لڤین ناوەڕۆكی نوێترین دیداری مەزڵوم كۆبانێ بڵاودەكاتەوە

10.11.2020

لڤین: 
فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان پارتی و پەكەكە، لەگەڵ یەكێتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی كردووە و هیوای زۆریشی بە ئیدارەی نوێی ئەمریكا هەیە. 


مەزڵوم كوبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی ناسراو بە (هەسەدە) لە چاوپێكەوتنێكیدا كە ماوەی نزیكەی كاتژمێرێكی خاندووە لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدراوە باس لە چەند تەوەرێكی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهان دەكات و ئاشكرای دەكات ئەوان لە نێوان پەكەكە و پارتیدا نابنە لایەنگر. 
كوبانێ لەو دیدارەیدا دەڵێت "ئێمە گەشبینین بە ئیدارەی نوێی ئەمریكا لە ڕاستیدا ئەوان بۆ ئێمە ئەوەندە نوێ نین كاتێك لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانی جیهانیدا پێكەوە شەڕمان دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەستپێكرد، هەمان تیم تاڕادەیەك لە جێی خۆی بوو. ئەوان لێرە فەرمانداری دۆخەكەن".

ئەو باسی لەوە كرد ئێستا هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەتوانین داعش لەژێر كۆنترۆڵی خۆیان بهێڵینەوە، بەڵام ناتوانن كۆتایی پێبێنین و دەشڵێت: پێشبینیی ئێمە لە ئیدارەی بایدن ئەوەیە كە لێرە هێزی هاوپەیمانان بپارێزێت تا ئەو كاتەی چارەسەرییەكی سیاسی بۆ ڕۆژئاوا و بۆ تەواوی سووریا بە سروشتی خۆی پێكدێت و پەیوەندییە سەربازییەكانی ئێمە لەگەڵ ئەمریكا زۆر باشە، بەڵام پەیوەندییە سیاسییەكانمان بە كەم دەزانین سەرەڕای هەموو هەوڵەكانمان نەچوینە ئاستی خواستراو. 

ئەو لەباریە ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەوڵدانی لایەنە كوردیەكان دەكات بۆ دابڕینی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت "هەموو كەس لێرە هاوڕایە لەسەر ئەوەی كە پێویستە رۆژئاوا لەلایەن كوردانی سوریاوە بەڕێوەببرێت و پێویستە یەكبوونی خاكی سوریا بپارێزرێت لە رادەیەك لەسەر ئەوە رێكەوتوون كە هەر بەڕێوەبەرایەتییەك لە رۆژئاوا بە تەنیا لە لایەن كوردی سوریا پێك بێت، هەموو ئەو بڕیارانەی كە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە داویانە پێویستە بە تەنها لەلایەن كوردی سوریا وە دەربكرێت.

كۆبانێ لەبارەی دەستێوەردانی لایەنە كوردیەكان لە كاروباری رۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، وەك هێزەكانی سووریای دیموكراتی، وەك بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوا - ئێمە ڕەتی دەكەینەوە چ پشتگیری یان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان لێدوان بدەین هەمان شت بەسەر پەكەكەدا جێبەجێ دەكرێت ئەوە بنەمای بنچینەیی ئێمەیە بە هەمان شێوە ئێمە لە دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكین لە ڕۆژئاوا هەموومان لەسەر ئەمە هاوڕاین.

فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاشكرایدەكات رووسەكان هانیان دەدەن بۆ ئەوەی ئاشتی لەگەڵ ڕژێم دروست بكەن بەڵام ئەوان "چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە گوشارێكی زیاتر بخەنە سەر ڕژێم لە هەموو بارێكدا بە گشتی ڕژێم ئامادە نییە چارەسەری بكات. ئەمە بەسەر تەواوی سوریادا جێبەجێ دەكرێت متمانە بەخۆبوونی نییە ئامادە نییە چارەسەری دیموكراتی هەبێت بە تایبەتی نەیتوانیووە كە عەقڵییەتی بەعس بگۆڕێت كاتێك دێتە سەر كورد لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامدا لەگەڵ ڕژێمداین چونكە شان بە شانی یەك دەژین و ڕوبەڕووی كێشەی ئاساییشی هاوبەش دەبینەوە". 

مەزڵوم ئاشكرایشیدەكات هەریەكە لە ئێران و سوریا كار لەسەر ئەوە دەكەن ناۆكی لە نێوان عەشیرەتە عەرەبەكان و ئیدارەی خۆسەری دروست بكەن بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو ناكۆكیە دروست بكەن.

ئەو لەبارەی پەرەسەندنی ناكۆكی نێوان پارتی و پەكەكە ئاشكرای دەكات زیانی بۆ رۆژئاوای كوردستان دەبێت لەبەر ئەوەی هەردوو لایەنەكە كاریگەریان بەسەر رۆژئاوای كوردستانەوە هەیە و كاریگەری لەسەر گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسیەكانی رۆژئاواش دەبێت دەشڵێَت "بۆیە هەموو كارو چالاكیەكانمان بۆ كەمكردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانە چڕتر دەكەینەوە ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەكان لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قسە دەكەین،  هەروەها لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی دەكەین، ئەو شەڕە بەشێوەیەكە نەك تەنیا بۆ سەر ڕۆژڤا بەڵكو بۆ هەموو كوردان زیان بە خۆی بگەیەنێت".

ئەو لەبارەی هۆكاری دروستبوونی ئەو ئاڵۆزیانە دەڵێت تەنها یەك هۆكاری هەیە ئەویش توركیایە روونیشیدەكاتەوە لەو شەڕەدا "هیچ شتێك نییە بەدەست بهێنرێ هەردوولا بەردەوام دەڵێن دژی شەڕی كوردن من لەگەڵ هەردوولادا بە باشی ئاشنام گوێبگرە، ئەوان لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا هیچ شەرێكی ڕاستەقینەیان نەبوو هیچ جیاوازیەكی جدی لە نێوانیاندا نییە. بۆیە من زەحمەتی دەبینم لە تێگەیشتن لە دۆخی ئێستا ئەم دۆخەش لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزەكانی دەرەوەدایە ئەنجامی ئەو پرۆسە سەربازییانەی توركیایە كەلەدژی پەكەكە لە باشوری كوردستان دەستی پێكردووە". 

ئەو گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسیەكانی رۆژئاوای كوردستان بە گرنگ دەبینێت و پێیوایە هەموو لایەنە كوردییە جیاوازەكان پێكەوە كار بكەن، كاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا دەبێت بۆ مانەوەی ئەمریكیەكانیش لە ناوچەكە كاریگەر دەبێت. 

ئەو ژەنەڕاڵە كوردە روونیدەكاتەوە  (لەژێر ئیدارەی ترامپ)دا، ئەردۆغان بۆشاییەكی دۆزیەوە خۆی سەپاند لە ناوچەكەدا، ئیدارەی نوێی ئەمریكا بژاردەكانی توركیا كەم دەكاتەوە بۆ هێرشكردنە سەر ئیدارەی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاهەرچەندە ناتوانین بڵێین كە چانسی توركیا بۆ سەر گرتنی هێرشێكی نوێی سەربازی لە دژی ڕۆژئاوا سفرە. 

ئەو ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە گەڵ توركیا بكەن بۆ ئەوەش مەرجی خۆیان هەیە و دەڵێت، نیازەكانمان كراوە و ڕوونن ئێمە ئاشتیمان دەوێت ئێمە سەقامگیریمان دەوێت ئەگەر توركیا ئامادە بێت بە چارەسەرییەكی ڕاستەقینە بە مەرجی ناوچەداگیركراوەكان ئامادەی گفتوگۆ دەبن. 

كۆبانێ باس لەوە دەكات كە  پەكەكە لە شەڕی دژی تیرۆردا لە ڕۆژئاوا دا قوربانی گەورەیداوە كەس ناتوانێت ئەمە بنپێ بكات پەكەكە هەمیشە بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی ڕۆژئاوا دەكات. گرفتیان بۆ دروست ناكات بە پێچەوانەوە هەمیشە ئاسانكاری بۆدەكات. دەشڵێت پێش ئەوەی ئەوان ناوبژیوانی پەكەكە و توركیا بكەن "سەرەتا پێویستمان بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان خۆمان و توركیا هەیە. ئەگەر بەڕاستی ئێمە دەتوانین دیالۆگێك لەگەڵ توركیا بەدیبێنین كە كاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاوا دەبێت ، ئەگەریش توركیا سیاسەتەكانی ئێستای بگۆڕێ ، ئەوە كاریگەری ئەرێنی لەسەر كێشەكانی توركیا لەگەڵ PKK دەبێت. لە وەها هەلومەرجێكدا هەموو كارو و بارەكانمان بۆ ئەوە دەبێت كە بەشداری بكەین لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان توركیا و پەكەكە بۆ چی نا?".

ئەو لەبارەی رێكەوتنە نەوتیەكەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكە روونیدەكاتەوە "قسەكردن لەنێوان كۆمپانیای نەوتی ئەمریكا دەلتا كریسسنت و حكومەتی هەرێمی كوردستان (بۆ بەبازاڕكردنی نەوت) بەردەوامە. من لەو باوەڕەدام كە ئەوان بە هۆی مەرجەكان، بە هۆی نرخەوە بە هێواشی پێش دەكەون . بەڵام من باوەڕم وایە ئەمانە سەردەكەون". 

1155 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations