دواین زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

21.11.2020

لڤین:
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە "دڵنیایی" دەدات کە چارەسەر دەبێت.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، ووتی"بە دڵنیاییەوە ئێمە زۆر سوورین لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان".

لەدوای تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق، حکومەتی عێراق دوو مووچەی فەرمانبەرانی دابەشکرد، بەڵام هێشتا ئەو 320 ملیار دینارەی هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتبوون تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بیداتە هەرێمی کوردستان، نەیناردووە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئەعرەجی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "حکومەت دەیەوێت کێشەی مووچە چارەسەر بکات، بە دڵنیاییەوە فەرمانبەرانی کوردستان برای خۆشەویستی ئێمەن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ فەرمانبەرانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ، هەمووان دڵنیادەکەینەوە پشتیوان بەخوا بەو نزیکانە ئەوە چارەسەر دەبێت". 

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مستەفا کازمی داوای لە پەرلەمانتاران کرد "ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەو کاریگەرییان لەسەر بژێویی خەڵک نەبێت". لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداش رایگەیاند "رێککەوتووین تاوەکو پەسندکردنی بودجە پارەیەکی سادە بنێرین"، کە مەبەستی 320 ملیار دینارەکەیە. 

کازمی لە قسەکانیدا باسی لە تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی کورد کرد، وتی"ئێستا یاسای قەرز زۆر کاری حکومەتی پەکخستووە،  لێرەدا باسی ناکەم، بە راشکاوانە دەڵێم هیوادارم لە برایانی پەرلەمان، ناکۆکی سیاسی رەنگنەداتەوە لەسەر بژێوی گەل، جا کورد بێت یان عەرەب بێت".
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات، بۆیە بڕیارە هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا. بیانووی پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێکی سووننەکان لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ئەوەیە، کە دەڵێن هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەداوەتە حکومەتی عێراق.

مستەفا کازمی لەو بارەیەوە دەڵێت "بەڵێ هەڵە هەیە و هەندێک شت هەیە لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم، بەڵام داوادەکەم بازرگانی بە بژێوی گەل نەکرێت، هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن هەڵەی سیاسی لە ئەستۆبگرن، پێویستە هاووڵاتی بەتەواوی لەمە بەدووربن. نابێت مووچە ببێتە ماددەیەک بۆ کێشانەوەی پارە، ئەمە حەرامە". 

لەبارەی بەردەوامی دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا، کازمی رایگەیاند "دانوستاندن بەمنزیکانە دەکرێت و پێشتریش هەبووە و  بەردەوامە، پێشتر رێککەوتین لەسەر پێدانی بڕە پارەیەکی سادە تاوەکو یاسای بودجەی 2021 پەسند دەکرێت. کەمتر لە مانگێک کوتلە سیاسییەکان بەوپەڕی جیدییەتەوە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئاستەنگییەکان، دانوستاندنی نێوان کوتلە سیاسییەکان مافێکی سرووشتی کوتلە سیاسییەکانە کە قسەیان لەسەر بودجە هەبێت، بەڵام بەپێی بەرژەوەندی عێراق بێت".

873 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations