رۆژئاوای كوردستان؛ 113 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا تۆماركراوه‌

22.11.2020

لڤین:

ده‌سته‌ی ته‌ندروستی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ی تشرینی دووه‌می 2020 رایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوودا 113 حاڵه‌تی نوێی توشبوون به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا و 6 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا تۆمار كراون.

له‌و باره‌یه‌وه‌، جوان مسته‌فا، هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی ته‌ندروستی له‌ باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا روونیكرده‌وه‌، 4 له‌حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان له‌ دێرك و عامودا و دێرئه‌لزور و ته‌بقه‌ تۆماركراون و دوو حاڵه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ حه‌سه‌كه‌ و قامیشلۆ بووه‌.

جوان مسته‌فا ئاشكراشیكرد، 113 حاڵه‌تی تووشبوونی نوێ به‌ڤایرۆی كۆڤید-19 له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا تۆماركراون 65 حاڵه‌تیان نێر بوون و 48 حاڵه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش مێ بوون و به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش بوون: (25 حاڵه‌ت له‌ حه‌سه‌كه‌، 16 دێرك، 9 قامیشلۆ، 2 عامودا، 1 كه‌ركی له‌كی، 2 ده‌رباسیه‌، 2 دێرئه‌لزور، 5 شه‌هبا، 17 كۆبانێ، 24 ته‌بقه‌، 9 ره‌قه‌، 1 مه‌نبه‌ج).

مسته‌فا ئاشكراشیكرد، 25 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش تۆماركراون.

جێی ئاماژه‌یه‌، تا ئێستا ژماره‌ی توشبوون به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا گه‌یشتۆته‌ 6591 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ 178 كه‌سییان گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و 957 كه‌سیش چاكبوونه‌ته‌وه‌.

112 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations