ترەمپ فەرمان بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان دەردەکات

16.11.2020

لڤین:

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (پنتاگۆن) ئاگاداریه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌كانی له‌ عێراق و ئه‌فغانستان كردوه‌، خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ كشانه‌وه‌ و گەڕانەوە بۆ وڵاته‌كه‌یان.

میدیاكانی ئه‌مریكا بڵاویانكرده‌وه‌، كۆشكی سپی و وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا، فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كانیان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌، ئاماده‌كاری بكه‌ن و پلانه‌كانیان رێكبخه‌ن تاوه‌كو 15ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2021، به‌مه‌به‌ستی كشانه‌وه‌ی دو هه‌زار و 500 سه‌رباز له‌ عێراق و دو هه‌زار و 500 سه‌ربازی دیكه‌ش له‌ ئه‌فغانستان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌مریكا.

له‌ئێستادا نزیكه‌ی سێ هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ عێراق و چوار هه‌زار و 500 سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ش له‌ ئه‌فغانستاندان، تاوه‌كو ئێستاش پنتاگۆن و كۆشكی سپی به‌فه‌رمی هیچ لێدوانێكیان له‌باره‌ی بڵاوكراوه‌ی میدیاكانی وڵاته‌كه‌یان نه‌خستوه‌ته‌ڕو.

پێشتر سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا رایانگه‌یاندبو، پێشبینیده‌كه‌ن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان له‌م هه‌فته‌یه‌دا فه‌رمانێك ده‌ربكات بۆ كشانه‌وه‌ی زیاتری هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان و عێراق، پێش ئه‌وه‌ی له‌ 20ی مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی 2021 پۆسته‌كه‌ی جێبهێڵێت.

كریستۆڤه‌ر میله‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا، نامه‌یه‌كی به‌ڕواڵه‌ت ناكۆك و دژ به‌یه‌كی بۆ سوپای وڵاته‌كه‌ی ره‌وانه‌كرد و رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی دژی قاعیده‌ و هێزه‌ تیرۆریستییه‌كانی پشت 11ی مانگی (ئه‌یلول) به‌رده‌وام بێت.

راشیگه‌یاند"ئه‌م جه‌نگه‌ كۆتایی پێنه‌هاتوه‌، ئێمه‌ خه‌ریكن قاعیده‌ و هاوكاره‌كانی ده‌به‌زێنین، به‌ڵام ده‌بێت خۆمان له‌ هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی پێشومان به‌دور بگرین به‌تایبه‌ت له‌ شكستنه‌هێنانی شه‌ڕی كۆتایی، ئه‌م جه‌نگه‌ زۆر درێژه‌، قوربانیه‌كانمان زۆر گه‌وره‌ بون و زۆر له‌ جه‌نگ بێزار بون، من یه‌كێكم له‌وان".

میله‌ر وتی"ده‌بێت هه‌مو جه‌نگه‌كان كۆتایی پێبێت ، كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕه‌كان پێویستی به‌ سازان و هاوبه‌شی هه‌یه‌ ، ئێمه‌ ڕوبه‌ڕوی به‌ره‌نگاری یی بوینه‌وه‌ ، هه‌رچیمان هه‌یه‌ داومانپێ ئێستا، كاتی ئه‌وه‌ بو بچینه‌وه‌ ماڵه‌وه"‌.

555 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations