كازمی: هەڵبژاردن لەو كاتەی دیاریمانكردووە ئەنجام دەدرێت

24.10.2020

لڤین: 
سەرۆك وەزیرانی عێراق وتارێكی نویی بڵاوكردەوە و رایگەیاند لە رۆژی 6.6.2021 خۆپیشاندان لە وڵاتدا دەكرێت و داوایەكیشی لە خۆپیشاندەران كرد. 


مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا رایگەیاند "بەبێ هیچ ناڕەزاییەك شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتومان دیاریكردووە بۆ رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پابەندین بەو وادەیەی دیاریمانكردووە".  

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی "كارمانكردووە بۆئەوەی كۆمسیۆن ئامادەكاری تەواوبكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریكراوە، بۆ زیاتركردنی گرنتی شەفافیەت و دوور لە ساختەكاری داوامان لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە چاودێری هەڵبژاردنەكە بكەن". 

ئەو لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، شۆڕشی خۆپیشاندانەكان بەبیردەهێنینەوە كە گەل مافی رەوای خۆی هەیە، دەنگێكی روون و هەڵوێستێكی ئازایانەیە، ئەركی حكومەت گوێگرتنە لە دەنگی گەلەكەی، بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران فەرمانی توندمان دەركردووە و داواشیان لێدەكەین، هۆشیار بن لە دژی ئەو هەوڵانەی كە لەلایەن كەسانی تێكدەر و شكستخواردوەوە دەدرێن.

باسی لەوەشكرد، خواست بۆ گۆڕانكاری سیاسی لە راستی سندوقەكانی دەنگداندا ڕەنگی دەداتەوە، هیچ نوێنەرایەتییەكی سیاسی شەرعی نییە تەنها لە ڕێگەی هەڵبژاردن نەبێت، دەزگا ئەمنییەكانیش نوێنەرایەتی دەوڵەت دەكەن نەك هیچ لایەنێكی سیاسی، گرەنتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی دوور لەساختەكاریش دەكەین.

بەبیری هێنایەوەكە بەڵێنیانداوە راستیەكانی ڕووداوە ئازاربەخشەكانی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئاشكرابكەین و كردوشیانە سەرەڕای گومانی هەندێك لە موزایەدچیەكان و هەندێكجار ئاستەنگی ڕەشخوازان لێرەو لەوێ.

لەبارەیدۆخی ئابوری عێراقیش، كازمی رایگەیاند، لەسەرەتای دەستبەكاربوونمان دۆسیەیەكی ئابوریمان بۆ هات كە بارگرانی زۆری لەسەر دروستكردین، ئەو دۆخە لەئەنجامی سیاسەتە هەڵەكان و خەزێنەیەكی بەتاڵ بوو بەهۆی نەبوونی ستراتیژی ئابوری و وابەستەیی تەواو بە نەوتەوە لەرابردوودا، بەڵام ئێمە پێداویستیە سەرەتاییەكانی وڵاتمان دابین كرد و وەرەقەی سپی پڕ لە ئاواتمان هێنایە پێشەوە.

ئەوەشی ئاشكراكرد، لەرێگەی وەرەقەی سپیەوە چارەسەری درێژخایەن بۆ داڕوخانەكانی ئابوری دابیندەكرێت، هەروەها لەو رێگەیەوە پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی نەتەوەیی و وەبەرهێنان دەدرێت، ئێمە بۆ جێبەجێكردنی ئەو وەرەقەیە رێكاری جدیمان دەستپێكردوە.
سەبارەت بەگەندەڵیش، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەنگاوی گەورەمان دژی گەندەڵی گرتوەتەبەر و لەئێستاشدا زیاتر لە 30 دۆسیەی گەورەی گەندەڵیمان لەژێر دەستدایە و بە یاسا رێگریان لێدەكەین.


144 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations