حەشدی شەعبی هێزێكی 500 كەسی لە كەركوك دروستكرد

24.10.2020

لڤین: 
حەشدی شەعبی بەناوی هێزی ئەبومەهدی موهەندیس هێزێكی 500 كەسی لە كەركوك پێكهێنا كە ماوەی سێ مانگ مەشق و راهینانیان پێكراوە. 


بەگوێرەی هەواڵێكی كەركوك ناو، ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەكەم مەراسیمی دەستبەكاربونی ئەو هێزە لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك ئەنجامدراوە  بڕیارە هێزەكە لەكاتی روداوە لەناكاوەكاندا لە شاری كەركوك بجوڵێندرێن. 

ئەبورەزا نەجار، فەرماندەی میحوەری باكوری هێزەكانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند "ئەبومەهدی موهەندس بایەخێكی زۆری بە پارێزگای كەركوك داوە، ناوبراو دەرچوی قوتابخەی ئایینی ئەهلی بەیت بوو كە زۆربەی كارەكانی لە هاوڕێ قاسم سولەیمانی فێر بوو بوو، بۆیە بڕیارماندا كە ئەم سەربازگەیە تایبەت بكەین بەناوی ئەوەوە".

جەودەت عەسافی، لێپرسراوی راگەیاندنی میحوەری باكوری حەشدی شەعبی، ئاشكرای كرد هێزەكە لە 500 سەرباز پێكهاتووە و سێ مانگ مەشق و راهێنانیان پێكراوە، خەڵكی پارێزگای كەركوكن و لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان پێكهاتون. 

ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حە‌شدی بوو، بەرەبەیانی 3ی كانونی دووەم، لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لە بۆردومانێكی ئەمریكادا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كوژران.


359 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations