سزای قامچیی دوو تۆمەتبار لەبەر چاوی خەڵك لە ئێران جێبەجێ كرا

09.11.2020

لڤین: 
سزای قامچیی دوو تۆمەتبار بە دزی لە شاری (گوڵبەهار)ی پارێزگای خۆراسانی ئێران لەبەر چاوی خەڵك جێبەجێ كرا. ئەو دوو كەسە تۆمەتبار بوون بەوەی بە ماتۆرسكیل دزییان لە ژنێك كردووە و توندوتیژییان بەرامبەری ئەنجامداوە.


ئاژانسی ئیرنا راشیگەیاند، یەك لەو دوو گەنجە هەر لە شوێنی ڕووداوەكە دەستبەسەركراوە و ئەوی دیكەش پاش ماوەیەك دۆزراوەتەوە و ڕادەستی دەزگای داد كراوە، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای سزادانی شاری گوڵبەهارەوە بە بەندكران و قامچی سزادرابوون كە سزای قامچییەكەیان دوێنێ لەبەر چاوی خەڵك جێبەجێ كرا.

ئێران یەكێكەوە لەو وڵاتانەی كە هێشتا سزای قامچی تێدا جێبەجێ دەكرێت، پەیمانی نێودەوڵەتی مەدەنی و سیاسی كە ئەو جۆرە سزایانەی قەدەغە كردووە ئێرانیش واژۆی كردووە بەڵام پێوەی پابەند نیە.

725 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations