لە نێوان بێلایەنی و چەواشەکاریدا

05.11.2020

لڤین: وەرگیراوە لە هەژماری شەماڵ بەشیری

شەڕی نێوان پەکەکە و پدک-ئێراق رۆژ بە رۆژ نزیک دەبێتەوە. لێرەدا گرینگە کە هەموومان دەنگمان لە دژی شەڕ بکەینە یەک. بەڵام دژایەتی شەڕ نایەتە واتای بەیەک چاو تەماشاکردنی هەڵوێستی هەر دوو لایەنی پەیوەندیدار واتە پەکەکە و پدک- ئێراق.

بۆ پێشگرتن لە شەڕ و هەوڵی دامرکاندنی شەڕ، پێویستە سەرەتا خوێندنەوەیەکمان بۆ دۆخی لایەنەکانی بەشداربووی شەر هەبێت. ئەو خوێندنەوەیەش دەبێت لەسەر بنەمای چەند پێوانەیەک بێت. با کورد شەڕی کورد نەکات نەک هەر پێوانە نییە بەڵکوو خۆ گێل کردنە لە شەڕ. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کوردبوون بنەمای سیاسەتی کوردی پێکناهێنێت. بنەمای سیاسەت بەرژەوەندیە. هەر دووک لایەنی پەکەکە و پدک-ئێراق لە شەڕدا خاوەن دوو بەرژەوەندی و دژبەرژەوەندی لە یەک جیاوازن .

بەڵام چۆن پێوانەکانمان دابڕێژین:
١. ئایا پەکەکە هێزی جوڵاندووە و دەیهەوێت جوگرافیایەکی نوێی داگیربکات کە بۆتە مەترسی بۆسەر پدک؟
٢. ئایا پدک هێزی جولاندوە و دەیهەوێت جوگرافیایەکی نوێ داگیربکات کە کە بۆتە مەترسی بۆسەر پەکەکە؟
٣. ئایا پەکەکە لە هاوپەیمانییەکدایە کە شەڕ لە دژی پدک وەک پێویستی دەبینێت؟
٤. ئایا پدک لە هاوپەیمانییەکدایە کە شەڕ لە دژی پەکەکە وەک پێویستی دەبینێت؟
٥. ئاوانتاژەکانی پەکەکە لە شەڕێکی ئاوهادا چن؟
٦. ئاوانتاژەکانی پدک لە شەڕێکی ئاوهادا چن؟

وەڵامەکان:
١. پەکەکە هەتا ئێستاکە هێزی نەجووڵاندوە و هێزەکانی لەو شوێنانەن کە لە بیست بۆ سی ساڵی رابردوودا لەوێ جێگیربوونە. کەواتە پەکەکە مەترسییەکی نوێی بۆ سەر پدک-ئێراق ساز نەکردوە.

٢. پدک هێزی جولاندوە. هێزەکانی گولان، یەکەی هەشتا و پێشمەرگەی رۆژ بۆ هەرێمەکانی گارە جووڵەیان پێکراوە. بەو شێوەیە پەکەکە رووبەڕووی هێرش بۆتەوە.

٣. پەکەکە لە هیچ هاوپەیمانییەکدانییە کە شەڕ لە دژی پدک لەم قۆناخەدا لە بەرژەوەندی خۆیدا ببینێت. پەکەکە گرفتاری دۆخی رۆژئاوا و باکووری کوردستانە. لەو چوارچێوەیەدا ئامادە نییە هیچ جەبهەیەکی نوێ بۆ شەڕ بکاتەوە، چوونکە ئەمە بۆ لاوازی خۆی لە باکوور و رۆژئاوا دەبینێت. لەو چواچێوەیەدا پەکەکە تەنانەت پەژاکی مەجبووری راگرتنی شەڕ لە دژی ئێران کردوە بۆ ئەوەیکە زەختەکان کەم بکاتەوە. کەواتە پەکەکە لەم دۆخەدا شەر لە بەرژەوەندی خۆیدا نابینێت. هەر بۆیە بانگەوازی راگرتنی شەڕ دەکات.

٤. پدک لە هاوپەیمانی دەگەل ئاکەپە-مەهەپە دایە. ئەو لایەنانە پێویستییان بە شەڕێکی ناوخۆیی لە هەرێمی باشووری کوردستان هەیە. ئامانج لەو شەڕ ئەوەیە کە بەرەی شەڕ لە دژی پەکەکە بەرفراوان بکەن و هاوکات هێزی نوێ لەژێر ناوی هێزی پاراستنی ئاشتی رەوانەی باشووری بکەن.

٥. ئاوانتاژەکانی پەکەکە رای گشتی باشووری کوردستانە. خەڵک لە باشووری کوردستان لە شەڕ بێزارە. هاوکات دەسەڵاتی پدک-ئێراق هیچ پشتگیرییەکی جەماوەری بۆ شەڕ نییە. ئاوانتاژێکی دیکەی پەکەکە ئەوەیە کە پەکەکە لە جوگرفیای خۆیدایە و لەو شوێنەش خۆی باش رێکخستووە.

٦. دێزئاوانتاژەکانی پدک لە ئاوانتاژەکانی زۆرترن. پدک رایگشتی کوردستانی دەگەل نییە. هەموو هێزی پێشمەرگەی دەگەل نییە. هاوکات شەڕ لە هەرێمی خۆیدا ناکات بەڵکو لەشکەرکێشی بۆ هەرێمێک دەکات کە تێیدا حاکم نییە. تەنها ئاوانتاژی پدک ئەوەیە کە لە ئەگەری سازبوونی شەڕدا، فرۆکەکانی ئێف ١٦ و فرۆکەی بێ فرۆکەوانی بایراکداری تورکی پشتگیری ئاسمانی پدک لە شەڕدا بکەن. لەو حاڵەتەدا لەوانەیە پدک چەند تەپە و تەپۆڵکەیەک بگرێت. بەڵام ئەمە زەمینەی سازبوونی نارەزایەتی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە. بەتایبەت لە دۆخێکدا کە رەوشی ئابووری هەرێم خراپە و هەر وەک دەزانرێت، شەڕ مەسرەفی زۆری دەوێت.ئەو پرسیارەی لێرەدا بۆ خەڵک ساز دەبێت ئەوەیە، حکومەتی هەرێم کە لە قەیرانی ئابووریدایە، پارەی شەڕ لە دژی پەکەکە لە کوێ دێنێت؟

ئامانج لەم پرسیار و وەڵامانە ئەوەیە کە ناتوانین بە یەک چاو تەماشای لایەنەکانی بەشداربووی شەڕ بکەین. دەگەڵ بەرزکردنەوەی دەنگی نا بۆ شەڕ دەبێت لایەنی هێرشبەر و شەڕ فرۆش مەحکووم بکرێت و داوای پاشەکشەی هێزەکانی لێ بکرێت. ئەمە تەنها رێگا بۆ رێگریکردن لە شەڕە. دەنا بە یەک چاو تەماشای هێزەکانکردن، لایەنی هێرشبەر هان دەدات کە بەردەوام بێت لە هێرشکردنەکەیدا.

761 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations