆی قاچاخیەوە ئاژەڵدار بەرەو نەمان دەچێت

22.11.2020

لڤین:

سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بەهۆی قاچاخچێتیی ئاژەڵەوە، ئاژەڵدار بەرەو نەمان دەچێت.

عەلی حەمە ساڵح لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، "كێشەی دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنیا دابیننەكردنی موچە و گەندەڵیی نەوت و زەوی نیە! هەرچی پارەی تێدا بێت لای ئەمان حەرام نیە، بەهۆی قاچاخچێتیەوە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە كوردستان بەرەو لە ناوچون دەچێت".

باسی لەوەشكردوە، "هەركەس بچێتە مەیدانی ئاژەڵان دەبینێت چۆن بەهۆی مانگا و مەڕ و بزنی قاچاخەوە هەرچی ئاژەڵدارە تووشی زیان بوە، جگە لەو رێگاپێدانەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەیكات، ئاژەڵێكی زۆر بەشێوەی قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە لە ئێران و توركیا و سوریاوە دەهێندرێت".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان باسی لەوەشكردوە، "هێنانی ئاژەڵی قاچاخ وایكردوە ئەوانەی چەندین ساڵە سەرقاڵی ئاژەڵدارین، توشی زیانێكی گەورەبن و بیر لە وازهێنان بكەنەوە، ئەم قاچاخیە تەنیا مەترسیی ئابوری و زیانی ئاژەڵدارەكانی نیە، بەڵكو مەترسیی تەندروستیشی هەیە".

دەقی نوسینەکەی عەلی حەمەساڵح:

بەھۆی قاچاخیەوە ئاژەڵدار بەرەو نەمان دەچێت 

کێشەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم تەنیا دابیننەکردنی موچەو گەندەڵی نەوت و زەوی نیە! ھەرچی پارەی تێدا بێت لای ئەمان حەرام نیە!! 

وابڕوات... بەھۆی قاچاخچێتیەوە کشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە کوردستان بەرەو لە ناوچوون دەچێت.

ھەرکەس بچێتە ( مەیدانی ئاژەڵان) دەبینێت چۆن بەھۆی مانگاو مەڕو بزنی قاچاخەوە، ھەرچی ئاژەڵدارە تووشی زیانبوە.

جگە لەو ڕێگا پێدانەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەیکات، ئاژەڵێکی زۆر بەشێوەی قاچاخ لە لایەن بەرپرسانەوە لە ئێران و تورکیاو سوریاوە دەھێندرێت.

ھێنانی ئاژەڵی قاچاخ وایکردوە، ئەوانەی چەندین ساڵە سەرقاڵی ئاژەڵدارین تووشی زیانێکی گەورەبن و بیر لە وازھێنان بکەنەوە.

ئەم قاچاخیە تەنیا مەترسی ئابوری و زیانی ئاژەڵدارەکانی نیە، بەڵکو مەترسی تەندروستیشی ھەیە.

مانگاو بزن و مەڕی سوری ، لای مەرزی وەلیدەوە بۆ سحێلا دەھێندرێت، گەورە بە ١٠٠ ھەزارو بچوک بە ٣٥ ھەزار.

ئاژەڵی تورکی لە ناوچەی خوێرێزکای سەربە شیروان مەزنی قەزای مێرگە سورەوە داخڵدەکرێت... پێشتر بازرگانی جگەرەو سوتەمەنیش لێرەوە دەکرا.

جگەلەوەی بۆ ئاژەڵی گەورە ١٠٠ ھەزارو بۆ بچوک ٣٥ ھەزار وەردەگیرێت، بەناوی کێشانیش ١٥٠ ھەزار بۆ ھەرتەنێک وەردەگیرێت، دوو شەویش لە خاندا دەیانھێڵنەوەو بۆ ھەر شەوێک ١٧ ھەزار وردەگیرێت.

لە بەدواداچونی ئەم دۆسیەدا، وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند: ئەمە لە دەرەوەی ڕێگا پێدان و چاودێری ئەوانەو زایانی گەورەی داوە.

ھەموو ھەوڵێکدەدەین بۆ کۆتایی بەم قاچاخیە.

107 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations