ئەو ئافاتەی ناونرا "ئابوری سەربەخۆ "

17.11.2020

لڤین: وەرگیراوە لە پەڕەی عەلی حەمە ساڵح

چیرۆکی داڕوخانی ھەرێمێک
ئەم چیرۆکە باسی ھەنگاو بەھەنگاوی ئافاتی بەناو" ئابوری سەربەخۆ" دەکات. ئەم چیرۆکە چەندین زانیاری و بەڵگەنامە دەخاتەڕوو، کە چۆن ویست و بەرژەوەندی چەندکەسێک بە ناڕەوا کوردستانی تووشی داڕوخانی ئابوری و قەرزاریکرد، لەبری سەربەخۆیی، بوین بە دیلی توکیاو کۆمپانیا جیھانیەکان .


تەنیا زانیاری باس ناکەم ، بەڵکو ئەزمون وەرگرتنە لە شکستێکی گەورە!


سەرەتای پلانەکە
ساڵی ٢٠١٠ د.بەرھەم ساڵح دەبێتە سەرۆک وەزیران، نێچیرڤان بارزانی وەک ئەوەی بڕیایدابێت لە زووترین کاتدا بگەڕێتەوە، جوڵەکانی بۆ تورکیا دەستپێدەکات، ئاشتی ھەوارامی لەگەڵ خۆیدا دەبات، ھەر ئەو کاتەی کە سەرۆک وەزیرانیش نیە بناغەی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵی و دروستکردنی بۆری نەوت لەگەڵ تورکیا دادەنێت! لە دیوی تورکیا کۆمپانیای بۆتاش و لە ھەرێمی کوردستان کۆمپانیای کار دروستی دەکەن!


بەبێ گەڕانەوەو ڕاوێژ لە گەڵ عێراق، لە ٢٠١٣/١٠/١٤ بۆیەکەمجار ڕۆژانە ١٥ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان بە بۆری ھەناردەی تورکیا کرا....


نەمانی داھاتێکی گەورە:


تاوەکو کۆتایی ٢٠١٣ پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە بەغداوە دەھات! موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان عێراق دەینارد، بەپێی بەڵگەنامەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داھاتی نەوت تاوکو کۆتایی ٢٠١٣ بڕەکەی (٩ ملیارو ٧١٤ ملیۆن دۆلار) بوە! ...... بەڵگەنامەی یەکەم


ئەم پارانەش بەبێ چاودێری ھیچ دامەزراوەیەک لە بانکی کوردستانی ئەھلی دادەنرا!!


دورکەوتنەوە لە عێراق و فێڵێکی ڕەش


لە مانگی ٢ی ٢٠١٤ ەوە عێراق ھەڕەشەی بڕینی پشکی ھەرێمی کوردستانی دەکرد بە بیانوی ئەوەی ھەرێم بەشێوەی سەربەخۆ بەبێ ڕاوێژ بە عێراق نەوت دەفرۆشێت! بۆیەچپشکی ھەرێم کەمکرایەوە بۆ ٥٠٠ ملیار دیناری مانگانەو دواتر بڕدرا؛ لە ھەمان مانگ کۆبونەوەیەک لە ھۆڵی پرۆتۆکۆڵی پەرلەمانی کوردستان ڕێکخرا، نێچرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و د.ئاشتی ھەورامی ئامادەبوون، منیش وەک نوێنەری گۆڕان بەشداربووم. کۆبونەوەکە ڕاوێژکاری بوو...


لەوێ پرسیمان، ئێوە بەسەربەخۆ نەوت دەفرۆشن، ئەگەر عێراق پشکی ھەرێمی کوردستانی بڕی چی دەکەن؟


د.ئاشتی، وەڵامی دایەوەو وتی: خۆمان بیفرۆشین زۆر زیاترمان دەستدەکەوێت لەو پارەی لە بەغداوە دێت!!


وتم: چۆن؟

مانگێک بێت کاری لەسەر بکەن، وتی: لە کۆتایی ٢٠١٥ ەدا بەرھەمی ڕۆژانەی نەوت دەکەینە( یەک ملیۆن شەست ھەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام ھەتاوەکو ئێستاش بەرھەمی نەوت نەگەشتوەتە نیوەی ئەو بڕە!! ....... بەڵگەنامەی دوەم!


پێدەچوو ھەمان لێکۆڵینەوەش درابێتە کاک مسعود بارزانی و ئەویش پشتیوانی کردبن!


ئەوجا پەڕەیەکی تری لێکۆڵینەوەکەی دەرھێناو وتی: کۆی داھات لە ٢٠١٥ ەدا دەگاتە ٣٢ ملیار دۆلارو لە ٢٠١٦ەدا دەگاتە ٣٨ ملیار دۆلار! بەڵام دەرکەوت بە ھەردوو ساڵەکە داھاتی نەوت ٥ ملیار دۆلار بوە! بەڵگەنامەی سێیەم ..


دواتر دەرکەوت فێڵێکی ڕەش لە پشت ئەم ھەنگاوانەوەیە! ئەو ڕەقەم و داتایانەش بۆ چاوبەست بوو!


مورتەزا لاخانی، دەڵاڵی نەوتی پاکستانیان ھێنا بۆ فرۆشتنی نەوت!


بە موچەی مانگانەی یەک ملیۆن دۆلار ، جگە لەو دەستکەوتانەی مورتەزا لە دەڵاڵی فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوت!


ھەر خێراو لە سەرەتایی ساڵی ٢٠١٤ەو لە ڕێگای مورتەزاوە دەستیانکرد بە فرۆشتنی نەوتی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ ..... دواتر..


ئەم کارانەش لە ڕێگای کۆمپانیاکەی مورتەزاوە دەکرا
‏ Oil and gas management services group
بەپێی راپۆرتێكى ساڵی 2015ى فاینانشاڵ تایمز : لە مانگی ٥ ی ٢٠١٤ ەوە نەوتی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوەى كەناڵە فەرمییەكان و لەلایەن تۆِڕێکیى بازرگانی نادیارەوە سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت بەشێوەى پێشەكى لێ فرۆشراوە و لە نێو ئەوكەسانەدا مورتەزا لاخانی هەیە!!


بەپێی راپۆرتەکەی فاینانشاڵ تایمز، لە مانگی ٥ی ٢٠١٤ ەدا، مورتەزا لاخانی رێككەوتنی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرد بۆ بەڕێوبردنی كاروبارە لۆجستییەكانی، كەخشتەى باركردنی نەوتی ھەرێم و پەیوەندی کردن بە خاوەن کەشتییەکان و کۆمپانیاکانی بازرگانی نەوتی ڕێکدەخست!


روسنەفت و ئافاتێکی دیکە
لە ڕۆژی ٢٠١٧/٦/٢
بە ئامادەبوونی سەرۆكى حكومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرى سەرۆكى حكومەتی هەرێم و وەزیرى سامانە سروشتییەكان، لە شارى سان بترسبورگی روسیا، رێككەوتنێك لە نێوان بەڕێوبەرى جێبەجێكارى کۆمپانیایی روسنەفت و وەزیرى سامانە سروشتییەكان واژوكرا، لە سێ بواردا روسنەفت رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمى كوردستان کرد، كڕینی نەوت بەپارەى پێشوەخت بە نرخی کەمتر، راكێشانی بۆری غاز و کڕینی ٦٠٪‏ بۆری نەوت، وەبەرهێنان لە پێنج كێلگەى نەوتی هەرێم.


روسنەفت، بڕى سێ ملیار دۆلارى داوە بەهەرێمى كوردستان لەبەرامبەر بۆری و نەوت و کاری داهاتوویدا..


ئەو بۆریە نەوتەی ھی حکومەتی ھەرێم خۆی بوو لە سنوری کوردستان ٦٠٪‏ بە ١.٨ یەک ملیارو هەشت سەد دۆلار فرۆشت بە ڕوسنەفت و ئێستا کرێچی ڕوسنەفتەو تەنیا پار ساڵ ٦٤٤ ملیۆن دۆلار کرێی بۆری دراوە بە کۆمپانیاکانی ڕەسنەفت و کار....


ئەم دۆسیە ھێندە لە قازانجی ڕوسنەفت بوو ، ئامادەبوو لەم پێناوەدا ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بدات!!!


لە بەیاننامە دارییەكانی لقی سەنگافورەى كۆمپانیاى روسنەفت، كە تایبەت بە هەرێمى كوردستان دروستیكردووە، ھاتوە: كۆمپانیاى روسنەفت 250 ملیۆن دۆلار دەداتە راوێژكارێكى دەرەكى تاوەكو دڵنیا بێتەوە لەبەدەستهێنانی رێككەوتنە نەوتییەكانی لە هەرێمى كوردستان.


ئەم بڕە پارە زۆرەیە، بەهیچ شێوەیەك هی راوێژكارى نیە، بەڵكو هی ئاسانكاریە بۆكاركردن لە كوردستان، بەمەش روسنەفت قازانجێكى زۆر نائاسایی دەكات لە كوردستان بۆیە ئەم پارەیە دەدات!!


ئەم دۆسیانە بەردەوام بوو، ڕۆژ بەڕۆژ قەرزو پەیوەستە داراییەکانی سەر ھەرێم زیادیکرد، داھاتی کۆمپانیای خزمەتگوازی نەوت و سکویریتی بەرپرسان ھەر زیادی دەکرد! تەنیا ئەو پارەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە درایە کۆمپانیای وزەی تورکی ٤٩٤ ملیۆن دۆلاربوو!
ساڵانە نزیکەی ١٦٠ ملیۆن دۆلار دەدرایە کۆمپانیای سکویرتی بەرپرسان.....
٣٠٪‏ کۆی داھاتی نەوتدرایە کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێنانی نەوت!!


ئەنجامی ئافاتی بەناو " ئابوری سەربەخۆ"
تەنیا لە کابینەی ھەشتەم ٣٦ موچە پاشەکەوتکرا! ٨ موچە ھەر نەدرا! لەم کابینە ٣ موچە نەدرا و سێ موچەش بەلێبڕینەوە!!
٢٨ ملیار دۆلار قەرزو پەیوەستبوون ھاتوەتە سەر ھەرێمی کوردستان!!
تاوەکو سەرەتای ٢٠٢٠ بە بڕی ٣ ملیارو ٤٤١ ملیۆن دۆلار نەوتی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ ...... دواتر فرۆشراوە، لەم چەند مانگەی دوایدا بڕی ئەم پەیوەستبوونە گەشتە ٤ ملیار دۆلار!!!
ئابوری سەربەخۆ، گرفتی گەورەی بێ موچەی دروستکرد!


قەرزێکی زۆری ھێناوەتە سەر ھەرێم! بۆری نەوت و نەوتی ساڵانی ئایندەش فرۆشراوە! ئێستاش ڕێگرە لەوەی ھەرێم بتوانێت ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق بکات و مەترسی لەسەر موچەی ٢٠٢١ دروستکردوە!!


364 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations